
تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر بێسەروشوێنکردنی دوو هاوڵاتی ڕاگەیاند کە هاوسەر و برای سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتمانیی کوردستانن. تۆڕەکە داوا دەکات دەستبەجێ ڕێگە بە پارێزەرەکانیان بدرێت چاویان پێیان بکەوێت و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون، بە یاسایی ئاشکرا بکرێن.
ئێوارەی سێشەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کارۆخ سەید ڕزگار، سەرۆکی حزبەکە، و هاوسەرەکەی (بەهار محەمەد) لەگەڵ براکەیدا (ئەحمەد فەتاح)یان دەستگیر کردووە.
کارۆخ سەید ڕزگار ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک مۆبایلەکانیان کوژاوەتەوە، دراوسێکان ئاگاداریان کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان کیسیان کردووەتە سەریان و بەرەو شوێنێکی نادیار بردوویانن.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، هەرچەندە لایەنە ئەمنییەکان شوێنی ڕاگرتنیان شارووەتەوە، بەڵام تۆمەتی "سیخوڕی"یان خستووەتە پاڵیان. سەرۆکی حزبەکە ئەم تۆمەتە بە توندی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: «هاوسەرم تەنیا ژنی ماڵەوەیە و خەریکی پەروەردەکردنی سێ منداڵە، هیچ کارێکی فەرمی یان سیاسی نییە کە پێگەی سیخوڕی پێببەخشێت».
حزبی کڵپەی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەولێر دامەزرا، بەڵام بەهۆی فشاری سیاسییەوە ئۆفیسەکەی گواستەوە بۆ سلێمانی. ئەمە دووەم جارە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی سەرۆکی ئەم حزبە، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥یشدا پاسەوانێکیان بە هەمان شێواز بۆ لێکۆڵینەوە برابوو.
