
رێگای كوردستان
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان رایدەگەیەنێت: گەلەکەمان لە ڕۆژئاڤا بە هەموو دەنگ و ڕەنگێکەوە مێژوویەکی پۆڵایینیان لە کۆبانێی خۆڕاگردا تۆمار کرد. دەشلێت" بە توندی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر مافە ڕەواکانی زیاتر لە شەست ملیۆن کورد سەرکۆنە دەكەین".
دەقی بەیاننامەكە:
دوازدە ساڵ لەمەوبەر، گەلەکەمان لە ڕۆژئاڤا بە هەموو دەنگ و ڕەنگێکەوە مێژوویەکی پۆڵایینیان لە کۆبانێی خۆڕاگردا تۆمار کرد و بوونە قەڵای تێکشکاندنی تیرۆر و پیلانگێڕییە هەرێمییەکان دژ بە بوون و شوناسمان.
ئەم وەرچەرخانە لە سنووری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی تێپەڕی و بووە دەنگێکی سیاسیی یەکگرتوو؛ بە جۆرێک هاوکێشەی سڕینەوەی پێچەوانە کردەوە و زەنگی مەترسیی فاشیزم و ستەمکاری بۆ جیهان لێدا.
یەکی تشرینی دووەم وێستگەیەکی خەباتگێڕانەیە بۆ دەرخستنی ئێش و ئازارەکان؛ نەخشەڕێگایەکە بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتیی ریشەیی، دادپەروەری، مافی چارەی خۆنووسین و هاوبەشیی ڕاستەقینە.
حیزبی شیوعی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بێمەرجی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاڤا، بە توندی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر مافە ڕەواکانی زیاتر لە شەست ملیۆن کورد سەرکۆنە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەری قەیرانەکانی پەیوەست بە پرسی کورد مەرجی بنەڕەتیی سەقامگیریی ناوچەکەیە.
لەم ڕوانگەیەوە پێمان وایە پێویستە گەلانی سوریا سەنتەری چارەسەری کێشەی سیاسی و ئابوری، کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاڤاو و تەواوی سوریا بن، ڕێگا بە دەستێوەردانی دەرەکی نەدەن سەروەریی نیشتمانییان پێشێل بکەن، چونکە تاكو ئێستا ئەمە ئاستەنگ و مەترسیی ڕاستەقینەی بەردەم گۆڕانکاریی دیموکراتییە لەو وڵاتەدا و هەڕەشەن بۆ سەر مافەکانی گەلی کوردستان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی ڕۆژئاڤا.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کۆبانێ و کاروانی پرشنگداری ڕزگاریی نیشتمانی دادەنوێنین، کە بە خوێنی ئاڵیان مانای مانەوە و کەرامەتیان بۆ گەلەکەمان مسۆگەر کرد.
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان
