
رێگای کوردستان- هەولێر
قەیرانی سووتەمەنی و گرانبوونی نرخی بەنزین لە شاری هەولێر جارێکی دیکە ڕووی لە هەڵکشان کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ جێگیرکردنی نرخەکەی سەرکەوتووی بەدەستنەهێنا و لە بەرامبەردا ڕێکاری نوێ بۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو (حکومی) دەگیرێتەبەر.
هەفتەی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ لە شاری هەولێر بۆ ٨٥٠ دینار دابەزێنێت و جێگیری بکات، بەڵام شکستی هێناو زۆرینەی خاوەن بەنزینخانە ئەهلییەکان بە پاساوی جیاجیا و کەمبوونی خستنەڕوو، پابەندی بڕیارەکە نەبوون. بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری (ڕێگای کوردستان) لە شاری هەولێر، لە ئێستادا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ گەیشتووەتە ١٢٠٠ دینار، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران دروستکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بەهۆی شکستەکەی لە دابینکرنی بڕێکی زۆر لە بەنزینی نۆڕماڵ، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە رێگای کۆبۆنەوە، دەستی کردووە بە دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە نرخی ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک، بەڵام قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر بەنزینخانە حکومییەکان دروستبووە و شۆفێران ناچارن چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا بوەستن.
هەر لە بەدواداچوونەکەی رێگای کوردستان ئەوەش بەیدی کرا، وەکو رۆژانی رابردوو لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر، بەنزین نییە.
