
سیروان عەبدلرەحمان
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان کە پێشوەختە سەرکەوتن لە فێربوون بە هەر جۆرێکدا دیاری دەکات، متمانەیە. فێربوونی زمان یان هەر بابەتێک، وابەستەیە بە متمانە. پێویستە هەموو دەرفەتێک بدەین بە فێرخوازەکانمان بۆ پەرەپێدانی ئەم متمانەیە، یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی هاوکاریکردنمان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوەیە کە یارمەتیان بدەین بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ئەو پرۆسانەی کە لە کاتی فێربوونیاندا بەکاریدەهێنن.
وەک ماموستا، دەتوانی سود لەو بیرۆکانەی خوارەوە وەربگریت وەک بەشێک لە یارمەتی دانیت بۆ ئەوەی نیشانی فێرخوازەکانت بدەیت کە چۆن دەتوانن ڕێبازەکانیان بۆ فێربوون ڕێکبخەن، تاکو سەرکەوتنەکانیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن.
1. فێرخوازان پێویستیان بە پاڵنەرە. پێویستە خودی خۆیان بیانەوێت شتەکان فێربن. چونکە ئەگەر پێشتر بیانەوێت فێربن، ئەوە وەک پاڵنەرێکی ناوەکی وەسف دەکرێت. لەو شوێنانەی کە پاڵنەرە ناوەکییەکان کەمن، دەتوانیت هاندەری فێرخوازان بیت بە نیشاندانی ئەوەی کە چ سوودێک لە بەدەستهێنانی دەرئەنجامە فێرکارییە مەبەستدارەکانیانەوە دەبینین. ئەمەش پاڵنەرێکی دەرەکی دروست دەکات. کاتێک دەتوانی فێربوون بکە بە خۆش و سەرنجڕاکێش و پاداشت بەخش، بۆ ئەوەی پاڵنەرە دەرەکی و ناوەکییەکان بتوانن پێکەوە کاربکەن. نەبوونی متمانە بە هەڵە بە نەبوونی پاڵنەر مەزانە. بۆ نمونە بۆی رۆنبکەوە کە فێربوونی ئەو بابەتە چۆن پێدەگەنێت لەبواری بازاڕی کار و کەسایەتی.
2. فێربوون بە ئەنجامدان گرنگە. زۆربەی فێربوون کاتێک ڕوودەدات کە فێرخوازان دەربڕین بەکاربهێنن، هەوڵێک بدەن و بە هەڵەکردن و زانینی هۆکارەکە فێربن. پێویستە دڵنیا بین لەوەی کە فێرخوازان دەرفەتی زۆریان پێدەدرێت بۆ زانین و تاقیکردنەوە و کارکردن لەگەڵ زمانێکی نوێ کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت کە فێربوون بە ئەنجامدان لەسەر کاری زمانی بەسوودە بێت، واتا فێربوون بە کردارەکی و چالاکی، نەک تەنها لەسەر هەر شتێک بۆ ئەوەی فێرخوازان سەرقاڵ بن!
3. فیدباک بۆ فێرخوازان زۆر گرنگە. پێویستە بزانن لە ڕاستیدا فێربوونیان چۆن دەڕوات. لەوانەیە هەست بکەن کە لە لایەنێکی تایبەتی زمان تێگەیشتوون، بەڵام ناتوانن دڵنیا بن تاوەکو فیدباکیان پێ نەگات کە ئایا بە سەرکەوتوویی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن یان نا..؟ فیدباک لە مامۆستا زۆر بەسوودە، بەڵام مامۆستایان دەتوانن ئاسانکاری بۆ فێرخوازان بکەن بۆ وەرگرتنی فیدباک لە یەکتر، و لە جۆرەها مادەی سەرچاوەی فێربوون. هەروەها لێرەوە دەردەکەوێت کە فیدباک دەبێت لە کاتی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی سوودی هەبێت بۆ فێرخواز. هەر دواکەوتنێکی بەرچاو لە گەڕانەوەی پارچە کارێکی نووسراوی هەڵسەنگێندراو بەزۆری دەبێتە هۆی سترێس وو ناڕەحەتی! فیدباک دەکرێت بە زارەکی راستەو خۆ و بە نوسین بیت، یان بەشێوەی ناراستەوخۆ لەرێگی راستکردنەوە یان هر جۆرێکی تری فیدباک بدرێت.
4. پێویستی فێربوونی شتێک دەتوانێت نزیکەی ئەوەندە بەرهەمدار بێت کە بتەوێت فێری بیت. کاتێک فێرخوازان دەزانن بۆچی شتێک سوودی بۆیان دەبێت، تەنانەت ئەگەر بەزەحمەتیش بزانن، ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەوڵەکانیان بپارێزن تا سەرکەوتوو دەبن. واتا ناکرێت تەنها لەترسی کەوتن لەتاقی کردنەوە بخوێنن، بەلکو دەکرێت غەریزەی ناوەکی و دەرەکی بکەیت بە پالنەر و نیشانیان بدەی و لەپێناویدا بخوێنین.
5. فێرخوازان پێویستە خۆیان بەخاونی ئەو شتانە بزانن کە فێری دەبن. بەژداربین لە دانانی کورسی وانە و هەلبژاردنی پێداویستیەکان، نەوەک تەنها لەسەریان فەرز بکرێت، بەکردار هابەش بین لە پۆل، چونکە بەهایەکی سنوورداری هەیە کە تەنها بە زارەکی فێربین، یان بتوانیت شتەکان ئەنجام بدەیت بەبێ ئەوەی بزانیت بۆچی و چۆن دەبێتە بێزاری فێرخواز لەپۆلدا. هاندانی فێرخوازان بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن فێربوونیان ڕوودەدات هەنگاوێکە بەرەو یارمەتیدانیان بۆ پەرەپێدانی هەستکردن بە خاوەندارێتی لە پێشکەوتنەکانیان.
6. دەبێت ئەوە بزانیت کە فێربوون تەنها بابەتی هەڵگرتنی زانیاری زیاتر نییە، بەلکو فێربوونی سەرکەوتوو، بە تایبەت فێربوونی زمان، بریتییە لە توانای بەکارهێنانی داهێنەرانە لەو شتانەی کە فێربوون، نەک تەنها لە بارودۆخە ئاشناکاندا، بەڵکو لە چوارچێوەی نوێدا. زۆر گرنگە کە پێویستی یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ فێربوون بە هەردوو شێوازی یەک لە دوای یەک و گشتگیر لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێین کە یارمەتیان بدەین هەموو هەستەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی فێربوونیان بە باشترین شێوە بەدەست بێت
7. فێرخوازان چاوەری تۆی ماموستان تاکو ئاماژە وەربگرن کە چۆن چاوەڕوان دەکرێت فێربن لەو ڕێگایانەی کە ئێمە فێریان دەکەین. چونکە ئەگەر ئێمە تەنها سەرنجمان لەسەر دابینکردنی زانیارییان بێت، ئەوا ئەگەری زۆرە ئەوان بە سادەیی هەوڵی هەڵگرتنی ئەمە بدەن. بەلام گرینگترە ئەگەر وانەوتنەوەکەمان بە شێوەیەک دابڕێژین کە ئەوان بتوانین لە پراکتیزەکردن، جێبەجێکردن، درێژکردنەوە، بەراوردکردن، جیاوازکردن، هەڵسەنگاندن و بەشداریکردن لە پرۆسەکانی تری ئاستی باڵادا بن، ئەوا ئەگەری زۆرە ئەم پرۆسانە وەک ناوەندی فێربوونیان ببینن.
8. فێربوون بە گشتی بەهۆی هەڵسەنگاندنەوە دەجووڵێت. زۆرجار فێرخوازان تەواو ستراتیژین لە داڕشتنی فێربوونیان بۆ ئەوەی بتوانن باشترین شت بکەن لەو چوارچێوەیانەی کە فێربوونیان تێیدا هەڵدەسەنگێندرێت. دەتوانرێت شێواز و ئامرازەکانی هەڵسەنگاندن بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ داڕشتنی فێربوونیان بە شێوەیەکی کاریگەر، هەروەها بۆ پێدانی پێوەرە کاتییە گونجاوەکان کە لە چوارچێوەیدا فێربوونیان ڕێکبخەن.
9. فێربوون تەنها چالاکیەکی سەربەخۆ نییە. لە کاتێکدا کە زۆر شت دەتوانرێت فێربێت لەلایەن فێرخوازانەوە کە لەسەر خۆیان کاردەکەن، بە پەرتووک و کتێب و کەرەستەی تر وەک سەرچاوەی فێربوون، بەڵام دەتوانن زۆر شت فێربن لەرێگای قسەکردن لەگەڵ یەکتر و هەوڵدان بۆ ئەرک و چالاکییەکان بە هاوبەشی، بەتایبەت فێربوونی لە هاو- پۆل و بەکۆمەل.
10. باشتر بوون لە فێربووندا گرنگە. بۆ زۆر کەس، گرنگترین دەرئەنجامەکانی فێربوونی ئەزموونێکی پەروەردەیی ئەو دەرئەنجامانە نین کە لەسەر بنەمای مەلزەمە و تایبەتن بە کۆرسەکان، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەن کە پەیوەندییان بە توانای فێربوونی کارامەیی و لێهاتووییە نوێیەکانەوە باشترە. کارامەیی فێربوون لە گرنگترین کارامەییەکانی ژیانی گواستنەوەیە. دەتوانرێت ناوەڕۆکی خولەکە وەک ئامرازێک سەیر بکرێت کە لە ڕێگەیەوە ئەم کارامەیی گرنگانە پەرەیان پێبدرێت.
لەکۆتایی دا، دەبێت ماموستا بزانێت لە پرۆسەی فێربوون دوو بابەتی هاوتەریب هەن لەگەل یەکتر کاران، ئەوانیش هەردوو پرۆسەی؛ پێدانی زانیاری(input) و وەرگرتنەوەی زانیاری(output)، کارلێکی ئەو دوو پرۆسەش بەهۆکارەکانی فێرکردن و هەماهەنگی روودەدات لەنێوان؛ ماموستا و فێرخواز، فێر خواز و فێرخواز یان فێرخواز و پێداویستی وەک پەرتووک ..هتد. ئەوانەش لەرێگای جێ بەجێ کردنی ئەو خالانە و هەلسەنگاندنی پۆل بەدیدێن.