
هەڵاوسانی نرخی بەنزین و هاواری شۆفێران
دواجار حكومەت تەسلیمی ئیرادەی بازرگانان بوو
ئا: ئەوین حەكیم پوور
بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و پاشەكشەی كارەبای ٢٤ كاتژمێری و بڵاوبونەوەی بێكاری و هەژاری تادێت فشاری زیاتر لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات. دواجار حكومەت نرخی سوتەمەنی نەك هەرزان نەكرد بەڵكو تەسلیمی ئیرادەی بازرگانانی سوتەمەنی بوون كە زۆرینەیان لە دەسەڵات یان نزیك لە دەسەڵاتن.
دیمەنەكە ئەوەیە تادێت نرخی سوتەمەنی گرانتر دەبێت، سەرەتا حكومەت لە بڕیارێكی گرنگدا نۆرماڵی بازرگانی كرد بە ٨٥٠ دینار و محسنیشی كرد بە ١٠٠٠ دینار و سوپەریش ١٢٠٠، بەڵام تەنها دوو رۆژی خایاند و بازرگانانی سوتەمەنی توانیان بڕیارەكە رابگرن و بنزین فرۆشتن گەرایەوە سەر شەقامەكان و جلیكانی بوو بە ٥٢٠٠٠ دینار. دواجار حكومەت جگە لە كاركردن بە كۆبۆن كە هەفتەی تەنها ٥٠ لیتر بە ٧٥٠ دینار دابەش دەكات هیچی تری نەكرد. ئێستا نرخی بنزینی نۆڕماڵی بازرگانی بەرزبۆتەوە بۆ ١١٧٥ دینار و محسن بوو بە ١٧٠٠ و سوپەریش بوو بە ١٢٢٥ بە كوالێتییەكی زۆر خراپەوە كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئۆتۆمبێلەكان و ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیانیش هەیە.
لەو بارەیەوە ئەحمد رەشید شوفێرێكی تاكسی لە شاری هەولێر بە ئازادی ڕاگەیاند: بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی كاریگەری خراپی لەسەر كاركردنمان كردۆتەوە ویاكردووە رۆژانە رووبەرووی رەخنەی هاوڵاتیان ببینەوە بەهۆی كرێی تاكسی لە كاتێكا حكومەت بەر پرسیارە نەك شوفێرانی تاكسی.
هاوڵاتییەكی كاسبكاریش پێی ڕاگەیاندین :بەم چلەی هاوینە كێشەی كارەبای 24 كاتژمێری و بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و كەمی كرێی كار تینی بۆ هەموو لایەك هێناوە پرسیار ئەوەیە كێ سوود مەندە لەم دۆخە . نیگەرانی هاوڵاتیانش كەمتر نییە لە نیگەرانی شوفێران دواجار كاتێك حكومەت هاوسەنگی لەدەست دەدات لە جێگای پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و كریكاران و شوفێرانی تاكسی پاراستنی بەرژەوەندی بازرگانانی هەڵبژارد.
