
بە مەبەستی گەڕان بەدوای چارەسەری گونجاو بۆ ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان دیدارێکی گفتوگۆی لە شاری دهۆک ئەنجامدا. لەم دیدارەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوخبەی دهۆک لە دکتۆر، مامۆستا، ڕۆشنبیر و کەسایەتی جیاواز بەشدار بوون بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی ئێستای هەرێم و ناوچەکە.
دیدارەکە لەلایەن هاوڕێ (ڕێبەر ئامێدی)، سکرتێری مەڵبەندی دهۆکەوە دەستیپێکرد. لە سەرەتادا، ئامادەبووان خولەکێک بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاوەستان، پاشان هاوڕێ (هۆگر چەتۆ) شیکارییەکی گشتگیری لەسەر بارودۆخی سیاسی پێشکەش کرد و ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم دیدارەی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.
دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربووان کرایەوە، کە تێیدا سەرجەم ئامادەبووان بە ڕاشکاوی بۆچوون و تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان بۆ دەربازبوون لەم ڕەوشە دژوارەی کە هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێت، خستە ڕوو.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هاوڕێ (هیوا عومەر)، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، پوختەیەکی تێروتەسەلی سیاسی پێشکەش کرد. لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر واقیعی سیاسی ئێستا و دیاری کرد کە "حکومەت پێکهبێت یان پێکنەیەت، چ گۆڕانکارییەک لە هەرێمدا دێتە پێش؟" و چۆن پێویستە بەرژەوەندی گشتی و مافەکانی خەڵک بنەمای هەر پێشکەوتنێک بن.
لە کۆتاییدا، هاوڕێ (ڕێبەر ئامێدی) سوپاسی گەرمی سەرجەم ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداریکردنی کاریگەریان لە دەوڵەمەندکردنی ئەم دیدارەدا.













