هۆشیاری عەبدولعەزیز

ئەگەر كەمێك بەدیقەت تر لە مێژووی دروستبوونی سیستەمی سەرمایەداری، و گەورەبوونی هەژموونی دەسەڵاتی ئەم سیستەمە لەچوارچێوەی هێزێكی ئابووری گەورەوزەبەلاحدا بڕوانین  كەلەشێوەی ڕژێمێكی سیستماتیك وڕێكخراودا،دەسەڵاتی خۆی بەسەر بازاڕ و پرۆسەی ئابوریدا سەپاندوە ، دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە ئەم سیستەمە سەرەڕای گەشەی خەبات و داخوازیی دادپەروەرانە و سەرهەڵدانی بەرینی ناڕەزایەتی جەماوەری و كرێكاری لە دژی نادادپەروەریەكانی ، بەردەوام لە بازنە و چوارچێوەی شكست و دەستەوەستانی خۆیدایە و نەیتوانیوە بەشێوەیەكی بابەتیانە كار لەسەر چارەسەری قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگا بكات  و ببێتە ئەو مینبەرە گرنگەی كە هێز و ڕەوتە سەرمایەدارەكانی دنیای مرۆڤایەتی بانگەشەی بۆ دەكەن و بگرە هەمیشە كەلەبەرە چینایەتیەكانی قوڵتر كردۆتەوە و بوەتە چەتەی بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی كۆمەڵگای بەشەری و بێشەرمانە باڵادەستی خۆی نواندوە 

لە ئێستاشدا نیولیبرالیزم وەك خەڵتەی سیماكانی سەرمایەداری تازە درێژە پێدەری هەمان ڕەوتی كاركردن و پێناسەی ئەو پڕۆژە شەرمهێنەرەی سیستەمی سەرمایەداریە و كار لە سەر شێواندنی ڕەوشی كۆمەڵایەتی و ئابوری بازاڕ و  بڵاوكردنەوەی بێكاری و نەبوونی كاری شایستەی چینی كرێكاران دەكات وكۆمەڵگای ڕووبەڕووی دۆخێكی ناهەمواری ئابوری و ناسەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی كردوە و بوەتە هۆكاری مەترسی بەسەر ژیانی  خەڵكەوە، واتا نیولیبرالیزم وەك پڕۆژەی نوێی سیستەمی سەرمایەداری دەست بەسەراگرتنی بازاڕ و قۆرخكردنی تەواوی جومگەكانی ئابوری دەكاتە ئامانج وبەلاشێوە گرنگ نیە دەرهاوێشتە و لێكەوتە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی چ زیانێكی لێدەكەوێتەوە ، چونكە ئەو لە ڕێڕەوی خۆیدا  زیاتر پشت بەم میكانیزمە دەبەستێ و لەو ڕێگەیەشەوە  هەوڵی كەمكردنەوەی كرێی كار و هەڵوەشاندنەوەی سەندیكاكانی كرێكاران و پەراوێزخستنی مافی كرێكاران دەدات و دەست وەردەداتە هەموو جوڵەیەكی سەرمایە و بازاڕو خزمەتگوزاریی و ڕێكخستنی نرخ و گواستنەوەی شمك و ژیانی كۆمەڵگاوە و دەیەوێ ڕۆڵی سەرەكی هەبێ لە ئابوری بازاڕ و پرۆسەی ئیدارەدانی كۆمەڵگادا  

دیارە كوردستانیش كە بەشێكی دانەبڕاوی ئەو دۆخەیە و لە سایەی سێستەمی نیولێبرالیزمی جیهانیدا بوەتە كۆمەڵگایەكی داڕۆخاو شكستخواردووی هەڵئاوساوی ئابووری و بێكاری و گرانی و نەبوونی ئاسایشی كار وسەلامەتی گیانی كرێكاران و دەیان دەستە و تاقمی مافیای دزی و تاڵانی و قۆرخكاریی كە لە نێو لیتاوی دەسەڵات دا مەلەوانێ دەكەن بەرهەمهێناوە و بوونەتە نۆرمێكی باو و مۆتەكەیەكی قورس بە سەر ژیانی ڕۆژانەی چینی كرێكار و زەحمەتكێشەوە و كوردستانیان بەرەو دابەشبونێكی قوڵی چینایەتی  و چەوساندنەوەیەكی نابەرابەر بردوە و جگە لە وێرانكردنی ژینگەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و پەرتەوازە بوونی كۆمەڵگا ، بەیەكجاری ئیرادە و شكۆی خەڵكیان شكاندوە 

ئەمانە پاڵپشت بە سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و بەدەستەوەگرتنی سیاسەتی لێگرتنەوە و هەژاركردنی كرێكاران و هەڕاجكردنی كەرتی گشتی و فرۆشتنی پرۆژەو كەل و پەل و خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەباو خوێندنگەو نەخۆشخانەكان ، و ناچاركردنی جەماوەر بە پێدانی زۆرترین باج و سەرانە كار لە سەر ئیدارەدانی كۆمەڵگادەكەن ولەگەڵ ئەوەشدا باڵادەستكردنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی حزبیان بەسەر هەڵومەرجی كار و ژیانی كرێكاراندا سەپاندوە و بونەتە هۆكاری خولقاندنی دۆخێكی دژوار و مەترسیداری ناهاوسەنگ و بەپێی بەرژەوەندی و خواستی كۆمپانیا حزبیەكانیان مامەڵە دەكەن، لە بەرانبەریشدا توندترین فشاریان خستۆتە سەر توێژە هەژارەكەی كۆمەڵگا و ناچاردەكرێن خۆیان بەدوای چارەسەركردنی كێشە تایبەتەكانی خۆیاندا بگەڕێن و ملكەچی ئەو واقعە تاڵەبن تا حكومەت نەكەوێتە ژێر پرسیاری هیچ بەرپرسیارێتیەكەوە

بەكورتی ئەم دۆخە پەشێوە بارێكی دەرونی  ناتەندروستی بۆ  هاوڵاَتی كەمدرامەت و پەراوێز خراو بەگشتی و كرێكاران بەتایبەتی دروست كردووە و ڕۆژ بەڕۆژیش ئاستی بژێوی و بارودۆخی گوزەرانیان لە پاشەكشەدایە و خەریكە كۆمەڵگا بەرەو ژیانی سەرەتایی و هەژاری دواكەوتووی ملدەنێت ، دیارترین هۆكاری ئەمەش لە مەغزای ئەو بارودۆخەدا كە ئەحزابی حوكمڕان خولقاندوێتی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەندیكا و یەكێتیەكی سەربەخۆی كرێكاری كە ڕۆڵی سەرەكیی بگێڕێت لەپاراستنی مافی كرێكاران و دەستەبەركردنی بژێوی ڕۆژانەیاندا لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات و حزب  كە سەرچاوەی سەرەكی نەبوونی زەمانەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی و  بیمەی بێكاری و دابینكردنی سەلامەتی شوێنی كارو گەلێك كێشە و گرفتیترن و مەترسیەكی گەورەشن بۆ لە قاڵبدانی ژینگەی كۆمەڵایەتی و لە مێخدانی كرێكاران لە نێوان بێكاری و مافیاكانی دەسەڵاتدا 

وتاری نووسەران