
بیست و پێنج
لەتیف ئەمین
ناتوانین قسە لەسەر پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بکەین بەبێ ئامادەیی و بوونی مامۆستا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی پرۆسەکە. لەبەرئەوەی یەکێک لە پایە و بناغە سەرەکییەکانی پرۆسەی پەروەردە مامۆستایە، بۆیە ناچارم نووکی پێنووسەکەم بەرەو سنوور و سەرزەمینەکانی مامۆستا بخشێنم. گومانی تێدا نییە، نەخشەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان بە دەستی مامۆستاکان دەکێشرێت. بەردی بناغەی ئاییندەی کۆمەڵگەکان، هەر بە دەستی مامۆستاکان دادەنرێت. تەم و تاریکی نەزانین، بە تیشک و تریفەی هزری مامۆستایان دەڕەوێتەوە. گڕی گەشی پێشکەوتن و سەرفرازی، بە تین و تاوی مامۆستایان کڵپە دەکات. بەڵام کامە مامۆستا؟ ئەو مامۆستایەی کە ڕێکەوت و ڕۆژگار کردوویەتی بە مامۆستا؟ ئەو مامۆستایەی کە لە ناچاری بووەتە مامۆستا؟ ئەو مامۆستایەی کە هیچ ئیشێکی تری دەست نەکەوتووە، بۆیە خۆی بە دیوای قوتابخانە هەڵواسیوە؟ ئەو مامۆستایەی کە قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان هیوای نەخواستووە ببێ بە مامۆستا؟ ئەو مامۆستایەی کە ئەلفوبێی پەروەردە و ئامانجەکانی نازانێت؟ بێگومان نەخێر. ئەوەی باسمان کرد، بە مامۆستایەک دەکرێت، کە پیشەی مامۆستایەتی یەکێک بێت لە بژاردە لەپێشینە و دڵخوازەکانی خۆی. ئەوە بە مامۆستایەک دەکرێت، کە تێنوو و تامەزرۆی زانست و زانیاری بێت. مامۆستایەک دەتوانێت گۆڕانکاری بخوڵقێنێت، کە پێشتر خۆی بۆ ئامادە کردبێت، مامۆستایەک دەتوانێت کۆمەڵگە لە زەلکاوی نەزانی و قوڕی دواکەوتوویی و دەریای دەبەنگی دەربێنێت، کە خوێندەوار و ڕۆشنبیر و هۆشیار بێت. بەڵێ، ئەو مامۆستایەی کە خەون و خولیای گەورە و زۆری هەبێت، هیوا و ئومێد و گەشبینی لێ بچۆڕێت، ئەو دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێت، ئەو دەشێ گۆمی مەنگی نەزانی بشلەقێنێ، ئەو دەوێرێ ڕەگی بێئاگایی و دواکەوتوویی بقرتێنێ. لەبەرئەوەی ئێمە ڕۆژانە و بە بەردەوامی لەناو ژینواری پرۆسەکەداین، بۆیە زۆرباش ئاگاداری ڕووداوەکانین. هۆکاری چەقین و لەپێکەوتنی کۆمەڵگەکەی خۆمان لەڕووی زانستی و فێرکارییەوە، بۆ ئێمە نوێ ونامۆ نییە. زۆرینەی ئەوانەی کە دەبن بە مامۆستا، بە ویست و خۆزگە و خولیای خۆیان نەبوونەتە مامۆستا، بە هەڵبژاردنی خۆیان نەبووە، هیوا و ئاواتی لەمێژینەیان نەبووە. ئەی چۆن بوون بە مامۆستا؟
قوتابییان لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی، جا چ لە بەشی زانستی بن یان وێژەیی، کە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ نمرەی بەرز بەدەست ناهێنن، ناتوانن بچنە کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و یاسا و ئەوانە، بەناچاری و بە بێ ویست و ئارەزووی خۆیان، ناویان لە بەش و کۆلێژەکانی پەروەردە دێتەوە و دوای چوارساڵ خوێندن، دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان و دەبن بە مامۆستا. ئێ چاوەڕێی چی لەو مامۆستایە بکرێت، کە بەهۆی نمرە کەمەکەیەوە بووەتە مامۆستا، نەک بە ئاوات و ئارەزووی خۆی؟ یەکێک لە هەڵە گەورەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ڕێ بە هەموو دەرچوویەکی زانکۆ دەدات، ئەوانەی کۆلێژی پەروەردەیان تەواو کردووە، ببن بە مامۆستا! بێئەوەی بە هیچ فیلتەرێکی زانستی یان پەروەردەیی تێپەڕن. دەبێ هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەبێت سەبارەت بەو قوتابییانەی کە لە بەشەکانی کۆلێژی پەروەردە بۆ مامۆستایەتی ئامادە دەکرێن. دەبێ باشترین و بەتواناترینەکان لە کۆلێژەکانی پەروەردە وەربگیرێن. نەک تەنها نمرەی بەرز، بەڵکو تاقیکردنەوەی پێشوەختەشیان پێ بکرێت، لەڕووی کەسایەتی، زمانی جەستە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کێشەدەروونییەکان، کێشەتەندروستییەکان، ئاستی ڕۆشنبیری گشتی و ئاگایی و هۆشیاری، لە هەموو ئەمانە، لەلایەن پسپۆر و شارەزایانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. پێویستە تەتەڵە بکرێن، بژار بکرێن، بە وردی بپشکنرێن، ئینجا بۆ خوێندنی مامۆستایی وەربگیرێن. نەک ڕێ بە هەموو کەسێ بدرێ بەئاسانی و بێ مەرج و ماندووبوون ببێ بە مامۆستا. کۆلێژەکانی پەروەردەش دەبێ ئاستی پەروەردەیی و زانستی و مەعریفی قوتابی بە جۆرێک بەرز بکەنەوە و قوتابی وا پێبگەیەنن، کاتێک ببن بە مامۆستا، توانا و کاریگەری و هێزی گەورەی گۆڕانکارییان تێدابێت، نەک تەنها خوێندنی چەند بابەتێک بە سادە و سەرپێیی و بە مەلزەمە. لەڕووی پەروەردەییشەوە پێویستە وا ئامادە بکرێن، کە دواجار ببنە ڕابەر و ڕێنیشاندەر و سەرمەشقی قوتابییەکانیان بۆ پێشکەوتن. بەڵام ئێمە ڕەوشی زانکۆکانیشمان بینیوە، کە لەو ئاستەدا نین. زانکۆکانمان زۆر وێرانتر و مایەپووچترن. چونکە ئەو مامۆستایانەی کە لە قوتابخانەکان وانە دەڵێنەوە، هەر لەژێر باڵی زانکۆکان دەرهاتوون. ئەگەر لەڕووی پەروەردەییەوە باس بکەین، هەر ئەو ڕووداو و دیمەنە ناپەروەردەیی و ناپەسندانە بخەینەڕوو، لە هەژمار نایەن. مامۆستای تووڕە و تووسن و توندوتیژمان زۆر بینیوە. لە کۆلێژی پەروەردە مامۆستا هەبووە بە قوتابییەکانی خۆی دەگوت"وس بن، کە من قسەم کرد، کەس بۆی نییە قسە لەسەر قسەکانی من بکات". دیارە قسەی جەنابیان دەقی پیرۆزە!. هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی(دال و خال)ێک لەپێش ناوەکەیانە، ئەوەندە لووتبەرزن، گەر هەڵەش بکەن، دان بە هەڵەکەی خۆیاندا ناهێنن. قوتابییەک قسەی خۆی هەبوو لەسەر شیکارییەکانی مامۆستا، هەڵبەت قسەیەکی زانستی، جەنابی دکتۆر لەجیاتی ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بکات، وەکو مار لێی کیفاند و پێی هەڵشاخا. لە قۆناغی دووی کۆلێژبووین، ڕۆژێک لە وانەیەکدا بەشداریم کرد و بابەتێکم خستەڕوو، بە بەڵگەوە قسەکانی خۆمم کرد، زانیم قسەکانم پێچەوانەی قسەی مامۆستاکەمانە، بەڵام بڕوام بەخۆم هەبوو و بێ دوودڵی و شلەژان قسەی خۆمم کرد. فەخامەتی دکتۆر، لەجیاتی دەستخۆشیم لێ بکات و زیاتر هانم بدات، نەک دەستخۆشی و هاندان، بەڵکو گفتوگۆم لەگەڵدا بکات، کەچی بە تەنز و توانج و پێکەنینەوە ڕووی لە قوتابییەکان کرد و گوتی" دە فەرموو، کێشکەی ئەوساڵ دەڵێتە هی پار ئەتو نازانی جیوەجیوێ بکەی". کە لەو قۆناغ دەرچووم، ساڵی دواتر ئاگاداربووم کە هەمان قسەی منی بۆ قوتابییەکانی کردبوو.
مامۆستای لەم جۆرە و زانکۆی لەم چەشنە چیمان بۆ بەرهەم دێنن!. دەبێ پێمان سەیر نەبێ ئەگەر مامۆستا بڕوای بە گفتوگۆ و دیالۆگ و بیروڕای جیاواز و ئازادی و پێکەوەژیان نەبێت. دەبێ بەلامانەوە ئاسایی بێت، کە ببینین مامۆستایان توندوتیژی لەبەرامبەر قوتابییەکانیان بنوێنن، چونکە خۆیان قوربانین و توندوتیژییان لەبەرامبەردا کراوە!لەبەرئەوە، کێشەکە لە زانکۆکانیشە نەک تەنها لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن. کادیرە پەروەردەییەکانمان بەرهەمی زانکۆکانن.لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە، کام تیۆری جوان و باش و باڵایە، کام ڕێگای وانەگوتنەوەی پێشکەوتوو و سەردەمیانە و هاوچەرخە، بیانهێنین و بمانەوێ لەناو قوتابخانەکان جێبەجێیان بکەین، بێسوود و بێهوودە دەبێت، ئەگەر پێشوەختە مامۆستاکانمان ئامادە نەکردبێت. یەکەمین هەنگاو بۆ گۆڕانکاری، دەبێ لە پێگەیاندنی مامۆستایانەوە دەست پێ بکرێت. بەبێ ئەمە، ئەستەمە گۆڕانکاری بەدی بێت.