
رێگای کوردستان
هادی کوڵکنی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لە پەیامێکی توند و هۆشداریکەرەوەدا ڕەخنەی توند ئاراستەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ململانێ و بەرژەوەندییە حزبییەکان، کیانی سیاسی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان خستووەتە بەردەم مەترسییەکی جدی لەناوچوون.
هادی کوڵکنی لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانی سەرجەم تێکۆشەرانی ئەم نیشتمانە و خوێنی ئاڵی شەهیدان، ئەنفالکراوان و قوربانیانی کیمیابارانە، بەڵام لە ئێستادا "دوو حزب تەحاکومی پێوەدەکەن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی، نزیکە نیشتمان، نەتەوە و کیانە سیاسییەکەمان بەرەو لەناوچوون ببەن."
ئەم سەرکردەیەی حزبی شیوعی بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ هۆشداری دەداتە بەرپرسان و دەڵێت: "تکایە بەئاگاوەرنەوە؛ گەل هیچی نییە لەدەستی بدات جگە لە خاک و سەروەری تاک. بەڵام ئێوە بیرەنەوت، داهاتی سنوورەکان، داهاتی بێشوماری ناوخۆ و بەرژەوەندی نەوەکانتان و هەموو شتێک لەدەست دەدەن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هادی کوڵکنی داوا دەکات پێش ئەوەی دەرفەت لەدەست بچێت، لایەنە دەسەڵاتدارەکان پێداچوونەوە بە سیاستەکانیاندا بکەن، بە پێچەوانەوە "لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا ناوتان دەنەخشێنرێت."
