
محەمەد حوسێن - سۆران
ئەمڕۆ شەممە ۲٨ / ٣ / ٢٠٢٦، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شیوعییەکان بە گردبوونەوەیەک نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دا لە هەمبەر هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سپیلک، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە.
هەژار ئیبراهیم، بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی سۆران، بەیاننامەی حزبی شیوعیی کوردستانی خوێندەوە کە ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕاشیگەیاند: کە هیچ کات هەرێم نەبووەتە هۆی مەترسی و هێرشکردن بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران، بگرە وەک دوو دراوسێش پەیوەندیی ئاشتییانە و کۆمەڵایەتی و ئابووری و لێکتێگەیشتنی باشیان هەبووە.
لە کۆتاییشدا هاوخەمیی قووڵی شیوعییەکانی بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان نیشان دا و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.