ستار ئەحمەد

 

​کاتێک مرۆڤ بە وردی تێڕامان لە پێکهاتە، ڕەفتار و ڕابردووی سەرهەڵدانی کۆمەڵە ڕامیارییەکان دەکات، دەگاتە ئەو بڕوا تاڵ و حاشاهەڵنەگرەی کە ئەم قەوارانە لە بنچینە و ناخی خۆیاندا لەسەر بنەمای خۆ پەسەندی، سوودخوازیی تەسک و جۆرێک لە سەرکوتکاریی هزری و کۆمەڵایەتی دامەزراون. لایەنە ڕامیارییەکان، لەبری ئەوەی ببنە پردی پەڕینەوە بۆ بەدیهێنانی سەربەستی، دادپەروەری و پێشکەوتنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە، زۆرجار دەبنە کۆت و بەندێکی توند و تەنیا لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و پاراستنی پێگەی پێشەواکانیاندا کار دەکەن. ئەوان لە چوارچێوەی خۆیاندا پەرژینێکی ئەستوور و بەرز هەڵدەچنن، پەرژینێک کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای دڵسۆزیی کوێرانە و گوێڕایەڵی دابەش دەکات. هەرکەسێک لە دەرەوەی ئەم پەرژینە هزری و پارتایەتییە بێت، یان بە نەیار و بەدکار سەرەو ژوور دەکرێت، یان بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت و وەک بوونەوەرێکی نەبوو هەژماری بۆ دەکەن. ئەم نادیدەگرتن و سڕینەوەیە، ڕێک بنەمای ئەو بیرکردنەوە خۆسەپێن و سەرکوتکارانەیە، کە ڕێگە بە هیچ جیاوازی و فرەڕەنگییەک نادات و تێکۆشانی بێوچان دەکات بۆ یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگە و کپکردنی هەر دەنگێکی ڕەسەن و سەربەخۆ کە نەیەوێت ببێتە بەشێک لە ئامێری بانگەشەی چەواشەکارانەی ئەوان.

​ئەم بیرکردنەوە پاوانخوازە تەنیا لە کایەی دەسەڵاتی کارگێڕی، ڕامیاری یان دارایی و ئابووریدا رەنگناداتەوە، بەڵکو بە شێوازێکی زۆر ترسناک و قووڵ شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو کایەی ڕۆشنبیری، وێژەیی و هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە. یەکێک لە ڕوونترین و دیارترین نموونەکانی ئەم ڕەفتارە نالەبارە، لە دەست بەسەرداگرتنی تەواو و بێسنووری ناوەندەکانی چاپەمەنی، ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا دەردەکەوێت. ئەم ئامرازە گران بەهایانەی زانین و وێژە، کە لە بنەڕەتدا بڕیار بوو ببنە سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەربڕینی بۆچوونی جیاواز، گواستنەوەی ڕاستییەکان و گەشەپێدانی هزری مرۆڤایەتی، لەلایەن ئەم پارتانەوە کراونەتە خاوەندارێتی تایبەت بە خۆیان و تەنیا وەک زمانبێژی ئاشکرا و نهێنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن. بڵاوکردنەوە لەم ناوەند و گۆڤارانەدا بە تەواوی پاوانکراوە بۆ ئەو لایەن، نووسەر و هێزانەی کە سەر بە بازنەی پارتەکەن یان بە هیچ شێوەیەک لە هێڵی هزری و سوود خوازیی ئەوان لانادەن. نووسەر، بیرمەند، وێژەر یان هاوڵاتییەکی سەربەخۆ ئەگەر خاوەنی باشترین, بەپێزترین و بەرزترین بەرهەمی زانستی و وێژەییش بێت، دەرگای ئەم چاپەمەنی و ڕۆژنامانەی لێدادەخرێت ئەگەر نەچێتە ژێر باری دڵسۆزیی کوێرانەی پارتایەتی.

​ئەو بڕە کەم و دەگمەنەی کە زۆرجار لەم ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا بە ناوی دەرەوەی بازنەی خۆیان بڵاودەکرێتەوە، تەنیا بابەتگەلێکی زۆر ساکار، بێبایەخ و بێکاریگەرن کە هیچ زیانێک بە پێگەی ئەوان ناگەیەنن. ئەم کارەش تەنیا بۆ ئامانجی جوانکاریی دەرەکی و ڕووکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی لەبەردەم بۆچوونی خەڵکدا وا نیشان بدەن کە گوایە فەزایەکی کراوە و ئازادی ڕادەربڕین بوونی هەیە، لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە پاڵێوەر و ڕێگرییەکی زۆر توند و بێبەزەییانە هەیە کە پێش بە هەر دێڕێک دەگرێت کە بیەوێت ڕەخنەیەک یان هۆشیارییەکی ڕاستەقینە بڵاو بکاتەوە.  تەنیا ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتانە دەدەن کە ستایشی دەسەڵاتی ئەوان دەکات، یان بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بە مانەوەی کایە کۆنەکەیان دەگەیەنێت. ئەم ڕێگرییە گشتگیرە جۆرێکە لە تۆقاندنی هزری و خنکاندنی هێمنانەی هەر دەنگێکی ئازاد کە بیەوێت ڕاستییەکان وەک خۆیان نیشانی خەڵک بدات و دەرگای ڕەخنە لەسەر شێوازە چەوتەکانی بەڕێوەبردن بکاتەوە. ئەم سنووردار کردنەی پێنووسەکان و بەکۆیلەکردنی وشەکان، وایکردووە، کە مێشکی نەوەی نوێ لەناو بەربەستی دیاریکراودا قەتیس بمێنێتەوە و نەتوانێت ئاسۆکانی دەرەوەی پارتەکان ببینێت.

​ئەم جۆرە ڕەفتارە نیشانەی باڵادەستی ئەو حەزە سەرکوتکارە شاراوەیەیە کە دەیەوێت کۆمەڵگە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان لەناو بازنەیەکی تەسکی حیزبیدا دیل بکات. کاتێک ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەگەری و چاپەمەنی تەنیا لە خزمەت یەک ئاراستە و یەک تێڕوانینی بەرتەسکدا بوون، کۆمەڵگە بە تەواوی لە هۆشیاریی ڕاستەقینە و فرەدەنگی بێبەش دەبێت. لە ژینگەیەکی لەو جۆرەدا، تەنیا درۆ گەورەکان، پیاهەڵدان، شانازییە ساختەکان دەبیسترێن و دەبینرێن، ئەمەش وایکردووە کە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕەسەن و بەسوود ببێتە کارێکی ئەستەم و نەکردەنی. پارتە ڕامیارییەکان بەم شێوەیە لە پاوانکاری و دەست بەسەرداگرتن سەلماندوویانە کە ترسی هەرە گەورە و هەمیشەییی ئەوان لە ڕاستی، زانست و سەربەستیی هزرییە، بۆیە بە هەموو شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێگری و دوورخستنەوە، هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و خنکاندنی هەر بیرۆکەیەکی نوێ دەدەن کە لە دەرەوەی چوارچێوە تەسک و سوودخوازەکەی ئەواندا لەدایک بێت و گەشە بکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا