گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا 
هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان
بەشی یەکەم 
ئەمساڵ ٣٨ ساڵی ڕەبەق بەسەر یەکێک لە تاریکترین و قێزەونترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت؛ ئەویش تاوانی جینۆسایدکردنی گەلەکەمانە ، کە تەنیا شاڵاوێکی سەربازی نەبوو ، بەڵکو لوتکەی پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ڕژێمی پێشووی بەعس بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. ئەو ڕژێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ، لەژێر پەردەی (بەعەرەبکردن، بەبەعسیکردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ)دا ، خەونی لەناوبردنی گەلەکەمانی داڕشتەوە ، تا دواجار لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەم سیاسەتە نەگریسە گەیشتە چڵەپۆپەی دڕندەیی.
​نەخشەی مەرگ: لە سەرگەڵوەوە بۆ گەرمیان
​پرۆسەی ئەنفال لە ١٨ی شوباتی ١٩٨٨دا لە ناوچەکانی (سەرگەڵو و بەرگەڵو)ەوە بە هەشت قۆناغی پڕ لە کارەسات دەستی پێکرد و لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨دا کۆتایی پێ هات. لە چوارچێوەی قۆناغەکانی یەکەم و دووەمدا، کە ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی و قەرەداغی گرتەوە ، داگیرکەران تەنیا بە گوندەکانەوە نەوەستان ؛ بەڵکو لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا بە چەکی کیمیایی هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجەی شەهید و گەورەترین تاوانی سەردەمیان خولقاند کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند. پتر لە ٥,٠٠٠ شەهید و ١٠,٠٠٠ بریندار، باجی ئەو خوێنڕشتنە بوو کە کرا بە زەمینەسازێک بۆ قۆناغی سێیەمی ئەنفال لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ بەرامبەر بە دەشتی گەرمیان.
​بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و دانیشتووانی گەرمیان، ژیان بووە تاقیکردنەوەیەکی سەختی مان و نەمان. ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە لە دوای قۆناغی یەکەمەوە، نیشتمانیان جێنەهێشت و ڕوویان لە ئێران نەکرد، لە هەردوو قۆناغەکەدا بە جەستەیەکی شەکەت و پەرتەوازە ، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرەوڕووی سوپای داگیرکەر بوونەوە.
​لە کاتی دەسپێکردنی قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ، پێشمەرگە لە شاخی میریاس و گوندی کۆشک و چەندین خاڵی تر ، مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان لە بەرگریی تۆمار کرد:
• ​بەتالیۆنی ٧ی هەورامان، لە شاخی میریاس بە خوێنی دوو پێشمەرگەی جەربەزە (شەهید شوانەی حەمەقوتو و شەهید ئاوات) وانەیەکی تریان لە فیداکاری نووسییەوە.
• ​بەتالیۆنی ١٥ی قەرەداغ ، یش بە بەخشینی شەهیدی تێکۆشەر (شەهید کاوەی مام ئەسکەندەر) سەلماندیان کە خاکی کوردستان بە ئاسانی بۆ دوژمنان نابێتە دەشتێکی قاقڕ. 
​دوای زنجیرەیەک داستانی قارەمانانە و ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لە ناوچەی قەرەداغ، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە بڕیاری پاشەکشەی تاکتیکی دا بەرەو قووڵایی خاکی گەرمیان. ئەم کشانەوەیە تەنیا جووڵەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گەشتێکی پڕ لە ئازاری مرۆیی بوو؛ ئەو هاووڵاتیانەی کە لە قۆناغی دووەمی ئەنفالدا لە چنگی دوژمن ڕزگاریان ببوو، نەیانویست خۆیان ڕادەستی جەلادەکانی بەعس بکەن ، بۆیە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا ، خۆیان و مەڕوماڵاتەکانیان بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و چارەنووسێکی تەمومژاوی ملی ڕێگایان گرتەبەر.
​گەیشتنی هێزەکان بۆ دیوی گەرمیان، هەواڵی تاوانە دڕندەکانی ڕژێمی لە قۆناغەکانی یەکەم و دووەمی ئەنفالدا بە گوندەکاندا بڵاوکردەوە. ئەم هەواڵانە کاریگەرییەکی دەروونی قورسیان لەسەر ورەی گشتی خەڵک هەبوو. لەو ساتانەدا، تەرازووی هێز لە نێوان پێشمەرگە و سوپای داگیرکەردا لەوپەڕی نابەرانبەریدا بوو؛ چ لە ڕووی ژمارەی سەرباز و چ لە ڕووی کەرەستەی جەنگی و لۆجستییەوە، دوژمن خاوەن سوپایەکی پڕچەک بوو، بەڵام لە بەرامبەردا، پێشمەرگە خاوەنی چەکێکی کاریگەرتر بوو کە ئەویش ئیرادە و بڕوابوون بە خاک بوو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا