
ڕێگای کوردستان
لە گەرمەی ئەو جەنگە سەختەی کە ماوەی هەشت ڕۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە، گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە تاران، لەپڕ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم شەڕە هەشت ڕۆژەیەوە، هەرێمی کوردستان بەتەواوی بێلایەنیی خۆی پاراستووە و هیچ جۆرە هێرشێک لە خاکی هەرێمەوە نەکراوەتە سەر ئێران.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئەم پێشهاتە بە ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئاشکرا لە دژی قەوارەی هەرێم وەسف دەکەن و ڕاستەوخۆ دەیبەستنەوە بە لێکەوتەکانی شەڕە نۆ ڕۆژەکەوە.
پێشیان وایە کە ئەم گروپانە لەژێر فشاری قورسی جەنگە هەرێمایەتییەکەدان و دەیانەوێت پانتایی شەڕەکە فراوان بکەن. شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەم گروپانە ناتوانن لەم جەنگەدا گۆڕانکاریی لە بەرژەوەندی ئێران بکەن، بۆیە قەیرانەکە و ئاڵۆزییەکانی شەڕەکە وەک بیانوویەک و پەردەیەک بەکاردەهێنن بۆ پەلاماردانی هەرێم. ئەوان دەیانەوێت بەزۆر هەرێم پەلکێشی ناو ئاگری ئەم جەنگە بکەن و ململانێ کۆنەکانی خۆیان یەکلا بکەنەوە.
لە ڕووی سەربازیشەوە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هێرشە درۆنییەکان هەوڵێکن بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر تاران، ئاماژەش بەوە دەکەن، ئەم گروپانە دەیانەوێت لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی هەرێمەوە، سەرنجەکان لەسەر لاوازییەکانیان لەم جەنگدا لابدەن. ئەمە تەنها کاردانەوە نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕاستەقینەیە لە دژی سەقامگیریی هەرێم.
بەبۆچونی چاودێران، بەکارهێنانی شەڕی هەشت ڕۆژەی ئێران و ئەمریکا وەک پاساوێک بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان، سەرکێشییەکی مەترسیدارە و ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمە لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.