
هێرمینۆتیك (Hermeneutics)، وشه‌یه‌كی تۆزێك ته‌مومژاوییه بۆ زه‌ینی خوێنه‌ری كورد. وشه‌كه له هێرمسی یۆنانییه‌وه هاتووه كه به واتای په‌یامگه‌یه‌نه‌ری خوداكانه، واته ئیشی هێرمس ئه‌وه بوو په‌یامی ئاڵۆزی خوداكان وه‌ربگرێت و بیكاته زمانێكی ڕۆشن و خۆش بۆ مرۆڤه‌كان. ئه‌وه زۆر دره‌نگتر بوو كه وشه‌كه بووه چه‌مك و به واتای تیۆری ته‌فسیركردن ده‌هات.
هێرمینۆتیك، ته‌نیاوته‌نیا له مانای ده‌ق ناكۆڵێته‌وه. به‌ڵكو دیارده‌كانیش هه‌ر سرووشتی ده‌قیان هه‌یه، بگره شار ده‌قه، وه‌سیه‌تێك ده‌قه، ڕووخساری مرۆیه‌ك ده‌قه، پانتاییه‌كی وه‌رزشی ده‌قه و هتد. له كۆندا، واته به‌ر له سه‌رده‌می مۆدێرن، هێرمینۆتیك پتر بۆ ڕاڤه‌ی ده‌قه دینییه‌كان به‌كارده‌هات. یانژی بۆ ده‌قگه‌لی دێرینی ئه‌ده‌بی له چه‌شنی هۆمێر و هتد.
له سه‌رده‌می مۆدێرندا، واته له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا، هێرمینۆتیكی نوێ هاته‌ئاراوه. گه‌ر له كۆندا، هێرمینۆتیك ته‌نیا كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسا بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆتا مانای جێگیری ده‌قێك بدۆزرێته‌وه، ئه‌وا له مۆدێرنه‌دا كێشه‌كه قووڵتر بووه‌وه: ئه‌م جاره‌یان بیر له ڕێساكانی خودی تێگه‌یشتن كرایه‌وه. پێشتر ده‌یانویست له فڵان ده‌ق تێبگه‌ن، به‌ڵام له مۆدێرنه‌دا هه‌وڵه‌كه له‌و پێناوه‌دا بوو كه تێگه‌یشتن خۆی چیه و چۆن ده‌ڕه‌خسێت؟ چۆن شتێك د‌رك ده‌كه‌ین و په‌یوه‌ندیی ئه‌و دركه به مرۆڤ و مێژووه‌وه چییه. لێره‌شه‌وه كێشه‌ی ته‌فسیر، مێژوویی بووه‌وه. ده‌بوو هه‌موو شتێك له‌ناو مێژوودا تێبگه‌ین و شیی بكه‌ینه‌وه. له ناوه دیارده مۆدێرنه‌كان، ده‌توانین ناوی شلایه‌رماخه‌ر ببه‌ین كه دامه‌زرێنه‌ری هێرمینۆتیكی مۆدێرنه. ئه‌و یه‌كجاری، كێشه‌ی هێرمینۆتیكی به‌سته‌وه به كێشه‌ی تێگه‌یشتنه‌وه و وتی ئه‌مه ناوكی كێشه‌كه‌یه.
دواتر "دێلتای"مان هه‌یه. دێلتای بنه‌ڕه‌تی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی داڕشت. بۆ ئه‌وه‌یشی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان له سرووشتییه‌كان جیابكاته‌وه، دوو چه‌مكی هێنا كه بۆ كێشه‌ی هێرمینۆتیكیش گرنگ بوو: ڕوونكردنه‌وه، تێگه‌یشتن. یه‌كه‌میان تایبه‌ت بوو به زانسته سرووشتییه‌كان، چونكه له‌سه‌ر هۆ و ئه‌نجامی ده‌ره‌كی و بابه‌تی كارده‌كه‌ن. به‌ڵام له زانسته مرۆییه‌كاندا، تێگه‌یشتن له‌پێشتره. تێگه‌یشتن، واته شتانێك له هه‌ناوی ئه‌زموونی مرۆڤه‌وه دێنه‌ده‌ره‌وه، و مرۆڤ وه‌ك بكه‌رێك به‌شداره له داڕشتنیاندا. بۆیه دێلتای پێی وابوو كه هه‌ر به‌رهه‌م و ده‌قێك، پێویستی به‌وه‌یه مرۆیی و مێژوویی بكرێته‌وه و بخرێته ناو ئاسۆی مێژوویی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه. چونكه هه‌ر سه‌رده‌مێك، بۆ كۆمه‌ڵێك مانا و مه‌رام و چالاكیی مرۆیی درووستبووه و ته‌فسیریش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مانای هه‌یه.
دواتر مارتن هایدگه‌ر، كۆی پرسی هێرمینۆتیكی به‌سته‌وه به كێشه‌ی بوونه‌وه. واته له‌وه ده‌ریكرد میتۆدێك یاخۆ ئامرازێك بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی مانای ده‌ق. مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی ده‌قێك لێكبداته‌وه، له‌ناو جیهاندایه و جیهانیش به‌گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك دید و پێشداوه‌ری تێده‌گات. به مانایه‌كی تر، هه‌ر تێگه‌یشتنێك بۆ مرۆڤ، گۆڕانه له جیهانیشدا نه‌ك هه‌ر مانای ده‌ق.
دوو ناوی تر له مێژووی هێرمینۆتیكدا، جۆرج گادامێر و پۆڵ ڕیكۆرن. گادامێر چه‌مكێكی ناوداری وه‌ك "پێكداچوونی ئاسۆكان"ـی داهێنا. پێكداچوونی ئاسۆكان، واته ئاسۆی ده‌ق و ئاسۆی كه‌سی ته‌فسیركار پێكداده‌چن و شتێكی نوێ له‌دایكده‌بێت. ئاسۆی ده‌ق، واته ئه‌و سیاقه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی وا ده‌قی تیا ڕسكاوه. ئاسۆی ته‌فسیركاریش، واته دیسان دۆخی مێژوویی ئه‌و كه‌سه و پاشان پێشداوه‌رییه‌كانی كه له‌و جیانابنه‌وه و كارده‌كه‌نه سه‌ر چۆنیه‌تیی ته‌فسیره‌كه‌ی. ڕیكۆریش باسی هێرمینۆتیكی به‌دگومانیی كرد، كه چۆن ماركس و نیچه و فرۆید وه‌ك سێ مامۆستای به‌دگومان، حه‌قیقه‌تیان له‌پش ئایدۆلۆژیا و ویستی هێز و نه‌سته‌وه دۆزیوه‌ته‌وه. واته حه‌قیقه‌ت، ئاوێته‌یه به ڕووكه‌شی ده‌ق و دیارده‌كان و هێند به‌سه، ڕووكه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگرین. ته‌فسیركار ده‌بێت، ئایدۆلۆژیا و ویستی هێز و نه‌ست، شیبكه‌نه‌وه؛ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به مانای حه‌قیقه‌ت له‌و سێ بونیاده‌دا.
كێشه‌ی هێرمینۆتیك هه‌ر به‌رده‌وامه و له‌سه‌ری ده‌نووسرێت. سه‌رچاوه‌كان به زمانی كوردی زۆر كه‌م و سنوردارن. به‌ڵام ڕۆشنبیریی كوردی له‌و پێناوه‌دا پێویستی به هه‌وڵه.
