
هەولێر – ئۆفیسی سەنتەر
لە چوارچێوەی پتەوکردنی دیالۆگی فکری و کولتووری و برەودان بە لێکتێگەیشتنی نێوان گەلان، سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی ، لە ئۆفیسی سەرەکیی خۆی پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری میلی چین، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ژانگ جیانشین، کونسوڵی گشتی بە وەکالەت و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی د. کاوە مەحموود سەرۆکی سەنتەر، نەبەز مستەفا بەڕێوەبەری جێبەجێکار، و ژمارەیەک لە توێژەران و ئەندامانی ستافی سەنتەر بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی قووڵی فکری و مەعریفی لەبارەی ڕۆڵی دەستپێشخەرییە جیهانییەکان لە بونیادنانی پردی لێکتێگەیشتن لە نێوان شارستانیەتە جیاوازەکاندا ئەنجامدرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ژانگ جیانشین ئاماژەی بە بارودۆخی هەنووکەیی جیهان و ناوچەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە سایەی ململانێ و قەیرانە بەردەوامەکاندا، گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی «دیالۆگ و فێربوونی هاوبەش لە نێوان شارستانیەتەکان» دەبێتە پێویستییەکی حەتمی و مێژوویی. ناوبراو ستایشی پێگەی سەنتەرەکەی کرد وەک یەکەمین سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ڕۆڵی سەنتەرەکەی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی فکری، لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان و دروستکردنی پانتایی بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر بەرز نرخاند، هاوکات ئامادەیی تەواوی نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەنتەر لەپێناو پیادەکردنی پراکتیکیی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی و قووڵکردنەوەی هەماهەنگییە ئەکادیمی و کولتوورییەکان.
دکتۆر کاوە مەحموود بە ناوی دەستەی بەڕێوەبردن و ستافی سەنتەرەوە بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و لە ڕوانگەیەکی فکرییەوە تیشکی خستە سەر دەستپێشخەرییە ستراتیژی و گشتگیرەکانی سەرۆک «شی جینپینگ»، بەتایبەت لە بواری پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری، ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی گەلان و ڕەتکردنەوەی پێداگری لەسەر تاک ڕەهەندیی شارستانی و. ئامادەیی سەنتەری دەربڕی بۆ فراوانکردنی هاوبەشی ئەکادیمی لەگەڵ ناوەندە هزری و زانکۆکانی کۆماری میلی چین بە مەبەستی بەرهەمهێنانی مەعریفەی هاوبەش و دەوڵەمەندکردنی دیالۆگی نێوان کولتوورەکان. هەروەها نەبەز مستەفا بەرێوەبەری سەنتەرەکە کورتەیەکی لەبارەی بەرنامەو نەخشەڕێگای داهاتووی سەنتەرەکە خستەڕوو.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگیی هاوبەش و ڕێکخستنی چالاکیی هاوبەشی فکری و توێژینەوەیی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەها مرۆییە هاوبەشەکان، ئاشتی، و پێکەوەژیانی شارستانیەتەکان بکات.


