
رێگای كوردستان
تێد کروز سیناتۆری کۆماری ئەمریکا لە تەکساس، لە لێدوانێکدا داوای پڕچەککردنی خۆپیشاندەرانی ئێران، بە تایبەتی کوردەکان، دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
کروز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند" ئامانجی درێژخایەنی ئەمریکا دەبێت ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، هەروەها کوردەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە گۆڕینی دۆخی ئێراندا بگێڕن".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئامانجی سەرەتایی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ لاوازکردن و لەناوبردنی توانای سەربازی ئێران بووبێت، ئەوا ئەم ئامانجە بەشێوەیەکی تەواو بەدەستهاتووە.
کروز وتیشی" کۆگاکانی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران بەشێوەیەکی گەورە زیانیان پێگەیشتووە، توانای بەرهەمهێنانیان کەم بووەتەوە و بەشێک لە فەرماندە و ڕێبەرە باڵاکانی ئێران لەناوچوون".
دەشڵێت" داوام لە ترەمپ و بەڕێوەبەرایەتییەکەی کردووە کە خۆپیشاندەرانی ئێران پڕچەک بکەن و چەک بە خەڵکی ئێران، بە تایبەتی کوردەکان، بدەن، بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن ڕێژیمەکە بڕوخێنن".
