
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر و لە هۆتێل دیڤان، لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار (ILO)، كۆبوونەوەتەوە بە مەبەستی پشتڕاستكردنەوەی كۆتایی "سیاسەتی نیشتمانیی بەكارخستن".
ئەم كۆبوونەوەیە وەك هەنگاوێكی ستراتیژی دەبینرێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەك كە ئامانج لێی ڕزگاركردنی ئابووری هەرێمی كوردستانە لە پشتبەستنی تەواو بە كەرتی نەوت. تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان بریتی بوو لە ڕەخساندنی هەلی كاری ڕاستەقینە بۆ هەزاران گەنج و دەرچووی زانكۆكان، لەگەڵ ڕێكخستنەوەی بازاڕی كار بۆ ئافرەتان، گەنجان و ئاوارەكان.
یەكێكی تر لە ئامانجە گرنگەكانی ئەم پلانە نیشتمانییە، چاككردنی ژینگەی كار و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییە بۆ ئەو پێشێلكاریانەی كە ڕووبەڕووی كارمەندان و كرێكاران دەبێتەوە لە كەرتی تایبەت و بازاڕدا.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان تیشكیان خستە سەر گرنگی جێبەجێكردنی ئەم پلانە. جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم بەرنامەیە تەنها وەك "پلانێكی سەر كاغەز" نەمێنێتەوە، بەڵكو ببێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و دابینكردنی مافە یاساییەكانی كرێكاران لە هەرێمی كوردستاندا.
بڕیارە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا وردەكاری زیاتری شێوازی جێبەجێكردنی ئەم سیاستە نیشتمانییە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت.


