
ڕێگای كوردستان
شانەی ڕاگەیاندنی جەنگیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان و هێزی ئاسمانی لە ناحیەی پردێ، سێ چەکداری داعش کوژران و چوارەمیش بە برینداری دەستگیرکرا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە شەوی هەینی، ١٣ی تشرینی دووەم، بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکان مۆڵگەیەک یان جووڵەیەکی چەکدارانی داعشیان لە ناحیەی پردێ بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا سێ چەکدار کوژراون.
شانەی جەنگی ئەوەشی خستەڕوو کە چەکداری چوارەم، کە ئەرکی گواستنەوەی گرووپەکەی پێ بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە برینداری دەستگیر کراوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە دوای ئەوە هات کە نزیک کاتژمێر ٨ی شەو، هێزێکی زۆر لە سەربازانی عێراقی لەناو شارۆچکەی پردێ (کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر) بڵاوەیان پێ کرا و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا. لەو کاتەدا دەنگی فڕۆکە و بۆردومانی کۆپتەر لە ناوچەکەدا بیسترا، پێش ئەوەی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمی بڵاو بکاتەوە.
