هەژار هەورامی

 

بەشی شەشەم٢

باوكت تووشی نەخۆشییە پیسەكە هاتووە ودەمرێ.

رۆژی دوواتر ..

كاتێك مندالەكانی گەڕەك بۆ تۆپێن ویاری كردن لە دەوری یەك كۆدەبنەوە ،كۆڕی كاك ... هەموو منداڵەكان تێدەگەیەنێت وبەو جۆرە بە ئەشكەنجە وئازاری دەنگۆوەوە ، منداڵەكەم دەژنەفێ كە من تووشی نەخۆشییەكەی پیس هاتوومە وڕەنگە بمرم .

كاتژمێر نزیكەی ٤ی پاش نیوەڕۆ بوو ،لە ناو هۆڵەكە خەریكی گوێگرتن لە سترانی هەواڵێ بارگرانم، هەواڵێ شوڕشوانمی شوان پەروەر بووم ، خێزانیشم خەریكی ئامادەكردنی خورد وخوراكی ڕاسپاردەی من بوو ، لە ناكاو كوڕەكەمان بە پرمەپرمی گریانەوە خوێ بە ژوورەوەدا كوتا وهەتا سەر تەختەكەی خۆی ڕانەوستا و دەستی كرد بە گریان ،گریانێكی سەخت . بە جورێك من ودایكی نەماتوانی بە ئاسانی ژیری كەینەوە ، من پێم گوت بابە گیان بۆچی دەگری مەگەر نازانی ئەگەر تۆ بگری من ودایكیشت دەگرین وئەوەش بۆ نەخۆشییەكەی من خراپە ،بابە گیان مەگەر شەو قەوڵت بە من نەدا یارمەتیم دەدەی تاكۆ زوو خۆش ببمەوە ،ئاخر تۆ نیگەران ونارەحەت بی ، بۆ منیش خراپە ، هەستەوە هەستە بزانم، بۆچی دەگریت ؟چ بووە شەڕت كردووە ؟منداڵەكان لە گەڵت بە شەڕهاتوون ؟تۆپەكەیان بردووی؟بایسكلەكەت شكاوە ؟چ بووە؟ چی؟ سەری بلێند كرد كە منی بەو حاڵە بینی زیاتر گریا و بەدەم گریانەوە وتی بابەگیان بابە نامەوێت تۆ بمری ،لە گەل كۆتایی هاتنی ڕەستەكەی ریتمی گریانەكەی گۆڕا وكەمێك هێورتر بووەوە كردی بە هەنیسك  ، دەرفەتم پەیداكرد ولە تەنیشتی ڕازام وبە لەپی دەستم ڕندۆكەكانیم سڕییەوە . بە هێوری لێم پرسی چییە بۆ وا دەگری ؟ دایكیشی هەمان پرسیاری لێ پرسی ، وتی ....كوڕی كاك ....پێی وتووم باوكت نەخۆشییە پیسەكەی  گرتووە  و زەحمەتە زۆر بمێنێت ودەمرێت ، دووبارە گریا ،  بە نەرمی لێوم خستە سەر هەنیەی و ماچم كرد ، لەسەر تەختەكەی هەڵیم ساند وبە كردیەكی كۆمێدی و پڕ لە پێكەنین ولاسایی كردنەوەی باوكی ئەو كوڕەی وا وە زاڵەی هێنابوو ،هێنامە پێكەنین. بە هۆی تێكەڵ بوونی گریان وپیكەنینەوە ،فرمێسك وچڵمەكەشی تێكەڵ بوون .دیمەنێكی جوان بوو ،لەوەتی چركە بە چركە وخولەك بەخولەك ئاگام لە گەورەبوونی ئەو كوڕەیە ، دیمەنی وا جوان ودەنگی وا خۆشم گوێ لێ نەبووبوو !باوشم پێدا كرد وتم هەستە شوورەیە نابێ بگری تۆ ئیتر پیاوی پیاو .

دەستم لە دەستی نا و پێم وت : وەرە  گرەو بكەین ، لێ پرسیم ، گرەوی چی ولە سەر چی؟ وتم من لە گەڵت گرەو دەكەم نامرم ،هەتا ژنت بۆ نەهێنم ، هەتا گەورە نەبیت ومن لە گەڵ خۆت نەبەیت بۆ سەفرە وسەیران .نامرم ،نا.

نەخۆشییە پیسەكە چییە ؟ بۆ نەخۆشی پاكمان هەیە تا ئەو پیس بێت ؟ نەخۆشی هەموویان وەك یەكن .هەندێكیان بە قوتن وهێندێكێشیان بێ هێزن . بەڵام دڵنیا بە مرۆڤ ئەگەر دەوا ودەرمان ودكتۆری پێ بگات وخۆشی بپارێزێت ،چاك دەبێتەوە ،مەگەر لە بیرت نایە ؟ تووشی كۆڕۆنا بووم وچاك بوومەوە ،ئەی لە بیرت نایە؟ كاتێك لە پرژێ دەگەڕاینەوە ،سەیارەكەمان وەرگەڕا ونەمردین ،خۆ مردن هەوەنتە نییە بە كەیفی خۆی بتكوژێ . ئەویش هۆكار وكات وشوێنی خۆی هەیە؟ لە بیرت دێت چیرۆكەكەی ڕۆبنسێن كورزۆم بۆ دەخوێندیەوە و چەندین جار لە مەرگ ڕزگاری بوو . ئەی چیرۆكی كوڕە چەوندەر فرۆشەكەت لە بیر نییە باوكیشی مرد نەگریا وكاریشی كرد وخەرجی ماڵیشی لە ئەستۆ گرت . بە هەر تەقەلا وموسیبەتێك بوو ژیرم كردەوە و تێم گەیاند كە چۆن لە گەڵ برادەرەكانی هەڵس و كەوت بكات وخۆی نەكات بە قوربانی پچەپچ وویتەویتیان وئەوەیان پێی بڵێت كە باوكم خۆش دەبێتەوە ودكتۆرەكەی وتوویەتی چاك دەبێتەوە ،چاك.

هەبوونی ئامانج وهیوا گرنگترین هۆكارن بۆ بەردەوامی ژیان.ئامانجێكی ڕەوایە كە وەك هەموو باوكەكان و وەك ئێوەی خوێنەر منیش نەمرم وناشمرم  تا كۆرە تاقانەكەم دانەمزرێنم وسەرچۆپی هەڵپەڕكێ و گۆڤەندی هاوسەرگیری هەڵ نەسووڕێنم. هەڵبەت بە پاكی و دوور لە ناپاكی .بەو هیوایە پەنجەم لە پەنجەی شێرپەنجە ناوە ،هەوڵ وتەقەلام ئەوەیە بە تەواوەتی بیبەزێنم.

وتاری نووسەران