
هۆزان مەحمود
لە ساڵانی ١٩٩١ بە دواوە کە ڕێکخراوی ژنان دروست بوون، زۆرینە سەر بە حیزبە جیاوازەکان بوون تا ئەم ساتە، هەروەها هیچکات پەیڕەو و پڕۆگرامیان لەسەر بنەمای هزری فێمینیستی دانەمەزراوە. بەڵکوو زۆرینەی پەیڕوەکانیان پیاوی حیزبەکانیان نووسیوێتی، یان هەر پەیڕەوییان نییە، بەڵکو حیزب بودجەی بۆ تەرخان کردوون و ئەو ژنانەی پەسەندی پیاوە سەرکردەکانن، دەکرێنە سەرۆک و بەڕێوەبەر بەسەر ڕێکخراوەکاندا. سیستمێکی هایڕاکی دەسەڵاتخوازییان دروست کردووە و چالاکییەکانیان فۆرمێکی ڕۆتینی وەرگرتووە. هەڵبەت هەڵەیە بەم ڕێکخراوانە بڵێین فێمینیستی، یان بە کۆی ڕێکخراوەکان بووترێت، بزووتنەوەی فێمینیستی. دەکرێت وەکوو کۆمەڵێک دام و دەزگای تایبەت بە (مەلەفی ژنان) سەیریان بکەین کە لەژێر سایەی حیزبەکان و حکومەتەوە کاروچالاکی دەکەن. لەدەرەوەی ئەمانەش بەتایبەت لە ٢٠٠٣ بەدواوە، بە دەیان و سەدان ڕێکخراوی تر دروستبوون کە هەندێکیان تایبەت بە مەلەفی ژنن، ئەوانیش سپۆنسۆرکراوی دەوڵەتانی سەردەستەی ئەمریکایی و ئەوروپایین، پرۆگرام و چالاکییەکانیان بەپێی داواکاری فەندەر دەگۆڕێت. کەواتە هزر و فەلسەفەی فێمینیستی دەکەوێتە کوێی ئەم دوو جۆرە لە ڕێکخراوی ژنانەوە؟ من لەگەڵ ئەوەدا نیم بەم تێکەڵەیە بوترێت بزووتنەوەی فێمینیستی، ئەمە سەپاندنی شتێکە کە لە بنەڕەتەوە خۆی بوونی نییە. ناشکرێت لەسەر میراتی فێمینیزم هەژمار بکرێن چونکە لە بنەڕەتەوە هیچ کات کاریان بۆ نەکردوە.
بزووتنەوەی فێمینیستی ئامانجی هەیە، پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە لەناو ژناندا، ئایدیا و دونیابینی هەیە، ستراتیژی درێژخایەنی هەیە و لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ کار دەکات، نەک ئەوەی هەر ڕۆژە و چەند کەسێک ناونووس بکەن بۆ کۆمەڵێک وۆرکشۆپی جیاواز و لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەدا کۆمەڵێک وێنە بۆ فەندەر بگریت و پێتوابێت ئەمە فێمینیزمە. یان پێیان وایە فێمینیزم وۆرکشۆپ و ڕاهێنانە و ئیدی تەواو. دەکرێ وەهمی فێمینیزم دروست بکەن بەڵام لەسەر بنەمایەکی بەتاڵ و دوور لە ڕاستییەوە.
من تا ئێستا نەمدیوە لەناو ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بە بوێرییەوە کەسێک یان کەسانێکیان وەکوو فێمینیست و بە هزر و دونیابینیی فێمینیستانەوە کار و چالاکی بکەن و قسە بکەن. بەڵام وەکوو تاک لە دەرەوەی ڕێکخراوەکان و دامەزراوە حیزبی و حکومییەکان، چ لەناو گەنجاندا و چ لەناو ژناندا لە کوردستان و تاراوگە هەن و ڕاشکاوانە وەکو فێمینیستێک دەنووسن و قسە دەکەن و کار دەکەن.
________________________________________
فێمینیزم وەک بەها و پرەنسیپ
فێمینیزم بەر لەوەی هزر بێت، هەڵوێست و بەهایە. ناکرێ تۆ بەخۆت بڵێیت فێمینیست بەڵام لەناو حیزبێکی پیاوسالار و دژە ژندا پۆست و پێگەت هەبێت. ناکرێت بە خۆت بڵێیت فێمینیست و بەشێک بیت لە دامودەزگای دەسەڵات و حیزب و سەرکزانە و کۆنەپارێزانە لەسەر پرسی ژن کار بکەیت. ناکرێت بە خۆت بڵێیت فێمینیست و بە موچە و سەروەت و سامانی گشتی لەسەر دۆزی ژن، لە دەرەوەی شار، مەزرەعەت هەبێت، لەناو شار ڤیلات هەبێت، سەیارەی ئاخر مۆدێلت لە ژێردا بێت و جلوبەرگی مارکە لەبەرکەیت و لە ماڵیشەوە کارەکەرێکی فڕێندراوی ئەفریقایی یان نیپاڵیت هەبێت و خۆیشت لێ ببێتە شۆڕشگێڕ و فێمینیست. ئەمانە بەها و شێوە ژیانی ژنانێکی فێمینیست نین. لە ڕاستیدا پرسی ژن لە زۆر شوێنی دونیا ئێستا وەکوو پیشەسازی لێهاتووە، پێشبڕکێ لەسەر دەرامەت و سامان بۆتە سیمایەکی دیاری هەموویان نەک هاوپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ ژناندا.
________________________________________بەشێکە لە وتارێكی هۆزان مەحمود کە لە ماڵثەڕی ژنەفتن بڵاوکراوەتەوە.
