لەتیف ئەمین
بەشی دووەم: ڕۆشنبیریی
مەبەستی سەرەکی ئێمە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون نییە بۆ ڕەگ و ڕیشە و مێژووی دروستبوونی وشەی ڕۆشنبیریی. چەمکی ڕۆشنبیریی، بە پێی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤەکان و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە چینێکەوە بۆ چینێکی تر پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. ئەم چەمکە پەیوەندی بە سۆسیۆلۆژیا و زانستی ئەنسرۆپۆلۆژیاوە هەیە. هەریەکەو بەجۆرێک پێناسەیان بۆ کردییە. بە سوودبینین لە هەندێک سەرچاوە، توانیومانە شتێک بۆ ئەم باس و بابەتە هەڵکڕێنین.
" ڕۆشنبیری پێک دێت لە شێوازە فیکرییەکان و بەها و بیروباوەڕە باوەکان لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگە."(۱). ڕۆشنبیریی، بەرهەم و میراتی عەقل و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە، هەر لە زانست و زانیاری، هونەر، فەلسەفە، مێژوو، ئایین و بیروباوەڕەکان، ئەفسانە، یاسا، نەریت و ڕەوشتەکان...هتد. "ڕۆشنبیریی بەو هەموو شتەوە پێناسە دەکرێت، کە شارستانیەتیی دەیانگرێتە خۆ، لە بیروباوەڕ و زمان و هەڵسوکەوت و ڕێگای ژیاری دامەزراو و ژینگە و تەکنیککاری."(۲). ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ڕۆشنبیربوونە. دەمانەوێ بزانین ڕۆشنبیر کێیە؟ بە کێ دەگوترێت ڕۆشنبیر؟ ئەرکی ڕۆشنبیر چییە لەناو کۆمەڵگە؟ بەتایبەت مەبەستمانە ڕۆلی مامۆستای ڕۆشنبیر لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و لە هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە دیار بکەین. وشەی ڕۆشنبیر، لە دوو بەش پێکهاتووە. (ڕۆشن)بە مانای ڕۆناک دێت، (بیر)یش بە مانای هزر دێت. واتە کەسێک کە بیری ڕۆناکە، هزری ڕۆشنە. ڕۆشنبیر, کەسێکە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕۆشن و فراوانە, خاوەن هزرێکی ڕوون و عەقڵێکی کراوەیە. مرۆڤی ڕۆشنبیر, دژی چەقبەستوویی و دۆگمایی هزر و بیرکردنەوەی ستاتیکی و نەگۆڕ و جێگیرە. مرۆڤی ڕۆشنبیر, کەسێکی بە هەست و هۆشیارە, زوو درک بە کێشە و ڕووداوەکان دەکات, هەمیشە ڕاڤە و لێکدانەوەی ورد و بە دیقەتی هەیە بۆ ڕووداوەکان, هەندێکجاریش پێش ڕووداوەکان دەکەوێت. چارەسەری گونجاوی هەیە بۆ کێشەکان، بڕوای تەواوی بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەیە. "ڕۆشنبیر تامەزرۆی فێربوون و خوێندنەوەی بەردەوامە و هەوڵ دەدات هەل و دەرفەتە زێڕینەکان بۆ بەرژەوەندی گشتی بقۆزێتەوە و بەپێی گونجان و پێویستی، زانیاری بڵاو بکاتەوە".(۳). هیچ شۆڕشێک نییە لەدنیادا، کە ڕۆشنبیران ڕۆڵ و کاریگەرییان لە سەرهەڵدان و سەرکەوتنیدا نەبووبێت. ڕۆشنبیر کەسێکە، بوێرە، بوێری بەکارهێنانی عەقڵی خۆی هەیە، بەئاسانی دەستەمۆ ناکرێ، خاوەن بڕیاری خۆیەتی و خۆی خۆی بەڕێوە دەبات، ڕێگە نادات کەسانی دیکە لەجیاتی ئەو بیر بکەنەوە و بڕیار بدەن. ڕۆشنبیر ئەوکەسەیە، کە بە گژ نادادی و ستەمکاری دەچێتەوە. ڕۆشنبیر، بە هزر و بیری ڕووناکیەوە، هەوڵی قەڵاچۆکردنی نەزانی و تاریکی و دواکەوتوویی دەدات، هەوڵی جوانکردن و چاککردنی ناڕێکی و ناشیرینی و کەموکورتییەکانی کۆمەڵگەکەی دەدات.
مرۆڤی ڕۆشنبیر، پێوستە ئاشنایەتی و پەیوەندی بە ڕۆشنبیرانەوە هەبێت. وەک عەلی شەریعەتی دەڵێت: " کەسێک تاوەکو خۆی بەباشی نەناسێ و بە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگەکەی خۆی ئاشنا نەبێت, ناتوانێ کۆمەڵگەکەی خۆی بەباشی بناسێ و ناتوانێ ئەو پەیامەی کە بانگەشەی بۆ دەکات, بەباشی بیگەیەنێت و بیکاتە کردار".
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مامۆستای پەروەردەیی و سەرکەوتوو, خۆڕۆشنبیرکردنە, گەڕانە بەدوای سەرچاوەکانی ڕۆشنبیری و ناسینی ڕۆشنبیرانە. مامۆستا بۆئەوەی ببێتە کەسێکی ڕۆشنبیر، بۆئەوەی ببێتە کەسێکی کاریگەر و کارا و چاڵاک لەنێو کۆمەڵگە و ببێتە ڕابەر و ڕێنیشاندەر و چاوساغی کۆمەڵگە و بنیاتنەری ئاییندە، پێویستە بەردەوام بخوێنێتەوە، دەبێ بەدوای سۆراغی باس و بابەتە پەروەردەیی و زانستی و هونەری و مێژووییەکانەوە بێت. دەبێ مامۆستا بێئەوەی هەست بە بێزاری و بێتاقەتی بکات، ڕۆژانە خەریکی گەڕان و بنکۆڵکردنی سەرچاوەکان بێت، دەست بۆ قووڵایی دەریای زانستەکان ببات و بە شەوق و بریقەی دوڕ و گەوهەری گرانبەهای زانست و زانیاری، بەرچاوی کۆمەڵگەکەی ڕووناک بکاتەوە. مامۆستا دەبێ لە پیشەییبوون دەربچێت، دەبێ خەمی گۆڕانکاری بێت لە کۆمەڵگەکەی و هەوڵیشی بۆ بدات. وەک نووسەری گەورە، حەمە سەعید حەسەن، لە کتێبی ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدا دەڵێ: "ڕۆشنبیر مەرج نییە فەیلەسووف یان بیرمەند بێت، بەڵام مەرجە بە پلەی یەکەم، ئازادی ئینسانی بەلاوە مەبەست بێت. ڕۆشنبیر کەسێکە بوێر، لەڕێی لێکدانەوە و ڕەتکردنەوەی واقیعەوە، بۆ گۆڕانکاری هەوڵ دەدات، بڕوای بە دیالۆگ و هەبوونی جیاوازی هەیە."ل٥.
مامۆستایەک, کە خاوەن هزر و بیرێکی ڕووناک و عەقڵێکی کراوە بێت, نەوەیەکی هۆشیار و بێدار پێدەگەیەنێت. مامۆستایەک, کە خاوەن زانیاری و مەعریفەیەکی زۆر بێت, بەئاسانی بەسەر لەمپەر و بەربەستەکاندا باز دەدات. مامۆستای ڕۆشنبیر, هەڵسوکەوت و ڕەفتار و گوفتارەکانی لەگەڵ قوتابییەکانی پەروەردەییتر دەبێت. مامۆستایەک, بەردەوام لە هەوڵی خۆدەوڵەمەندکردندا بێت، لە ڕووی زانستی و بوارە جیاوازەکانەوە, نەوەیەکی زانستخواز و داهێنەر پێدەگەیەنێت. مامۆستای پەروەردەیی, نابێت تەنها بەو بڕە زانستەی کە لە ماوەی قۆناغەکانی خوێندنیدا وەری گرتووە, بوەستێ. مامۆستای پەروەردەیی و ڕاستەقینە و ڕۆشنبیر, بەردەوام تامەزرۆی زانیاری نوێ و تازەیە، نەک هەر لە بوار و پسپۆرییەکەی خۆی، بەڵکو هەوڵ دەدا لە زۆرینەی بوار و بابەتەکان شارەزایی هەبێت. مامۆستای ڕۆشنبیر, ورەی بەرزە, پڕ لە هیوا و خەونی گەشە, پڕ لە خۆزگە و خولیای جوانە, هەردەم کاری تێکۆشان و نەسرەوتن و کۆڵنەدانە.
سەرچاوەکان:
۱- مدخل الی سوسیولوجیا الپقافە، دیڤید ئینغلیز- جون هیوسون، ترجمە، لما ناصر، بیروت،۲۰۱۳، ل٦۷
۲- ڕۆشنبیری سیاسی، سەروەر حەمە ئەحمەد، چ۱، هەولێر،۲۰۱۳، ل۹.
۳- سەرچاوەی پێشوو، ل۲۳