
ژووری هەواڵ
تا ئێستا لە پارێزگای کەرکوک زیاتر لە ١١ هەزار پارچە چەکی سووک لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار کراون.
وەک خۆیان دەڵێن، بەپێی ڕێکارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردن تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و دوای ئەو وادەیە، هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
شارەزایانی ئەمنی دەڵێن، چەکدارکردنی شارەکان بووەتە هۆی نیگەرانییەکی گشتی. ئەزموونی ڕابردوو دەیسەلمێنێت کە بوونی چەک لە نێو شارەکاندا، لە هەر ساتێکدا بێت کارەسات دەخولقێنێت.
پێشیان وایە، ناکرێت ڕێگە بدرێت چەک بەمجۆرە بەربڵاوە لە دەستی خەڵکدا بێت، بەڵکو پێویستە دەسەڵاتی هەڵگرتنی چەک تەنها لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندا بێت.
شارەزایان ئاماژەی پێدەکەن، شارەکان شوێنی ژیان و ئارامین، نەک گۆڕەپانی ململانێی چەکداری. پێویستە کۆتایی بە دیاردەی چەکدارکردنی شارەکان بهێنرێت و یاسا بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە تەنها لەو کاتەدا دەتوانین دڵنیا بین لە سەلامەتی هاووڵاتییان و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، کە حکومەت بەرپرسیارە لەوەی چەک لە دەرەوەی دەزگا ئەمنییەکان کۆ بکاتەوە و ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکات کە ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
