
فەرەیدوون سامان
لە ٢٢ی نیسانی هەموو ساڵێکدا یادەوەرییەک لە کۆنەستماندا هەیە کە بە شانازییەوە بیری لێدەکەینەوە، ١٢٦ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم نۆبەرەی ڕؤژنامەگەریی کوردی تێدەپەڕێت، ڕؤژنامەیەک بە زمانی شیرینی کوردی لەو ڕؤژگارەدا خۆی لە خۆیدا مانفێستی ناسنامەی نەتەوەیەکی حاشالێکراو بوو بەرامیەر ستەمی داگیرکەرانی ستەمکاری کوردستان، زمانی کوردی ئەو چەکە کاریگەرە بوو توانی بەرپەرچی ئەو هەموو دەنگۆ نامۆیانە بداتەوە کە دوژمنەکانی دڕندانە کەوتبوونە وێزەی نەتەوەیەک، کە سەدان ساڵ بوو ڕووبەڕووی توانەوەو ئاسمیلاسیۆنیان کردبوو، ڕەگەزپەرستانی عەرەب دەیانکردە زمانی جنۆکە و دێوودرنج، فارس کردبوویانە زمانی دۆزەخ، تورکیش کردبوویانە قرتەقرت و زمانی تورکە کێوییەکان،
ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چی لە ڕؤژنامەگەریی نەتەوەکانی تر جوێ دەکرێتەوە، مەگەر زمان نەبێت، زمان کە کۆڵەگەی نەتەوەسازییە، هەر بەو بۆنەیە گەرەکمە لەو وتارەمدا لە بایەخی زمان و وەرگێڕان قسە بکەم، واتە ڕۆڵی پرۆسەیوەرگێڕان لە گەشەپێدانی زمانی هاوبەشیان یەکگرتووی کوردیدا، کە بێگومان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان زمان و پرۆسەی وەرگێڕاندا هەیە، چونکە هەر لە ڕێگای وەرگێڕانەوە دەتوانین خزمەت بە زمانەکەمان بکەین و دوور لە پەناپردنە بەر وشە و زاراوەی نامۆی بیانی، دەکارین وشەو زاراوە ڕەسەنەکانی فەرهەنگی زار و بنزارە کوردییەکان کۆوەکەین و لە دەقێکی ئەدەبی یان هەر دەقێکی زانستی، یاساییدا هتد... بەرجەستەی بکەین.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕەوشی پرۆسەی وەرگێران لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری ئەوەی کە لێشاوێکی گەرم و گوڕی وەرگێڕان لە کایە جیاوازەکانی کەلتوور و فەرهەنگی کوردیدا بەدیکرا و چەندان وەرگێری بەهرەمەند و بە سەلیقە دڵسۆزانە قۆڵی ئەفراندنی خۆیان لەو بوارەدا لێ هەڵماڵی و چەندان کتێبی ناوازە و بەهاداریان لە زمانە بیانییە زیندووەکان بەرچڤەکرد و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردییان کرد، هەر لەو سۆنگەیەشدا هزر و فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیاتی گەلانی جیهانیان بە خوێنەران ناساند، هاوکات ئەو هەموو چالاکی وەرگێڕانەش بێ کەم و کوڕی و هەڵە و بێ بەری نەبوون لە ڕەخنەیەک کە هەردەم ڕووبەڕووی پرۆسەی وەرگێڕان و خودی ئەزموونی وەرگێڕەکان بوونەوە، کە زۆرجار گلەیی ئەوە دەکرێت کە بە هۆکار و پاڵنەری بازرگانی کردن و یان دەسکەوتی پادداشتی ماددی بووە، وێڕای کەم شارەزایی و نەزانینی زمانی دووەمی و پەنابردنە بەر زمانی سێیەم و تەنانەت چوارەمیش، زۆرێک لەو کەسانەی کە خەریکی وەرگێڕان بوون، نەشارەزای زمانەکە بوون، یانیش لە زمانی دووەم دەسەڵاتدار و شارەزا بە پێچەوانەش لە زمانی یەکەم کە زمانی دایکیەتی نەشارەزا و بێدەسەڵاتن. یان زیاتر بە مەبەستی پەنابردنە بەر وشە و زاراوەی خۆماڵی یان ناوچەیی ئەو نووسەرانە کە کەمتر شارەزاییان لە زارو بنزارە کوردییەکانی تر هەبووە. دەکارین پرۆسەی وەرگێڕان بۆ سێ قۆناغ دابەش بکەین:
یەکەم: قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، کە لە ماوەی سەدەیەکدا ١٠٠ دانە کتێب لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ کوردی وەرنەگێردراون، جگە لە بەرچڤەکردنی هەندێ کتیبی ئایینی و وێژەیی نەبێت.
قۆناغی دووەم: کە لە دوای ساڵی ١٩٩١وە دەستی پێکرد، ئەگەرچی لە ڕابردوودا بەشی شێری وەرگێڕانەکان بەر کتیبە وێژەییەکان کەوتوون، بەڵام ئەو لێشاوی وەرگێڕانەی ئەویش سەبارەت بە هەبوونی چەندان داوو دەزگای کەلتووری و چاپەمەنی و خانەی وەرگێڕان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە لەچاپدانی هەزاران کتێبی جۆراوجۆر لە بوارەکانی یاسایی و زانستی و ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و مێژوویی و هتد...
قۆناغی سێیەم: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عیراق لە نیسانی ٢٠٠٣، کە شەپۆلی وەرگێڕان گەیشتە چڵەپۆپە و لەوانەش لە چاپدانی کتیبی میتۆدە پەروەردەییەکان، بەتایبەتیش (مەنهەجە پیشەییەکان- کتیبی ئامادەییە پیشەییەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی)یەکان، کە لە دوای لە ٢٠٠٣ و بە بڕیاڕێکی بە پەلەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی هاویندا لە پرۆسەیەکی قەیسەری و بێ هیچ بنەمایەکی زانستی و هونەری کتێبەکان لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی بەرچڤەکران، چونکە زۆرینەی ئەو مامۆستا پیشەییانە هەر لە بنەڕەتدا کوردیزان نەبوون تا ئەو پرۆسەی وەرگێرانە ئەنجام بدەن، مخابن کە وەرنەگێڕانی کتێبە پیشەییەکان زۆر باشتر بوو لە وەرگێڕانەکانی ئەویش سەبارەت بە هەڵەی زۆری چاپ و هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی و وشەسازی و ڕستەسازی و بەکارنەهێنانی وشەو زاراوەی گونجاو بۆ تێکستە کوردییەکان.
ئەم پرۆسەی وەرگێرانە لە هەمبەر خزمەت بە زمانی کوردیدا، تا ڕادەیەکی باشیش نەیتوانی خزمەتی بە ڕەوتی پرۆسەی وەرگێڕانی پەروەردەیی بکات، هەر بۆ نموونە لەبەردەم کێشەکانی بواری زاراوەسازی لە بواری زاراوەگەلی پیشەییەکان، هێشتا ناچار دەبین وشە بیانی و عەرەبییەکان بەکار بهێنین.
جا گەر ئاوڕێک لەو کتێبانەی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بە تایبەت کتێبە پیشەییەکان بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، بەراستی کارەساتی زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، چونکە لە بنەڕەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکان کاری پێکراوەو جێگیر بووە، سەرباری ئەوەی زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون، نەک بە زمانی کوردی، تەنانەت هیچ شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە زمانی کوردیدا نەبووە. بەتایبەتیش لە گەڕان و بەکارهێنانی وشەو زاراوەی پیشەیی و زانستی...
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدایە کە لەڕێگای خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کەلتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەردەگرین، چونکە بەداخەوە ھەرە\وەک ئاماژەم پێکرد لە بنەڕەتدا کتیبەکە پەروەردەییەکانی خوێندنی خوێندنگایەکان لە کوردستان دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەو ئامادەکراون، بۆیە دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی لە ڕووی ڕستەسازی و وشەسازیدا ھاتوون.
دیارە لەھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی هاوبەش و ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر واتاو چەمک دەگەیەنێت و چێژ بە خوێنەر دەدات،
لە بواری زاراوەگەلی زانستی و یاساییدا بە سەدان کتیب چاپکراون و لەو سۆنگەیەشدا بە سەدان وشەو زاراوە هاتۆتە ناو زمانی کوردییەوە, بەڵام خۆشبەختانە ئیستا تا ڕادەیەک لە تێکست و کۆنووسی فەرمانگە حکومی و دادوەرییەکاندا ئەم وشەو زاراوەگەلە زانستیی و کارگێریی و یاساییانە بەکار دەهێنرێن، بێگومان وێڕای لە چاپدانی چەندان کتیب و فەرهەنگی زانستیی تا ڕادەیەکی باشیش شوێنی شیاوی خۆیان لە کۆنەست و یادەوەری خوێنەراندا گرتووە.
سەبارەت بە پرۆسەی وەرگێران و سیاسەتی زمانیی لە هەرێمی کوردستاندا مخابن لە سایەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەکی فەرمی و بە پراکتیک زمانی کوردی لەتکراو دابەشکرا بۆ دوو زاری کرمانجی ژوورو کرمانجی ژێری( دەڤۆکی بادینی و سۆرانی)، چونکە بایەخی سیاسەتی زمانی بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە شەرعیەتی زمانی نەتەوەیەکەوە کرد بە زاری دوو ناوچەی سیاسی و جوگرافی...
بۆیەش بە ڕای من بایەخی داڕشتنی سیاسەتێکی دروست بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی لە ڕێگای پرۆسەی وەرگێڕانەوە لەم ڕەوشەدا دەتوانێت خزمەت بە زمانەکەمان بکات.
هەر بۆ نموونە ئەمڕۆ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لە سۆشیالمیدیادا، لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و لە چاپەمەنییەکاندا دیاردەیەکی سەیر و نامۆ بەدی دەکرێت، ئەویش بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری وەرگرتنی وشە و ناو و زاراوە بیانییەکەکانە. لە کاتێکدا تا وشەو زاراوەی خۆماڵی هەبێت کە نەتەوەی کورد لەم ڕووەوە بە دەوڵەمەندترین نەتەوەی ناوچەکە دەژمێردرێت و خاوەنی گەورەترین فەرهەنگی وشەدان و زاراوەی کوردی رەسەنە.
وەرگێڕان ھۆکارێکی گرنگە بۆ خزمەت کردنی زمانی ستانداردی هەر نەتەوەیەک، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ مخابن ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا واتا و ناواخنی دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خودی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت،
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی وشەسازی و ڕستەسازی -سینتاکس و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی درووستدا دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت.
ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قاموسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕبکات لە وشەو زاراوەی بیانی کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێڕەکان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ و ئەرکیان چییە لەجوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لەبابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لەوەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لەنووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چ بایەخێک بەخاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسڵەکە دەپارێزێو خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی مەعریفی لەناو ئێمەدا، لەکاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکراوە.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی پرۆسەی وەرگێران لە کوردستان، کتێبێکی بە ژمارە و تیراژ زۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە زۆر خراپن. من پێموایە ئەم دیاردە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری هونەری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانینی ھەردوو زمان بەس نییە، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکە بێ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێ لە تەکنیکی وەرگێڕان کارامە بێ لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێ وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، یان پەنا بباتە بەر قامووس، وەرگێڕی کارامە پێویستە بە ڕادەیەک لە هونەری وەرگێران شارەزا بێت و بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانجەکە بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت ئەوەندە لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی.
ڕاستە زمانی کوردی زمانێکی فرە زارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا کەم تا زۆر لێک جیاوازن، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورەدێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە زاری پیرمێردێک، لەدەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا بەشێوەیەکی سادەو ساکار جوانترین وشە و زاراوە پەیدا بکات، لە ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لەسایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە، بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارە کوردییەکان هەیە وەک زازاکی و کرمانجی، لەکی و هەورامی ھەیە و خەریکە بە هەوڵ و ئەجیندانی وڵاتانی دەوروبەر بە زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە بە پپلان و ئەجیندای تایبەت لە ڕێگای پرۆسەی وەرگێڕانەوە زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زاراوە و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بەزانینی زمانە بەشێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لەزمانی دایکییدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک ئەزموونی وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
ئیستا باشترین هۆکار بۆ خزمەتکردن بە زمانی کوردی دوور لە دەست تێوەردانی حیزبی و ناوچەگەریی هەبوون و دامەزراندنی ناوەندێکی کەلتووری تایبەت بە وەرگێڕان لە کوردستانە.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی وەرزی (زمان و زار)