ڕێگای کوردستان
شارەزایان و چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق وڵاتەکە دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی مەترسیدارەوە.
بە بۆچوونی شارەزایان، ئەگەر سەرۆکی حکومەتی داهاتوو کاندیدی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بێت و دڵخوازی ئەمریکا نەبێت، عێراق ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورە دەبێتەوە.
لەسەر ئاستی ئابووری، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق دەکەوێتە ژێر گورزی توندی گەمارۆ ئابووری ئەمریکاوە. ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی بەهای دینار لەبەرانبەر دۆلاری ئەمریکی و تێکچوونی بژێوی خەڵک و دروستبوونی ناڕەزایەتی جەماوەری کە ڕەنگە کۆنترۆڵ نەکرێت.
لەسەر ئاستی ئەمنیش، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ڕاگرتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی داعش و گرووپە چەکدارە هاوشێوەکانی، بەوەش سەقامگیری وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە.
چاودێران جەخت دەکەنەوە کە پێویستە لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکان ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و واز لە عینادی سیاسی و وابەستەیی هەرێمایەتی بهێنن، تاوەکو ئایندەی عێراق و خەڵکەکەی لە کارەسات بپارێزن.
