سەدەیەك لە  شكستی پەروەردە یان مانفێستی ڕەشبینی؟!


 سەدیق سەعید ڕواندزی


هەڵبەتە لە ماوەی سی و چوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی كوردی  و لە میانەی نۆ كابینەدا، بایەخێكی گەورە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەنگاو بە هەنگاو بە كایەی پەروەردە و فێربوون لە هەرێمی كوردستان دراوە بە تایبەتیش لە كابینەی نۆیەم كە پرسی پەروەردە، دەبێتە ئەجێندا و ستراتیژیەتێكی دوور مەودا و بەهادار لە نێو نەخشەی حوكمڕانی كابینەكەو بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەروەردە. بۆیە لە ماوەی ئەو سی و چوار ساڵەدا، چ بە گونجاندن بێت لەگەڵ پەروەردەی هاوچەرخ، چ بە سوود وەرگرتن بێت لە ئەزموونی پێشكەوتووی گەلان، هەوڵدراوە پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا مۆدێرنێزە بكرێت و  لەگەڵ پێشكەوتنە هزریی و پەروەردەیی و ژیارییەكانی سەردەم بگونجێنرێت. لە ڕاستیدا، ستاندار و و پێوەرێكی جیهانی لە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لە هەر كۆمەڵگایەك بێت دەبێ بوونی هەبێت، ئەویش پێگەیاندن و پەروەردەكردنی تاكێكی تەندروست، هوشیار، كراوە و تێگەیشتووە، كە درك بە بوون و شوناسی خۆی وەك مرۆڤ بكات و ڕوانگەیەكی مرۆییانەی بۆ پرسی بوون و ژیان و دیاردەكانی دەوروبەری هەبێت. بۆیە زۆر بە ڕاشكاوی لە سۆنگەی خوێندنەوەی سەدان كتێبی پەروەردەیی لە بارەی ئەزموونی پەروەردەی گەلان و ئەزموونی بیست و هەشت ساڵ ژیانی مامۆستایەتیم لە نێو خوێندكاران و مامۆستایان و نێوەندەكانی خوێندندا كە دوانزە ساڵیان بەڕێوەبەر بوومە، زۆر باش لەو ڕاستییە گەیشتووم ،  كە پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا، لە ڕووی ستراتیژ و میتۆدییەوە، لە ڕووی بەها باڵا نیشتمانی و مرۆیی و ژیارییەكانەوە، لە ڕووی پێگەیاندن و دروستكردنی مرۆڤێكی ڕۆشنگەر و كراوە و مۆدێرن، هیچی كەمتر نییە لە كۆی سیستەمە پەروەردەییەكانی جیهان بە وڵاتانی ئەسكەندنافیاشەوە، كە سمبولی پەروەردەی هاوچەرخ و سەردەمیانەن. تاكە جیاوازی كە هەیە لە نەبوونی توانای لۆجستی، دارایی، خزمەتگوزاری و ژێرخانی دایە، بە داخەوە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمە دەوڵەت نین. لەو سۆنگەیەوە بینینی سیستەمی پەروەردەیی ئێمە، وەك سیستەمێكی نەگۆڕ كە هەنگاوێك لە ماوەی سێ دەیەی دوای ڕاپەڕیندا نەچۆتە پێشەوە، یاخود هیچ ڕیفۆڕم و نوێگەرییەكی بە ئاراستەی سەردەمیبوون بە خۆوە نەدیوە، لە ڕاستیدا فریودان و بێ ئاگاییەكی گەورەیە و بەخشینەوەی رەِشبینی و نا ئومێدییە و خۆبواردنی بە ئەنقەستە لەو هەموو گۆڕانكارییانەی بە ئاراستەی ڕیفۆڕمی پەروەردەیی كراون. كتێبی (گۆشتەكەی بۆ ئێوە و ئێسقانەكانی بۆ من) كە تێڕوانینێكی پەروەردەییانەی پەروەردەكار و نووسەر (شێرزاد حەسەن) ە، لە كۆمەڵە وتارێكی پەروەردەیی پێكهاتووە و تیایدا نووسەر هەمان ئەو قسە و بۆچوونانە هەزار بارە دەكاتەوە، كە پەنجا ساڵە حونجەی كردوون. هەر خوێنەر و مامۆستایەك ئەو كتێبە بخوێنێتەوە، بیری بۆ ئەوە دەچێت كە ئێمە هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاست دەژین، هێشتا لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو، كە مۆدی ژن  و ژنخوازیی و نەخوێندەواریی و بینینی مەكتەب وەك جێی كافران دەژین! هێشتا ئێمە لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو دەژین، چونكە سەرتاپای كۆمەڵگاكەمان نەخوێندەوارییە. نووسەر بە جۆرێك لەو كتێبەیدا باس لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە كوردستان دەكات، وەك ئەوەی سەدەیەك بێت لە شكست دابین، بەڵام ئایا هیچ كایەیەكی ژیان هەیە، بۆ ماوەی یەك سەدە گۆڕانكاری بە خۆوە نەبینیبێت؟ نووسەر بە تاسەوە باس لەوە دەكات، كە هێشتا لە كۆمەڵگەی ئێمە كوڕان و كچان نامۆن بە یەكتری. لە قوتابخانەكاندا تێكەڵ نابن، بوێر نینە و شەرمن و گرینۆكن. باس لەوە دەكات كە قوتابخانەكانمان زیندانن و گۆڕستانی خوێندكارانن، بۆیە دەنووسێت: (وەزارەتی پەروەردەی لای خۆمان سەرگەرمی ئەنفالكردنی نەوە دوای نەوەی ئەم كاولستانە و ئۆردوگایەیە كە ناویان ناوە نیشتمان) (1)  بێگومان ناونانی وەزارەتی پەروەردە بەوەی كە نەوەكان ئەنفال دەكات لە بری ئەوەی فێریان بكات، بەر لە هەموو كەسێك ئەم نووسەرە خۆی دەخاتە بەردەم  بەرپرسیاریەتی ، چونكە ئەو زیاتر لە پەنجا ساڵ لە نێو پەروەردە دابووە، بۆ ساڵانێكی زۆر لە ڕێكخراوەكانی یۆنسكۆ و یونسێف كاری كردووە، دەیان وۆرك شۆپ و سیمپۆزمی پەروەردەیی بینیوە، بەشداری دەیان خولی كردووە، ڕاوێژكار بووە لە وەزارەتی پەروەردە، ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بووە، واتا خۆی بەشێك بووە لەو نەخشە و ستراتیژ و پلانە پەروەردەییەی هەبووە، كەواتا خۆ بواردن لێرەدا كۆمەكی ناكات خۆی بەدەر بكات لەو بەرپرسیاریەتییە ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر ئەم هەموو وێرانەیە هەبێت، خەون و پلان و هەوڵەكانی ئەو لەم بارەیەوە چیبوون؟ بۆچی ئەو هەوڵی ئەوەی نادا ئەو ڕێڕەوە ڕاست بكاتەوە، كە بە بڕوای ئەو ڕووە و تونێڵێكی تاریك بووە؟ بە قسەی ئەو، ئەم وڵاتەی ئێمە نابێتە كاولستان ! گرفتی ئەم نووسەرە لەوە دایە، چونكە خۆی لە نێو خێزانێكی ڕەشبین، نائومێد و پەتریاك گەورە بووە، ئیدی ئەو مانفێستە ڕەشبینییەی خۆی، بەردەوام بۆ نەوەكان بەیان دەكات. ئەم هەرێمەی ئێمە لە تێڕوانینی ئەودا نابینرێت. نە وڵات كاولستانە، نە وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایانیش ئەنفالكەری قوتابیانن! بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە نائومێدگەریانەوە، پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا پێشكەوتنی گەورە و مۆدێرنانەی بە خۆوە بینیوە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە پێشكەوتنی زیاترە.  نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ستەمی باوكسالاری ئێستاش لە كۆمەڵگەی كوردی ماوە، بەڵام هەرگیز وەك ئەو زەمەنە نییە، كە حەساری تێدا نووسراوە. ئێستا كچان تا بەیانی خەریكی سناپ و تیك تۆك و ڤایپەر و نامە گۆڕینەوەن. ئێستا بە جۆرێك كراوە و ئازاد و كۆمەڵایەتین، كەس ناتوانێت فشاریان لێ بكات بۆ شووكردن و كێیان مەبەست بێت ئەو هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر دژ بە خواستی خێزانەكانیشیان بێت. قوتابییە كچەكان نەك هەر ئازاد و سەربەستن، بگرە ئەوپەڕی كراوە و مۆدێرنن. لە زانكۆی ڕاپەڕین، ڕێژەی قوتابیانی كچ، دە بەرانبەری ڕێژەی قوتابیانی كوڕە! ئایا ئەمە پێشكەوتن ، كرانەوە و مۆدێرنێزە بوون نییە؟ ئیدی نازانم نووسەر چۆن باس لەوە دەكات كچان لە كۆمەڵگەی ئێمە ئێستاش لە سەر نامەیەك دەكوژرێن، نانێردرێنە بەرخوێندن، قوتابیان گرگن و ترسنۆك و شەرمنن و میز بە خۆیان دا دەكەن ؟! بەڕاست ئەمە چاوپۆشینی بە ئەنقەست نییە لەو هەموو پێشكەوتنانەی لە كوردستان لە ماوەی ئەم دوو دەیەی ڕابردوو هاتوونەتە ئاراوە؟! نووسەر لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەیدا دەنووسێت:( پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندكار پەیوەندییەكی نا ئینسانییە پەیوەندی نێوان كۆیلە و خاوەن كۆیلەیە، پەیوەندی سەردەست و بن دەستە ، مامۆستا خۆی بە خاوەنی هەموو شتێك دەزانێت ) (2) بەو پێیەی نووسەر بۆ ساڵانێكی زۆر دەچێت بە پراكتیكی وەك مامۆستایەك لە نێوەندەكانی خوێندن وانە ناڵێتەوە و  هەر ڕاوێژكار بووە، ئیدی ئاگاییەكی ئەوتۆی لە بارەی پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لەو سەردەمەدا نییە. لە سیستەمی فێربوونی ئەمڕۆی ئێمەدا، قوتابی نەك هەر سەنتەرە، بگرە زۆرجار وەك تارمایەكی ترسناكیش بەرانبەر مامۆستا دەردەكەوێت. قوتابی نەك هەر كۆیلە نییە، بەڵكو بە جۆرێك خاوەنی دەنگی ئازادانەی خۆیەتی، كە تەنانەت  بۆ مامۆستاكەشی سازش لە سەر هەڵوێست و دەنگ و بۆچوونی ناكات. مامۆستایان ئێستا نەك خاوەنی هەموو شتێك نین، بە داخەوە بگرە زۆرجار شكۆشیان لەلایەن قوتابیانی بزۆزەوە دەشكێنرێت. ئەو بۆچوونانە نەك هەر گوزارشت لە دنیای ئەمڕۆی خوێندنی ئێمە ناكەن، بگرە چارەگە سەدەیەكە هەر مانا و دەلالەتێكیشیان نەماوە. خوێندكاران ئەگەر پەنجا ساڵ لەمەو بەر وەك كۆیلە سەیر كرا بن، ئەمڕۆ خۆیان لە دایك و باوك و مامۆستاكانیان بە گەورەتریش دەزانن و بە داخەوە ڕەنگە گاڵتەشیان پێ بكەن! ئیدی نازانم چۆنە ئەو پەیوەندییە لە تێڕوانینی ئەم نووسەرە هەر وەكو خۆی ماوە و نەگۆڕاوە؟ چۆن تا ئێستا مامۆستا سەنتەرە لەكاتێكدا هەژدە ساڵە و لە دوای كۆنفڕاسی پەروەردەیی لە ساڵی دوو هەزار و حەوت، قوتابی بە سەنتەر كراوە و چەقی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، قوتابیانن و  خوڵگە سەرەكییەكە ئەوە نەك مامۆستا. ئەوەی نووسەر دەیڵێت، ڕەنگە بۆ سی ساڵ لەمەو بەر شیاوبایە، بەڵام لە ئێستادا كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بە هەموو توانا هونەریی و زانستی و لۆجستییەكانەوە ، لە خزمەت قوتابیان دایە و گۆڕانكاری وا لە بنەماكانی ئەزموون و خوێندن و نمرە و دەرچوون و وەرگرتن لە نێوەندەكانی خوێندن كراوە، كە هەموویان بۆ خزمەتی قوتابیان و لە پێنا و خەون و سوودی ئەوان دایە. ئەم قوتابییەی شێرزاد حەسەن وەسفی دەكات كە گوایا كۆیلەی مامۆستاكەیەتی، سەردەمی كۆنەخوازی پاشایەتی و سەدەكانی ناوەڕاستمان بیردێنێتەوە. نەخێر، مامۆستا خاوەن كۆیلە نییە و قوتابیان ئازاد و سەربەستن لە هەموو ڕووەكانی ژیانیانەوە، ئەمەش پەیوەستە بەو هەژموونە ژیاریی و زانستی و تەكنەلۆژییەی ژیانی كۆمەڵگەی ئێمەی دوور لە ویست و خواستمان گرتۆتەوە. نووسەر لە بەشێكی دیكەدا دەنووسێت:( ئەفسووس كە تاقیكردنەوە تا هەنووكە لە گۆڕەپانی جەنگ دەچێت و پڕە لە ترس و هەڕەشە و دڵەڕاوكێ و دیزاینی قوتابخانەكانمان وەك هی هەشتا ساڵ لەمەوبەرە ) (3) بە ڕاست هەشتا ساڵە ئێمە هەر یەك دیزاین و شێوەی ئەندازەیی لە دروستكردنی قوتابخانەكان پەیڕەو دەكەین؟  قوتابخانەكانمان هیچ هونەركاریی و ئەندازەسازییەكی تێدا نەكراوە؟ ئایا مۆدێلی باڵاخانەیەكی هەشتا ساڵ لەمەوبەر ماوە؟! من بۆ ماوەی دە ساڵ  لە نێوان ساڵانی 2009 تاكو 2019 فەرمانبەری پەروەردەی ڕواندز بووم و هەرچی ئامار و داتای پەروەردە هەبوو لە بەردەستی من بوو. لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا، سێ قوتابخانەی هەژدە پۆلی، شەش قوتابخانەی نۆ پۆلی، چەندین قوتابخانەی شەش پۆلیش دروستكران، بێ ئەوەی تەنانەت دیزایین و شێوەی ئەندازەیی یەك قوتابخانەش وەك ئەویتر بێت (4). بگرە هەموویان بەو پەڕی نوێو سەردەمیانە، بە دابینكردنی هۆڵ و یاریگای وەرزشی جۆراوجۆر دروستكران. ئیدی نازانم چۆن هەشتا ساڵە دیزاینی قوتابخانەكانمان نەگۆڕاوە؟ لەلایەكی دیكەوە تاقیكردنەوەكانی ئێستا گۆڕەپانی جەنگ نین، ئەو پەڕی ئاسانكاریی لە  ڕووی دەروونی و میتۆدییەوە بۆ قوتابیان دەكرێت تاكو لە كەشێكی هێمن و ئارام تاقیكردنەوەكانیان ئەنجام بدەن. حكومەتی هەرێم بە سەدان ملیۆن دینار تێچووی ئەزموونەكان بە تایبەتیش گشتییەكان ساڵانە لە ئەستۆ دەگرێت. بە دەیان هەزار قوتابی پۆلی دوانزە، ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان وەردەگیرێن. ئەگەر گریمان ئەزموونەكان گۆڕەپانی جەنگە وەك ئەوەی نووسەر دەیڵێت، خێرە ساڵانە ئەو هەموو قوتابییە ناتۆقێن و بە ئاسانی پۆلی دوانزە تەواو دەكەن و لە زانكۆكان وەردەگیرێن؟! ئەی ئەو هەموو زانكۆ و پەیمانگایانە چین كە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان كراونەتەوە؟ ئەی ئەگەر كچان تا ئێستاش مافیان نەبێت بخوێنن وەك ئەوەی ئەو لەو كتێبەیدا باسی دەكات، ئەو هەموو كچە جوانانە چین لە زانكۆكان دەخوێنن؟ مەگەر ئەوان لە پۆلی دوانزە و بە هۆی ئەزموونە گشتییەكانەوە نەهاتوونەتە ئەوێ؟ گرفتی نووسەر لەوەدایە هەر بە ئەقڵیەت و تێڕوانینی سەردەمی خۆی، دەڕوانێتە پرۆسەی پەروەردە لە ئێستادا و ئەو خۆی چونكە بەرهەمی ژینگەیەكی پەتریاكی و ڕەشبینانە بووە، ئیدی لەو كتێبەیدا وەك ئەوەی مانفێستی ڕەشبینی نووسیبێت وایە نەك ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردە بگرێت. گۆڕانكاری گەورە و بەرچاو لە كایەی پەروەردەیی ئێمە هاتوونەتە ئاراوە ، دەبێ نووسەر بیانبینێت. ئێستا ئەو سەردەمە نییە كە ئەو تیایدا قوتابی بووە، ئێستا ئەو سەردەمە نییە كە ئەو حەساری تێدا نووسیوە، بە پێچەوانەوە ئێستا سەردەمی ڕیفۆرم و نوێكارییە لە پەروەردە و زۆر شت كراوە و ئومێدیشمان بە خاك و حكومەت و پێشمەرگە هەیە، كە زۆرشتی تریش بكرێت. دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم كە بەشێك لە وتارەكانی نێو ئەم كتێبە، گەرچی مێژووی نووسینیان بۆ دە ساڵێك لەمەو بەر دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرلە نوێ چاپكردنەوەیان لەو كتێبەدا، بێ گۆڕانكاریی لە ئایدیا و تێڕوانینی نووسەر خۆی و لە بەرچاوگرتنی ئەو هەموو گۆڕانكارییە پەروەردەیانە، خۆی لە خۆیدا مانای وایە كە نووسەر هێشتا بە هەمان دنیابینی و تێڕوانینی ئەو كات پرۆسەی پەروەردە لە هەرێم دەبینێت كە ئەمەش هەڵەیە و دەبێ ڕاست بكرێتەوە. ئەم كتێبە، هیچ بەهایەكی پەروەردەیی، زانستی، فێركاریی وكۆمەڵایەتی و نیشتمانی نییە، بەڵكو مانفێستی ڕەشبینییە و ڕەخنەگرتنێكی زۆر نازانستی و نامیتۆدییە لە كایەی پەروەردەیی ئێمە، بۆیە هیچ خزمەتێك بە كایەی پەروەردەیی ئێمە ناكات و ئاماژەیە بۆ خۆبواردن لەو هەموو ڕیفۆرمەی لە بواری پەروەردە كراوەودەكرێت، كە بڕوام وایە ئەمەش بێ ئاگایی و خۆبواردنێكی بە ئەنقەستە! ئەم كتێبە سەرتاپای مایەی ڕەخنەكردن و ڕەتكردنەوەیە كە ئێمە تەنها كورد وتەنی مشتێكمان لە خروارێك لێی وەرگرت، چونكە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە ڕووی میتۆدیی و  پەروەردەییەوە، گۆڕانكاریی ڕیشەیی بەسەر داهاتووە و هەرگیز وەك دەیەكانی لەمەو بەر نییە. لەو سۆنگەیەوە ناكرێت نووسەری ئەم كتێبە، بە هەمان دیدگا و تێڕوانینی بیست ساڵ زیاتر لەمەوبەر، پرۆسەی پەروەردە ببینێت و بڕوای وابێت هیچ شتێك نەگۆڕاوە و ئێمە سەدەیەكە لە شكستداین، كە بێگومان ئەم جۆرە ڕەخنەكردنە، بە جۆرێك لە جۆرەكان خزمەت بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن ناكات، بەڵكو ئەو ڕووبەرە نائومێدیی و ڕەشبینییە گەورەتر دەكات، كە چەند ساڵێكە لەكۆمەڵگەی ئێمە لە پەراوێزی پەروەردە و فێركردن، لە تێڕوانینێكی گشتیدا دروست بووە. ئەركی پەروەدەكار و ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە و نەتەوەیی، كە لە خەمی خاك و نیشتمانەكەی دابێت ئەوەیە، ئەم ڕووبەرە ڕەشبینییە كاڵ بكاتەوە، نەك ئەوەندی دیكە گەورەتری بكات و نەوەكان نائومێدتر و نامۆتر بە خاك و نیشتمان و بەهاو سەروەرییەكان بكات ، هەروەها خۆی نەبوێریت لەو هەموو پێشكەوتن و كرانەوانەی گەر وەك پێویستیش نەبن و ڕێژەیی بن، بەڵام دەبێ ببینرێن و بنرخێنرێن. ناكرێ مرۆڤ لە سۆنگەی هەبوونی خاڵێكی ڕەش لە نێو لاپەڕەیەكی سپی گەورەدا، هەموو لاپەڕەكان لوول بدات و فڕێ بدات، بە پێچەوانەوە دەبێ كۆی لاپەڕەكە وەك ئەوەی هەیە ببینێت و هەوڵی ئەوەش بدات، تەنانەت ئەو خاڵە ڕەشەی كە لە نێو لاپەڕەكەش هەیە، كاڵ بكاتەوە و نەهێڵێت !

پەراوێزەكان:
1-    گۆشتەكەی بۆ ئێوەو ئێسقانەكانی بۆ من ، نووسینی شێرزاد حەسەن، بڵاوكراوەی غەزەلنووس ، ساڵی چاپ _ 2024، ل 206.
2-    -گۆشتەكەی بۆ ئێوەو ئێسقانەكانی بۆ من ، نووسینی شێرزاد حەسەن، بڵاوكراوەی غەزەلنووس ، ساڵی چاپ _ 2024، ل 158.
3-    _-گۆشتەكەی بۆ ئێوەو ئێسقانەكانی بۆمن ، نووسینی شێرزاد حەسەن، بڵاوكراوەی غەزەلنووس ، ساڵی چاپ _ 2024، ل 158.
4-     پەروەردەی ڕواندز لە دە ساڵەی تەمەنیدا  2009 _2019 ، نووسینی: سەدیق سەعید ڕواندزی ، ساڵی چاپ _2019.


* لە ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (7069) لە 11/5/2025 بڵاوكراوەتەوە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا