
مامۆستا عەبدولمەجید پەزکەندی(2021-1927)
پەروەردەکار، تێکۆشەری سیاسی و نووسەرو وەرگێڕ.
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەکەم:
٭ لە جیاتی پێشەکی:
سبەی (2023-7-30) دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا عەبدولمەجید پەزکەندی تێدەپەڕێت؛ ڕەوانشاد مامۆستایەکی تێکۆشەری ماندوو نەناس بوو، هەر لە تەمەنی گەنجییەوە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو شان بە شانی خوێندن تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە. لە سەرەتای پەنجاکانیشەوە کە بە مامۆستا دامەزراوە خەبات لە بواری پەروەردە گرێدەدات بە تێکۆشانی سیاسی و حیزبی ، چونکە سیاسەت لای شیوعییەکان پەروەردەبوو،ڕاستگۆیی بوو، خوێندنەوە بوو، ڕەوشت و بەهای مرۆڤایەتی بوو،داکۆکیکردن بوو لە یەکسانی کۆمەڵایەتی، وەستان بوو دژی چەوساندنەوەو ستەمکاری..بێگومان ئەمانە هەمووی بنەماکانی پەروەردەن .. بۆیە شیوعییەکان بە تایبەتی مامۆستاکانیان کەسانی ڕۆشنبیرو پەروەردەکاربوون ، مامۆستای سەرکەوتوو بوون، حیزبایەتیان ، تێکۆشانیان؛ زەخیرەی ڕۆشنبیری و پەروەردەیانی دەوڵەمەندتر کردوون.. مامۆستا عەبدولمەجید یەکێک بووە لەو مامۆستا پەروەردەکارو شیوعییە دڵسۆزانەی مێژووی ژیان و خەباتی پڕ بوو لە سەروەری و گەوهەری ڕۆشنبیری ، هەروەکو لەم کورتە ژیانامەیەیدا بە دوو سێ بەش دەیخەینە ڕوو..
ــ ناوی تەواوی: عەبدولمەجید ڕەشید مەعروف.
ــ لە1927-1-10 لە گوندی پەزکەندی سەر بە قەزای ناوەندی سلێمانی لە دایک بووە.
ــ پێش ئەوەی تەمەنی بووبێتە یەک ساڵ ماڵیان چۆتە ناو شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سەرشەقام نیشتەجێ بوون.
ــ لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە حوجرە چۆتە بەر خوێندن.
ــ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا چۆتە قوتابخانەی فەیسەلییە لە شاری سلێمانی.
ــ هەر سێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی1947 لە کۆلێجی ئەندازیاری لە بەغدا وەرگیراوە. بەهۆی چالاکی سیاسی و بەشداربوونی لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە زانکۆ فەسڵکراوە.
ــ لە خانەی باڵای مامۆستایان وەرگیراوە، لەوێش بەهۆی چالاکی سیاسی دوورخراوەتەوە. دواجار لە ساڵی1950 خولێکی مامۆستایانی تەواو کردووە و بووە بە مامۆستای سەرەتایی.
ــ لە ساڵی خوێندنی(1951-1950) بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی چەرمەگا دامەزراوە، بە دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیە دادەنرێت لە گوندی چەرمەگا ی پارێزگای سلێمانی.
ــ لە قوتابخانەی چەرمەگا گوازڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەی گوندی حاسڵ لە شارەزوور ، لەوێش یەکەم کەس بووە کە قوتابخانەی لەم گوندە کردۆتەوە . پاشان لە ساڵی1956 دەگوازرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی.
ــ لە1956دوای کۆچی دوایی شێخ مەحموودی حەفید، لە خۆپیشاندانەکانی داواکردن بۆ ئازادکردنی شێخ لەتیفی حەفید بەشدار بووە. بەهۆیەوە دەیگوازنەوە بۆ چوارتا ، دوایی بۆ ماوەت . تاکو ساڵی1962 لە چوارتاو ماوەت خزمەتی پرۆسەی پەروەردەی کردووە و لە خەباتی سیاسیشی بەردەوام بووە.
ــ لە (ماوەت)ەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی ، لە دوای کودەتای8 ی شوباتی1963 کە ڕەشبگیری خەڵک لەلایەن ڕژێمی بەعس و حەرەس قەومی دەستی پێکردووە، ئەویش بۆ ماوەیەک دەستگیر کراوە.