
کازم عەلەمداری
لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
لەئێستادا، گواستنەوە لەدەسەڵاتگەرایی بۆ دیموکراسی یەکێکە لەئاڵۆزترین پرۆسە سیاسییەکانی جیهان. ئەزموونەمێژووییەکان نیشانیانداوە ڕوخانی ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان نابێتەهۆی دیموکراسی بەردەوام. لەزۆرلاوە، داڕمانی نەزمی دەسەڵاتگەرا سەریکێشاوەتە ناسەقامگیری سیاسی، توندوتیژی ناوخۆیی یان بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتگەرایی لەقاڵبێکی نوێدا. بوون یان نەبوونی کۆمەڵی مەدەنی بێلایەن، یەکێکە لەفاکتەرە بنەڕەتییەکانی چارەنووسی گواستنەوەی سیاسی. ئەم وتارە پاڵپشت بەتیۆرەکانی تۆکیول، هابرماس، پانتام، لینتز و ستیپان و لێکۆڵینەوەکانی مانسفێڵد و سنایدەر دەربارەی بەدیموکراسیکردن و تووندوتیژی، ڕۆڵی کۆمەڵی مەدەنی لەگواستنەوەی بۆدیموکراسی لەکاتی شەڕدا دەکۆڵێتەوە. باس لەوەدەکرێت شەڕ توانای کۆمەڵگەی مەدەنی لاوازدەکات، بە ئەمنیەتیکردنی سیاسەت و چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدامەزراوە سەربازییەکان و داڕمانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئەگەری گواستنەوەی تووندوتیژ یان دەستبەسەرداگرتنی قۆناغی گواستنەوە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە زیاددەکات.هاوکات، تەنانەت لەکاتی شەڕیشدا تۆڕە مەدەنییە مرۆڤدۆستەکان دەتوانن وەک ناوکێکی بەرایی کۆمەڵی مەدەنی داهاتوو کاربکەن. وتارەکە بەلێکۆڵینەوە لەئەزموونی بەراوردکاریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قووڵبونەوەی تایبەت دەریدەخات بوونی کۆمەڵی مەدەنی بێلایەن، یەکێکە لەگرنگترین پێشمەرجەکانی پەڕینەوەی ئاشتییانە و سەقامگیری دیموکراسی.
پێشەکی
پەڕینەوە لەدەسەڵاتگەرایی بۆدیموکراسی یەکێکە لەگرنگترین بابەتە ئەدەبییەکانی زانستە سیاسییەکانی ئێستا. شەپۆلەکانی بەدیموکراسیکردن لەئەمریکای لاتین، ئەورووپای باشوور و ئەورووپای خۆرهەڵات لەنیوەی دووەمی سەدەی بیست، سەرنجی لێکۆڵەرانی بۆئەم پرسە ڕاکێشا، کە چۆن ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان دەڕوخێن و چ بارودۆخێک بەردەوامی بەدیموکراسی دەدات.
ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە ڕووخانی ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان سەرناکێشنە دیموکراسییەوە. لەزۆرلاوە، داڕمانی نەزمی دەسەڵاتگەرا سەریکێشاوەتە ناسەقامگیری سیاسی، شەڕی ناوخۆ یان گەڕانەوەی دەسەڵاتگەرایی. بۆیە لێکۆڵەرانی زانستە سیاسییەکان جیاوازییان لەنێوان «ڕووخانی دەسەڵاتگەرایی» و «گواستنەوە بۆ دیموکراسی» کردووە.
گواستنەوەی دیموکراسی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و فرەقۆناغە کە بنیاتنانەوەی دامەزراوە سیاسییەکان، پێکهاتنی ڕێسای ڕکابەری سیاسی و دروستکردنی میکانیزمی وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە. کۆمەڵی مەدەنی لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینن.
لەوکاتەوە بەرهەمی کلاسیکی تۆکویل، کۆمەڵی مەدەنی بەستونێکی بنەڕەتی دیموکراسی زانیوە. ئەنجومەنە مەدەنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەک تەنها کولتووری بەشداریی سیاسی بەهێزدەکەن، بەڵکو ڕێگریدەکەن لەزۆر قووڵبونەوە لەدەسەڵاتی حکومەتیش.
هەر چۆنێکبێت، زۆربەی تیۆرەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەدۆخی ئاسایی سیاسی پێکهاتوون و کەمتر ئاوڕیان لەوبارودۆخە داوەتەوە کە کۆمەڵ گیرۆدەی شەڕ یان قەیرانی ئاسایشە. دەکرێت شەڕ بەشێوەیەکی بنەڕەتی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی نێوان کۆمەڵی مەدەنی، حکوومەت و سوپا بگۆڕێت.
بۆشایی کۆمەڵی مەدەنی سەربەخۆ لەکاتی شەڕدا، کاریگەری لەسەر گواستنەوە لەدەسەڵاتگەراییەوە بۆ دیموکراسی چییە؟
پێشینەی چەمکی کۆمەڵی مەدەنی لەنەریتی هزری سیاسی خۆرئاوادا دوورودرێژە، بەڵام لە زانستە سیاسییەکانی ئێستادا گرنگی تایبەتییە. من ئەم پێشینەیەم لەکتێبەکەمدا «کۆمەڵی مەدەنی: وتار، کۆنتێکست، ئەزموونەکان»، بەفراوانی باسکردووە. کۆمەڵی مەدەنی بەکۆمەڵێک ڕێکخراو، کۆمەڵە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سەربەخۆ لەحکوومەت دەوترێت کە دەکەونە نێوان تاک و حکومەتەوە.
تۆکویل لەکتێبە بەناوبانگەکەی «دیموکراسی لەئەمریکا»،پێیوابوو کۆمەڵە خۆبەخشەکان ڕۆڵی بنەڕەتی لەپاراستنی ئازادیدا دەبینن.دەیوت کۆمەڵەکان توانا بەهاوڵاتییان دەدەن فێری شارەزایی بەشداریی سیاسی بن و بەگژ چڕبوونەوەی دەسەڵات لەحکومەتدا بچنەوە.
ئەم ڕوانگەیە لەسەدەی بیستەم، لەگەڵ تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی گەشەیکرد. ڕۆبێرت پانتام دەریخستووە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوکاری مەدەنی، بۆ کارکردی کاریگەری دامەزراوە دیموکراسییەکان پێویستن. پێیوایە، سەرمایەی کۆمەڵایەتی وادەکات هاوکاری بەکۆمەڵ ئاسانتربێت و تێچوی گواستنەوە سیاسییەکان کەم بێتەوە.
هابرماس،کۆمەڵی مەدەنی بە بەشێک لەکایەی گشتی دەزانی. لەم کایەدا، هاوڵاتییان توانایگفتوگۆیمەسەلە گشتییەکانیان هەیە و بەهۆی باسی عەقڵانییەوە کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا هەبێت.کۆمەڵی مەدەنیش ڕۆڵی لەگواستنەوەی دیموکراسیدا گرنگە. لینتز و ستیپان پێیانوایە تەنها کاتێک دیموکراسی سەقامگیر دەبێت کە چەند کۆنتێکستێکی دامەزراوەیی، وەک کۆمەڵی مەدەنی، بە شێوەیەکی هاوکات پێکبێن.
شەڕ و بەئەمنیەتیکردنی سیاسەت
شەڕ یەکێکە لەگرنگترین ئەو فاکتەرانەی دەتوانێت پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت. زۆرجار سیاسەت لەکاتی شەڕدا، بەئەمنیەت دەکرێت و حکومەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بە هەڕەشە دەرەکییەکان یان ناوخۆییەکان، دەسەڵاتیان زیاتردەبێت. کە زۆرجار بەئەمنیەتکردنی سیاسەت، ئازادییە مەدەنی و چالاکییە سیاسییەکان سنوردار و میدیاکان کۆنتڕۆڵ و کەشی گشتی گفتوگۆی ئازاد تەسکتردەکاتەوە.
بەگشتی شەڕ سەردەکێشێتە چڕبوونەوەی دەسەڵات لەدامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا. سەرچاوە ئابووری و مرۆییەکانی کۆمەڵ بەرەوئامانجی سەربازی ڕێنمایی و ڕۆڵی سوپا لەسیاسەتدا زیاد دەکات. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت توانای کۆمەڵی مەدەنی سەربەخۆ زۆر لاوازبکات. زۆربەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەکاتی شەڕدا ئەگەرهەبن، یان دادەخرێن یان حکوومەت کۆنتڕۆڵیان دەکات.
بەدیموکراسیکردن و تووندوتیژی
پەیوەندی نێوان بەدیموکراسیکردن و تووندوتیژی، باسێکی گرنگەلەئەدەبی زانستە سیاسییەکاندا. مانسفێڵد و سنایدەر لەلێکۆڵینەوەکانیاندا دەریانخست، بەدیموکراسیکردن لەکاتی لاوازی دامەزراوەدا، سەردەکێشێتە ململانێی سیاسی زۆر و هەتا شەڕەوە. پێیانوایە، کاتێک ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان دەڕوخێن و هێشتا دامەزراوە دیموکراسییەکان نین، ڕکابەری سایسی دەتوانێت خێرابۆململانێی تووندتیژ بگۆڕێت.
لەهەلومەرجێکی وەهادا، کۆمەڵی مەدەنی دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لەکەمکردنەوەی تووندوتیژیدا ببینێت. تۆڕە مەدەنییەکان دەتوانن کۆمەڵە کەناڵێک بۆ دەربڕینی ئاشییانەی داواکاری کۆمەڵایەتی دابینبکەن و ڕێگەنەدەن ململانێی سیاسی بۆ تووندوتیژی بگۆڕێت.
ڕۆڵی سوپا لەگواستنەوە سیاسییەکاندا
لەزۆربەی وڵاتان، سوپا تاکە ڕێکخراوی یەکگرتووە لەکاتی قەیراندا.لەنەبوونی دامەزراوەی مەدەنی بەهێزدا، ڕەنگە هێزە چەکدارەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەپرۆسەی گواستنەوەداببینن.سوپا دەتوانێت سێ ڕۆڵی جیاوازببینێت: 1. پاڵپشتی گواستنەوە، 2. بەڕێوەبردنی گواستنەوە، 3. دەستبەسەرداگرتنی گواستنەوە.
نموونەی میسر دوای ساڵی۲۰۱۱دەریدەخات سوپا چۆن دەتوانێت دەستبەسەر گواستنەوەدا بگرێت. ئەزموونی تونس و میسر نموونەی گرنگن لەکاریگەری کۆمەڵی مەدەنی بەسەر گواستنەوەی سیاسیدا. کۆمەڵی مەدەنی لەتونس، بەهێزترو دەستوەردانی سوپا کەم بوو. سەندیکا کرێکاریی و کۆمەڵە پیشەییەکان توانیان ڕۆڵی نێوەندگیری ببینن. سوپا لە میسر، کارەکتەری سەرەکی حکوومەت و کۆمەڵی مەدەنی لاوازتربوو. لەئەنجامدا، سوپا توانی گواستنەوە بوەستێنێت.
ئێران و ئاڵنگاریی گواستنەوەی دیموکراسی لەهەلومەرجی قەیران و شەڕدا
پێکهاتەی سیاسی ئێران بەراورد بەزۆربەی ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان، ئاڵۆزییەکەی تایبەتمەندە. ناتوانی تەنیا بەدیکتاتۆرێکی سەربازیی یان دەسەڵاتگەرای حزبی بزانی. ئێران پێکهاتەیەکە لەدامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرتەسک و کۆنتڕۆڵکراو، پێکهاتەی ئایدۆلۆژی ئایینی و تۆڕەئەمنی و سەربازییەکان بەدەوری تەوەری ویلایەتی فەقیەدا ڕێکخراوون. پێکهاتە فرەلایەنەکە وایکردووە پرسی گواستنەوەی سیاسی لەئێران نەک تەنیا پرسی ئاڵوگۆڕکردنی حکومەتێک، بەڵکو پرسی ڕێکخستنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ئایین و دەوڵەت و یاسا و هێزە.
زۆرجار پێکهاتەکان لەئەدەبی زانستە سیاسییەکان لەقاڵبی«دەسەڵاتگەرای تێکەڵاو» یان «دەسەڵاتگەرای هەڵبژاردن» شیکاردەکرێن، هەندێک سیستم دامەزراوەی هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام دەسەڵات بەدەستی دامەزراوە هەڵنەبژێردراوەکانە. چڕبونەوەی دەسەڵات لەئێران، لەدەست دامەزراوەکانی هەم ڕەوایەتی ئایدۆلۆژییان هەیە و هەم تۆڕێکی فراوان لەهێزە ئەمنی و سەربازییەکان پشتیوانی دەکەن. ئەمە وادەکات گواستنەوە لەوسیستمە بەرەوڕووی ئاڵنگاری دامەزراوەیی زۆر ئاڵۆزتری زۆربەی دیکتاتۆرە سەربازییەکان یان کەسییەکان ببێتەوە.
ڕۆڵی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەپێکهاتەی دەسەڵاتدا، یەکێکە لەگرنگترین ئەم ئاڵنگارییانە. سوپا لەزۆربەی وڵاتان دامەزراوەیەکی پیشەییە، ئەرکی بەرگریکردنە لەسنورەکانی وڵات، بەڵام لەئێران، سوپای پاسداران جگەلەڕۆڵی سەربازی، لەبواری ئەمنی، ئابووری و تەنانەت کولتوری ئامادەییەکی زۆری هەیە. لەدەیان ساڵی ڕابردوو، ئەم دامەزراوەیە بوەتە گرنگترین کارەکتەری ئابووری سیاسی وڵات، تۆڕێک لەکۆمپانیا، ناوەند و دامەزراوەی ئابووری هەیە.
ئەم هەلومەرجە وایکردووە سوپای پاسداران نەک تەنها دامەزراوەیەکی سەربازی، بەڵکو بەشێکبێت لەپێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری. لەهەلومەرجێکی وادا، پرسی گواستنەوەی دیموکراسی تەنیا لەتایبەتیکردنی ڕۆڵی سوپا لەسیاسەتدا کورتنابێتەوە، بەڵکو جڵەوکردنی تۆڕێکی فراوانی دەسەڵاتی سەربازی، ئەمنی و ئابوورییە کە تێکەڵی پێکهاتەی حکوومەت و ئابووری بوون.
ئەم هەلومەرجە لەڕوانگەی تیۆری گواستنەوەی دیموکراسییەوە، گرنگی کۆمەڵی مەدەنی دووهێندە دەکات. لێنتز و ستیپان دووپاتەیدەکەنەوە کاتێک دیموکراسی جێگیردەبێت کە هاوکات پێنج بواری دامەزراوەیی:(کۆمەڵی مەدەنی، کۆمەڵی سیاسی، باڵادەستی یاسا، بۆرۆکراسیی لێهاتوو و ئابووری بەدامەزراوەییکردن) پێکبێن. زۆربەی ئەم بوارانە لەئێران لەدەیان ساڵی ڕابردوو لەژێر فشاری چڕبوونەوەی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژی و ئەمنیدابوون. لەئەنجامدا کۆمەڵی مەدەنی سەربەخۆ یەکێکە لەوپانتاییە کەمانەی دەتوانێت پەیوەندی نێوان کۆمەڵ و سیاسەت بنیاتبنێتەوە.
هەر چۆنێکبێت، کۆمەڵی مەدەنی لەئێرانیش سنوردارکراوە. زۆربەی کۆمەڵە مەدەنییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، سەندیکا سەربەخۆکان و میدیا ئازادەکان لەدەیان ساڵی ڕابردوو لەڕووی یاسایی و ئەمنییەوە سنوردارکراوون. ئەم سنورانە وایانکردووە کۆمەڵە مەدەنییەکانی ئێران نەتوانن ڕۆڵی دامەزراوەیی ببینن، کە لەهەندێک لەگواستنەوەکان سەرکەوتوو بینراوە.
هاوکات، کۆمەڵی ئێران لەڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە بەقووڵی گۆڕاوە. گەشەی شارنشینی، پەلوپۆهاویشتنی خوێندنی باڵا، زیادبوونی پەیوەندییە جیهانییەکان و گۆڕانی بەها کولتوورییەکان، داواکاری کۆمەڵایەتی بۆ بەشداریکردنی سیاسی و ئازادییە مەدەنییەکان زیادیکردووە. ئەم گۆڕانانە دەریدەخات، درزی نێوان کۆمەڵ و پێکهاتەی دەسەڵات لەئێران لەدەیان ساڵی ڕابردوو گەورە بووە.
ئەم درزەی نێوان کۆمەڵ و حکوومەت، بەیەکێک لەگرنگترین فاکتەرە ناجێگیرەکانی دەسەڵاتگەراکان دادەنرێت. کاتێک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نەبن بۆدەربڕینی داواکاری کۆمەڵایەتی، لەوانەیە ناڕازایی کۆمەڵایەتی بەشێوەی نادامەزراوەیی و جارجارە تووندوتیژ سەرهەڵبدات. لەهەلومەرجێکی وەهادا، نەبوونی کۆمەڵی مەدەنی ڕێکخراو دەتوانێت مەترسی ناجێگیری سیاسی زیاد بکات.
لەقاڵبی تیۆرەکانی مانسفێڵدو سنایدەر، لەم پرسە دەگەین. ئەوان دەریدەخەن گواستنەوەی سیاسی لەکاتی لاوازبوونی دامەزراوەکان دەکرێت ببێتە ململانێی ناوخۆ. کاتێک ڕژێمی دەسەڵاتگەرا لاواز دەبێت، بەڵام هێشتا دامەزراوە دیموکراسییەکان پێکنەهاتوون، ڕەنگە ڕکابەرییە سیاسییەکان خێرا ببنە ململانێی توندوتیژ.
ئەم مەترسییە لەئێران بەتایبەت لەوسیناریۆیانە زیاتر گرنگ دەبێت، کە گواستنەوە لەهەلومەرجی قەیراندا توند یان تەنانەت شەڕ ببێت. بەگشتی شەڕ دەبێتە بەئەمنییەتکردنی سیاسەت و زیادبوونی ڕۆڵی هێزە سەربازییەکان لەحکومەتدا. لەودۆخەدا، ئەگەر کۆمەڵی مەدەنی لاوازبێت، دوورنییە هێزە سەربازییەکان یان ئەمنییەکان ڕۆڵی بنەڕەتی لەشێوەدان بەنەزمی سیاسی نوێ ببینن.
ئەزموونی بەراوردکاری لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیشانیدەدات کە ئەمە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە. لەمیسر دوای ساڵی۲۰۱۱، سوپا کە پێشتر ستونێکی حکوومەت بوو، توانی لەکاتی ناجێگیری سیاسی دەسەڵات بگرێتەدەست. لەبەرامبەردا، کۆمەڵی مەدەنی لەتونس توانی تائاستێک ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا ببینێت و ڕێگریی لەبەیەکجاری پاشەکشەی گواستنەوە بکات.
ئێران لەهەندێکلاوە لەمیسر نزیکترە تا تونس. لە هەر دوووڵات، ڕۆڵی هێزە سەربازییەکان لەپێکهاتەی حکومەتدا گرنگە، بەڵام پێکهاتەی دەسەڵات لەئێران هەتا لەمیسریش ئاڵۆزترە، چونکە تۆڕی هێزە سەربازییەکان، ئەمنی و میلیشیاکان هەیە کە هەندێکیان ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بەپێکهاتەی ئایدۆلۆژیی حکومەتەوە.
ئەگەری گواستنەوەی سیاسی لەودۆخەدا، یەکێکە لەگرنگترین پرسیارەکان،کە هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان ئامادەن لەسیاسەت دووربکەونەوە یان نا. وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەدەسەڵاتی کۆمەڵی مەدەنی و توانای هێنانەکایەوەی هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی فراوان هەیە.
کۆمەڵی مەدەنی دەتوانێت لەودۆخەدا چەند ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت. یەک، دەستباری هێنانەئارای کەناڵە ئاشتییەکان بۆدەربڕینی داواکاری کۆمەڵایەتی بێت و ڕێگەنەدات ململانێی سیاسی بۆ توندوتیژی بگۆڕێت. دوو، یارمەتی پێکهاتنی کولتووری سیاسی بدات. سێ، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، متمانەی کۆمەڵایەتی بنیاتبنێتەوە.
متمانەی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەگرنگترین سەرچاوەکانی سەقامگیری سیاسی. لەهەلومەرجێکدا کۆمەڵ توشی بەجەمسەربوونی توندبێت، متمانەی نێوان کۆمەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە و ئەگەری ململانێ زیاددەکات. کۆمەڵی مەدەنی دەتوانێت لەڕێگەی دروستکردنی تۆڕی هاوکاری و گفتوگۆ، یارمەتی بنیاتنانەوەی ئەو متمانەیە بدات.
خاڵێکی گرنگی دیکە،تەنانەت کۆمەڵی مەدەنی لەسەرکوتکردنیشدا دەتوانێت بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوام بێت. ڕەنگە زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵە کولتوورییەکان، کۆمەڵە خێرخوازو دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان لەڕواڵەتدا سیاسی نەبن، بەڵام دەتوانن پانتاییەکی گرنگ بۆ پێکهاتنی کۆمەڵی مەدەنی مسۆگەربکەن.
لە ڕاستیدا، لەزۆربەی گواستنەوە سیاسییەکان، ناوکی سەرەتایی کۆمەڵی مەدەنی لەقاڵبی تۆڕە نافەرمی و کۆمەڵامەیەتییەکاندا پێکهاتوون. ئەم تۆڕانەلەکاتی قەیراندا، دەتوانن زوو ببنەڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان.
لەکۆتاییدا، ئەزموونەکانی مێژوو دەریدەخەن کە تا ئاستێک چارەنووسی گواستنەوەی سیاسی پەیوەستە بەپەیوەندی نێوان کۆمەڵی مەدەنی و دامەزراوە زۆرەملێکان. لە هەر شوێنێک کۆمەڵی مەدەنی توانیبێتی کارەکتەرێکی سەربەخۆ بێت، گواستنەوە – تەنانەت ئەگەر لاوازیش بێت – چانسی ئاشتیبوونی هەبوە. لەبەرامبەردا، لە هەر جێگەیەک بەئەمنییەتکردنی سیاسەت فەزای گشتی داگرتبێت. زۆرجار دەرئەنجام بەرهەمهێنانەی دەسەڵاتگەرایی یان ڕۆچوونەتەناو تووندوتیژی بووە.
گرنگی ئەم پرسە بۆ ئێران دووهێندەیە. گواستنەوەی سیاسی لەبارودۆخی قەیران یان شەڕدا، بوونی کۆمەڵی مەدەنی بێلایەن دەتوانێت جیاوازیی نێوان گواستنەوەی ئاشتیانەو پاشەکشەی تووندوتیژی دیاریبکات. بۆیە بەهێزی دامەزراوە مەدەنییەکان، تەنانەت لەکاتی سنوردارکردنی سیاسی، بەیەکێک لەگرنگترین پێشمەرجەکانی گواستنەوەی بەردەوام بۆ دیموکراسی لەئێران دادەنرێت.
پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران ئاڵۆزە. ئاوێتەیە لەدامەزراوەکانی هەڵبژاردن، پێکهاتە ئایدۆلۆژیی و تۆڕە ئەمنییەکان. ئەم پێکهاتانە، سوپای پاسداران نەک تەنها دامەزراوەیەکی سەربازی، بەڵکو کارەکتەرێکی ئابووری و سیاسییە. لەئەنجامدا، لەکاتی گواستنەوەی سیاسی لەبارودۆخی قەیران یان شەڕدا، مەترسی دەکرێت هێزە سەربازییەکان ڕێساکانی گەمە سیاسییەکان دیاریبکەن.
پاشەکی
ئەزموونەکانی مێژوو دەریدەخەن کە بەتەنها ڕووخانی ڕژێمێکی دەسەڵاتگەرا،دیموکراسی سەقامگیر نابێت. گواستنەوەی دیموکراسی پێویستی بەدامەزراوەی مەدەنی کاراو سەرمایەی کۆمەڵایەتییە. زۆرجار لەکاتی شەڕدا، ئەم ڕەگەزانە لاوازدەبن.
هەر چۆنێکبێت، لەوکاتانەشدا تۆڕە مەدەنییەکان دەتوانن ناوکی بەرایی کۆمەڵی مەدەنی داهاتووبن. بۆیە دەبێت کۆمەڵی مەدەنی نەک تەنیا بەڕەگەزێکی تەواوکەر، بەڵکو بەمەرجی ئەگەری گواستنەوەی ئاشتی بۆ دیموکراسی بزانین.
iran-emrooz