
چین (class)، چه‌مكێكی فیكری و فه‌لسه‌فییه كه گه‌رچی له ماركسه‌وه ته‌نرایه‌وه، به‌ڵام به‌ر له‌ویش هه‌بوو. چین ناوه‌كه‌یه و چینایه‌تی ئاوه‌ڵناو (سیفه‌ت)ـه‌كه‌یه‌تی. چه‌مكه‌كه ناوه‌ڕۆكێكی ئابوریی هه‌یه، یان وردتر په‌یوه‌ندیی به شێوازی دابه‌شكردنی سامان، ده‌سه‌ڵات، و سه‌رچاوه مرۆیی و نامرۆییه‌كانه‌وه هه‌یه.
چین، گرووپێك خه‌ڵكه له ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوریی هاوبه‌ش، بڕی داهات، و پشكی ده‌سه‌ڵات كۆده‌بنه‌وه. قورسایی چه‌مكه‌كه ده‌كه‌وێته دونیای مۆدێرنه‌وه، چونكه له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا چینه‌كانیش شلتر ده‌بنه‌وه، سنوره‌كانیان ده‌خزێته ناو یه‌كتر، ڕیشه مێژوویی و زه‌مینییه‌كه‌ی ڕوونتره و هتد. له‌كاتێكدا چینه‌كان له پێشمۆدێرنه‌دا، تۆكمه‌تر و پیرۆزتر بوون (بۆ نمونه كاست-ـی هندی كه وه‌ك چینی مۆدێرن گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌به‌گایه‌تییش هه‌ر خاوتره). كورد زۆرجار چین و "توێژ"یش له‌بری یه‌كدی به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام ناوه زانستییه‌كه هه‌ر چه‌مكه.
لای ماركس، چه‌مكه‌كه گۆڕانێكی چۆنایه‌تیی به‌سه‌ردا دێت. بۆ نموونه، چین چیتر بریتی نییه له كۆمه‌ڵیك خه‌ڵكی دیاریكراو كه داهاتێك كۆیانده‌كاته‌وه. به‌ڵكو له چه‌مكی "په‌یوه‌ندی" نزیكده‌بێته‌وه: چین پێگه‌یه‌كی بونیادی و په‌یوه‌ندیمه‌ندی مرۆڤه‌كانه به ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه. یان ساده‌تر: چین، په‌یوه‌ندیی مرۆڤه به به‌رهه‌مهێنانه‌وه له كۆمه‌ڵگادا (كه زه‌وی و كارگه و ته‌كنیك و هتد ده‌گرێته‌وه). كۆمه‌ڵگای مۆدێرن لای ماركس به‌سه‌ر دوو چینی سه‌ره‌كی دا دابه‌شده‌بێت: چینی چه‌وسێنه‌ری بۆرژوازی، و چینی چه‌وساوه‌ی پرۆلیتاریا. یه‌كه‌میان خاوه‌نی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه و زیاده‌به‌های كرێكاران بۆ خۆی ده‌بات. دووه‌میشیان، ته‌نیا "هێزی كار"ـی هه‌یه كه ده‌یفرۆشێته چینه‌كه‌ی تر. كه‌واته چین لای ماركس، په‌یوه‌ندیی به بڕی پاره و داراییه‌وه نییه؛ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك نییه پاره‌ی هه‌بێت و ئه‌ویتریان پاره‌ی نه‌بێت، به‌ڵكو جۆرێك په‌یوه‌ندی یان كۆپه‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه كۆمه‌ڵگە ده‌كات به دوو له‌ته‌وه. هه‌ركاتیش "چین له‌خۆیدا" په‌ڕییه‌وه بۆ "چین بۆ خۆی"، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه ئاگایی چینایه‌تی درووستبووه و كرێكار له پێگه‌كه‌ی خۆی به‌ئاگاهاتووه‌ته‌وه.
چین له زه‌ینی خوێنه‌ری كورددا، ڕێژه‌یه‌ك خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند یاخۆ هه‌ژاره. به‌ڵام دابه‌شكارییه‌كه لای فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك ماركس، دابه‌شكردنێكی تۆپۆلۆژییه. واته كێشانی نه‌خشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌سه‌ر كاغه‌ز، كه دواتر له‌سه‌ر زه‌ویی واقیع خه‌ڵكی تێ ده‌خزێت. تۆپۆلۆژیا، زانستی كێشانی نه‌خشه‌ی شته‌كانه به‌ر له‌وه‌ی دابه‌زێت بۆ سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع. وه‌كچۆن فرۆید سه‌ره‌تا تۆپۆلۆژیایه‌ك بۆ ده‌روونی مرۆڤ ده‌كێشێت و دابه‌شیده‌كات به‌سه‌ر سیانه‌ی ئید و ئیگۆ و سوپه‌رئیگۆدا، ماركسیش هه‌ر هه‌وڵێكی تۆپۆلۆژی و شوێنناسانه‌ی له‌و جۆره ده‌دات. بۆیه چین، دیارده‌یه‌كی نه‌گۆڕی جه‌وهه‌ری نییه؛ به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی بزۆك و دینامیكییه. واته ده‌شێت كه‌سێك پاره‌ی هه‌بێت، به‌ڵام خاوه‌نی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان نه‌بێت؛ یاخۆ خاوه‌نی ئامرازه‌كه تووشی مایه‌پووچی ببێت و هێشتاش هه‌ر سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه بێت. سه‌ره‌نجام هیچیان بێ ئه‌ویدی بوونیان نییه، و له په‌یوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكیدان.
وێڕای تیژبینیی ماركس، بۆ تێگه‌یشتن له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی مۆدێرن؛ مێژووی دواتر ورده لادان و پێچی نوێی گرته‌خۆی. چه‌مكی چین نه‌سڕایه‌وه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی واقیعی بۆ چه‌مكه‌كه درووستبوو. له زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا چینی ناوه‌ڕاست ڕۆڵی كاریگه‌ری گێڕا و سه‌رمایه‌داری قه‌یرانه‌كانی بۆخۆی قۆسته‌وه. له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگەشدا، چین ڕه‌هه‌ندی تری لێ ئاڵا و بۆرژوازی كتومت ئه‌و بۆرژوازییه‌ی خۆرئاوا نه‌بوو (بۆ نموونه، له كوردستان چینێكی حیزبیی كرێخۆر و ئۆلیگارشی هه‌ن كه ناهێڵن چینایه‌تییه تۆپۆلۆژییه باوه‌كه ده‌ربكه‌وێت و خۆیان ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕن).
به‌و پێیه‌ی مێژووی مرۆڤ، مێژوویه‌كی بێگه‌رد نییه؛ چه‌مكه‌كانیش بێگه‌رد نامێننه‌وه. چین، به‌ڕه‌هایی چه‌مكێكی ئابوری نه‌بووه، به‌ڵكو پرسگه‌لی سه‌رخانی لێ ئاڵاوه له چه‌شنی نه‌ته‌وه، دین، خێڵ، سیاسه‌ت، جوگرافیا و هتد. ئه‌مه چه‌مكی چین له‌ناونابات، به‌ڵكو هه‌ستیاییه‌كی زیاتری پێ ده‌به‌خشێت. گه‌ر دابه‌شكردنی كار، كرۆكی چینایه‌تی بێت لای ماركس؛ ئه‌وا ئه‌م كرۆكه به پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزدا خۆی ده‌رده‌خات و چینێكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه (واته فاكته‌ری كات و مرۆیی و ئه‌وانه‌ش ڕۆڵیان هه‌یه له ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كرۆكه‌دا).
