
فەریق محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێ و چاودێریی زیرەک، کۆنترۆڵێکی بێوێنەیان بەسەر سنوورەکاندا سەپاندووە و قاچاخچێتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
سەعیدی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ ڕێگری لە قاچاخی نەوت، دەستکراوە بە داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هاوکات فەرمان دراوە بە یەکخستنی ناوەندییەتی دەروازەکانی هەرێم و ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ داخستنی ڕێگا نافەرمییەکانی نێوان هەرێم و کەرکوک، دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا.
