
هه‌ڵه، یه‌ك له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی مێژووی فیكره كه هه‌ژموونی چه‌مكی حه‌قیقه‌ت و ڕاستی نه‌یهێشتووه زۆر ده‌ربكه‌وێت. به‌تایبه‌ت بۆ كوردزمانێك كه هه‌ڵه هێشتان پێگه‌ی چه‌مك و زاراوه‌ی وه‌رنه‌گرتووه. دیاره چه‌مكی له‌م جۆره‌ی تریشمان هه‌ن كه په‌راوێزخراون.
هه‌ڵه، له نیگای یه‌كه‌مدا پێچه‌وانه‌ی ڕاستی یه. ته‌نانه‌ت دیوه لاوه‌كییه‌كه‌ی ڕاستی، ئه‌وه‌ی كه پتر له سێبه‌ر و ژێركاربۆنی وی ده‌چێت. هه‌ڵبه‌ت كاتێك ده‌ڵێین ڕاستی، خۆبه‌خۆ هه‌ڵه‌شمان نه‌فیكردووه؛ بۆیه یه‌ك وشه له‌بری دووان هاتووه.
هه‌ڵه، له كرداری ڕۆژانه‌وه ده‌گرێته‌وه تا سیسته‌مه فیكرییه گه‌وره‌كان له مێژووی بیركردنه‌وه‌دا. مرۆڤ ڕۆژانه هه‌ڵه‌ده‌كات، ڕۆژێكی تریش هه‌ر هه‌ڵه‌ده‌كات؛ واته هه‌ڵه "بونیاد"ـه و شتێك نیه له ژیانی بكه‌ینه‌ده‌ره‌وه. به مانایه‌كی تر، ژیانی مرۆڤ خۆی جێیه‌كی بۆ هه‌ڵه كردووه‌ته‌وه. بان له‌وه‌ش ڕیشه‌ییتر: هه‌ڵه هێند ناچاری و واقیعییه كه خۆی جێیه‌كی ئه‌به‌دیی بۆ خۆی كردووه‌ته‌وه.
هه‌ڵه، له ساده‌ترین پێناسه‌دا بریتییه له لادانێك له واقیع، له پێوه‌ره جێگیره‌كان، له ڕیتمی ئاسایی شته‌كان. هه‌ر دیارده و سیاقێكیش، هه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. بۆ نمونه، هه‌ڵه‌ی دیندارێك له‌ناو دیندا ده‌كاته گوناهـ، سه‌رپێچی و نافه‌رمانی. به‌ڵام هه‌ڵه‌ی زانایه‌ك له تاقیگه‌دا ده‌كاته هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی. هه‌ر ئه‌م دوو سیسته‌مه‌ش، پاشهاتی دیكه‌یان بۆ هه‌ڵه‌كه داڕشتووه. ڕه‌نگه له دیندا، مرۆ گوناهباربێت و بكه‌وێته ناو ته‌نگژه‌یه‌كی ڕۆحییه‌وه؛ به‌ڵام لای زاناكه كێشه‌یه‌كی مرۆیی و زانستی بخوڵقێنێت كه باجه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆتر بێت. هه‌تا لای فه‌یله‌سووفێك، هه‌ڵه هه‌یه؛ به‌ڵام هه‌ڵه لای ئه‌و یانی هه‌بوونی "گرفت"ێك له پێشگریمانه‌كانیدا. هه‌ر پێشگریمانه‌یه‌ك هه‌وڵێكه بۆ گه‌یشتن به جۆرێك له ڕاستی و حه‌قیقه‌ت كه هه‌مووده‌م یه‌كه‌وڕاست نایپێكێت و هه‌ڵه یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره‌كانی.
مێژووی فه‌لسه‌فه زۆرجار ئاوڕی له هه‌ڵه داوه‌ته‌وه، و ڕێژه و گوژمی جیاجیاشی بۆ هه‌ڵه‌كان داناوه. بۆ نمونه، لای ئه‌رستۆ هه‌ڵه زه‌ینییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ناوده‌نرێن سه‌فسه‌ته. واته زه‌ین تووشی چه‌واشه‌گۆیی ده‌بێت له دركاندنی ڕاستییه‌كدا. یان لای فرانسیس بیكۆن، و به‌تایبه‌ت "تیۆری بته‌كان" مرۆڤ له‌به‌رده‌م چوار جۆر بتی زه‌ینی دایه كه ناهێڵێت بگاته ڕاستی و ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سوفانیش ده‌ستیان له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و هه‌ڵانه‌دا هه‌یه (بۆ نمونه، ئه‌رستۆ به‌شداره له بتی شانۆدا كه سیسته‌مێكی دۆگمی فیكریی بۆ سه‌دان ساڵ خستبووه ملی ئه‌ورووپییه‌كان).
له فیكری مۆدێرندا، بۆ وێنه لای هیگڵ، هه‌ڵه به‌شێكه له حه‌قیقه‌ت. حه‌قیقه‌ت پرۆسه‌یه‌كه پێویستی به‌وه‌یه جاربۆ‌جار به هه‌ڵه‌دا تێپه‌ڕێت. یه‌ك له ناوه‌كانی ئه‌م هه‌ڵه‌یه، بریتییه له نه‌فی. حه‌قیقه‌ت به‌رده‌وام خۆی نه‌فیده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بسه‌لمێت، واته هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی هه‌ناوی خۆی ده‌رده‌خات. له سه‌ده‌ی بیستیشدا، لای زیگمۆند فرۆید، هه‌ڵه به‌شێكه له كۆئه‌ندامی ده‌روونیی مرۆڤ. ده‌روون ده‌زگایه‌ك نیه فیته‌ڵفیت كاربكات. به‌ڵكو لادانی تیایه، شتی لێ ده‌رده‌په‌ڕێت، ترازانی وزه‌ی هه‌یه، كاركرده‌كه‌ی ده‌وه‌ستێت و هتد. نه‌ست شوێنی زه‌قبوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی كاره‌كته‌ری مرۆڤه. ئه‌وه نیچه بوو، له هه‌مووی زیاتر داكۆكیی له هه‌ڵه كرد وه‌ك ستراتیژێكی هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه: نیچه وتی ڕه‌نگه هه‌ڵه خۆی یه‌كێك بێت له پێشمه‌رجه‌كانی ژیان. ئه‌وه‌شی پێی ده‌ڵێین حه‌قیقه‌ت، خۆی هه‌ڵه‌یه‌كی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه و ڕه‌قهه‌ڵاتووه.
سه‌ره‌نجام، گه‌رچی مرۆڤه‌كان به‌رده‌زام بۆ ژیانێك ده‌كۆن كه كه‌مترین هه‌ڵه‌ی تیا بێت؛ كه‌چی هه‌ڵه وه‌ك به‌ردێكی بناغه‌ی ژیان ده‌مێنێته‌وه. زۆرجار هه‌ڵه‌یه‌ك، ئاراسته‌ی سه‌رده‌مێك ده‌گۆڕێت و ئاسۆیه‌كی لێوه ده‌زێت. نمونه، به‌دحاڵیبوونێك ده‌توانێت ته‌نگژه بۆ ڕاستییه‌كی دۆگم بخوڵقێنێت كه له باری تردا پێی نه‌ده‌گه‌یشتین. له باری ئاكارییشه‌وه، مرۆڤ وه‌ك به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجه زله‌كان ده‌مێنێته‌وه كه فشاری وان ده‌یخاته هه‌ڵه‌وه. مرۆڤ خۆی هه‌ڵه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌ی هه‌لومه‌رجه سرووشتی و كه‌لتورییه‌كانه كه تادێت له‌و به‌رداشه‌دا ده‌ژی و ململانێ ده‌كات.
