
هاوڕێ کرێکار
دوای ئەوەی پۆلیسی پارێزگای دیالە لەڕوودانی دیارنەمانی پۆلیسێکی نەوت وگازی هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە و دەستبەجێ دەست بەلێکوڵینەوە دەکەن و وتاربێژی مزگەوتی دوێدان و سێ کەسی تر دەستگیر دەکرێن ، کە پۆلیسەکەیان بەناوی دەعوەتیەوە فریوداوە و کووشتوویانە.
بەپێی زانیارییەکان، زێدان محەمەدخەماس، پۆلیسی نەوت و گازی هەرێم،سەرەڕای پیشە فەرمییەکەی ، کاری کڕین و فروشتنی ئاژەڵی کردووە و پارەی قەرزی لای یەکێک لەتاوانبارەکان بووە، کە پێکهاتوون لە دووبرا و دوو ئامۆزای عەبدولکەریم ساڵەح ، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە.
پۆلیسی دیالە ڕایدەگەیەنێت: تۆمەتبارەکان قوربانیەکەیان هەڵخەڵەتاندووە و دەعوەتی ماڵی خۆیان کردووە و پێکەوە نانی نیوەڕۆیان خواردوە و دواتر بە دەمانچە کووشتوویانە و تەرمەکەی و دەمانچەکەیان فڕێداوەته ناو بیرێکی کۆنی ئاو لەگوندی دوێدان.
دوای ئەوەی تۆمەتبارەکان زێدان دەکوژن، ئۆتۆمبیلەکەی کە کیایەکی دووتەنی بووە، لەنێو باخێکی گوندی جدیدە فڕێدەدەن و پارە و مووبال و کەرەستەکانی تیدا دادەنێن و چەند وایەریکی کارەبایی ئۆتۆمبیلەکە دەبڕن و جێیدەهێڵن.
سەرچاوەیەکی نزیکی خانەوادەکەی زێدان بۆ ئازادی ئاشکرایکرد، ئەوانەی زێدانیان کووشتووە، دوو برا و دوو ئامۆزای بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارەن و یەکێکیان وتاربێژی مزگەوتی گوندی دوێدانە.

