
ئەوین حەکیم پور
چەک و ژان؛ کاتێک پێشمەرگایەتی دەبێتە تاقیکردنەوەی خۆڕاگریی ژنانە
پێش هەر بڕیاردانێک، بیرکردنەوەیەکی قووڵ ئامادەیە. پێش ئەوەی ببم بە پێشمەرگە، زۆر بیرم کردەوە؛ دواجار بە هیوایەکی زۆر و بەوپەڕی دڵخۆشی و ویستی خۆمەوە، ڕێبازی پێشمەرگایەتیم هەڵبژارد. کاتێک بوومە پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەی دەمزانی بنەماڵەکەم نیگەرانن، بەڵام هەستم دەکرد شانازییەکی زۆر گەورەم بەرکەوتووە و بە یەکێک لە ئاواتەکانم گەیشتووم. بەڵام سەرەڕای ئەو دڵخۆشی و شانازییە، ئاستەنگیش هەبوو؛ ژینگەی گەورەبوونم زۆر جیاواز بوو لە ژینگەی ژیانی پێشمەرگایەتی. لەوێ زۆرجار لە ڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدی بەراوردکارییەوە، دەمویست بگەمە ئەنجامێک کە لانیکەم نێزیکم بکاتەوە لە کەناری ئارامی.
سووڕی مانگانە، وەک خەسڵەتێکی بایۆلۆژیی ژنانە، هەم پرسێکی زانستییە و هەمیش پرسێکی فێمینستییە. دیارە بە ئاشکرا لەنێو کۆبوونەوەکانی "پەل"دا باسی سووڕی مانگانە دەکرا و دەگوترا: "پێویستە لە ڕۆژ یان شەوی یەکەمدا، ژنان بۆ نیگابانی (ئێشکگری) یان کارکردن ناچار نەکرێن." بەڵام دواجار تێگەیشتم کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا تەنیا وەک بڕیارێکی "هەرەمی" ماوەتەوە و نەیتوانیوە بچێتە سەرووی هزری پیاوسالاری؛ ئەمەش دابڕاو نەبوو لە لێکەوتەکانی ژیانی کلتووری و کۆمەڵایەتیمان.
ژیانی پێشمەرگایەتی چیرۆکی زۆری هەڵگرتووە، سووڕی مانگانەش یەکێک بوو لەوانە. چەند جارێک ئەم بڕیارە وەک خۆی جێبەجێ دەکرا، بەڵام دواتر پشتگوێ دەخرا؛ ئەمەش زیاتر بەپێی هەڵسوکەوتی تاکەکەسیی بەرپرسەکە دەگۆڕا، نەک وەک بڕیارێکی چەسپاو. هەڵبەت تێگەیشتنی بەرپرسەکەش کەوتبووە سەر ئەو ژینگەیەی تێیدا مابووەوە؛ ئەگەر بەرپرسەکە مرۆڤێکی تێگەیشتوو بووایە، جیاوازیی نەدەخستە نێوان کەسەکان و بەپێی ویژدان و مرۆڤایەتی بڕیاری دەدا، نەک لەسەر بنەمای ڕق و کەلەڕەقی. بەڵام زۆرجار بارودۆخەکە پێچەوانە دەبۆوە؛ ڕەنگە لە کاتی سووڕی مانگانە و لەناو تەڕوتووشیدا، کاری "سواغ"ت کردبێت، یان لەنێو چوار بەرددا ژیابێتی، یان لە "دیدهەبانی"دا لە ئێوارەوە تا بەیانی لە شوێنە شاخاوییەکان و سنوورەکاندا مابێتیتەوە، ئەویش لەژێر دەستی بەرپرسێکی کەلەڕەق و ناتێگەیشتوودا.
سووڕی مانگانەی هەموو ژنێک وەک یەک نییە؛ من یەکێک بووم لەوانەی ڕۆژی یەکەم ژانێکی زۆر دەمیگرتم و بێهێزی دەکردم. جار جار لەگەڵ دایکم قسەم دەکرد، دەیگوت: "کاتێک دەکەویتە سووڕی مانگانە، لەو شاخە چی دەکەیت؟ چۆن لەگەڵ ئەو ژانەدا هەڵدەکەیت؟" ئەو دەیزانی دەکەومە چ دۆخێکەوە، بەڵام من دەمگوت: "کێشەم نییە!" خۆ کێشە هەبوو، بەڵام چونکە خۆم ڕێبازەکەم هەڵبژاردبوو، لەگەڵی ڕادەهاتم بێ ئەوەی بیر لە دژوارییەکانی بکەمەوە.
کە دەکەوتینە وەرزی زستان، بارودۆخەکە ناخۆشتر دەبوو؛ چونکە لە شاخ بووین و خەریکی خەبات، دەبایە قبووڵی بکەین کە وەک ماڵی باوکمان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئاوی گەرم بەردەست نییە. دەبایە ڕێگەیەکی زۆر بە پێ بڕۆیت تا دەگەیتە ئاودەست، یان نیوەشەو لە تاو ژانی خۆت بەئاگا بێیت، لە کاتێکدا نە دەرمان لەوێ بوو و نە دەشتوانی کەس بەئاگا بهێنیت. دەنا دەرمان وەک حەب و دەرزی و پێداویستییەکان هەبوون، دەمانکڕین یان پارەمان بە کەسێک دەدا بۆمانی دەهێنا، بەڵام من مەگەر بە دەگمەن حەب و دەرزی بەکار بهێنم؛ پێم وابوو ژانەکەی تەحەممول بکەم باشترە، چونکە دەرمان لێکەوتەی خراپی لەسەرم دەبوو.
لێرەدا دەڵێم: پێشمەرگایەتی تەنیا چەک هەڵگرتن نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو مرۆڤەی لە پشتی چەکەکەوە وەستاوە. پێویستە لە تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانی ژنان لەو بارودۆخ و شوێنانەدا تێبگەین. ئێمە نەک هەر لە سەنگەری پاراستنی نیشتماندا بووین، بەڵکو لە بەرانبەر سروشت و نەریتی ناتێگەیشتووشدا، لە سەنگەری سەلماندنی خۆڕاگریی ژنانەی خۆماندا بووین. ئێستا باشتر تێگەیشتووم کە پێشمەرگەبوون، پێش ئەوەی هەڵگرتنی چەک بێت بە مانا نیزامییەکەی، هەڵگرتنی چەکی "فکری"یە.
گۆشبوون بە چەکی فکری، بەقەد هەڵگرتنی چەکی نیزامی کارێکی ئاسان نییە. کارکردن لەسەر خودی خۆمان وەک پرۆسەیەکی بەردەوام پێویستە، ئەمەش بەبێ کارکردنی جددیی حیزبەکان لەسەر ئەم پرسە، بەدی نایەت.
