
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، بە ئامانجی پەرەپێدانی کارەکانی و بەهێزکردنی ڕاگەیاندنی ژمارەیی چەپ، کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ بەرپرسانی بەشەکان و کادیرانی دەزگاکە ئەنجام دا و تێیدا چەندین بڕیار و ڕاسپاردە بۆ قۆناغی داهاتوو پەسند کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی شەممە (٢٨/٣/٢٠٢٦) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هیوا عومەر، بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی، ستراتیژی نوێی کارکردنی خستە ڕوو. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان باشترکردنی شێوازی بەڕێوەبردنە بە ئاراستەی گەیاندنی پەیامێکی سەردەمیانە کە بە شێوەیەکی کاریگەر داکۆکی لە ماف و پێداویستییەکانی خەڵک بکات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماژەی بە گرنگیی هەڵسەنگاندنی ورد بۆ خاڵە بەهێز و لاوازەکان کرد و وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی ڕابردوو، داوای لە کادیرانی دەزگاکە کرد کە بە گیانێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتییەوە کار بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە تا دیدو بۆچون و پێشنیارەکانیان بخەنەڕوو. کۆبوونەوەکە بە داڕشتنی کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و جێبەجێکردنی پلانی نوێی قۆناغی داهاتوو کۆتایی هات.
