به‌ بۆنه‌ی یادی كاره‌سات و ڕاپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ
په‌یامێك له‌ حزبی شیوعی كوردستانه‌وه‌:
خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری پشدەر
 ئه‌مڕۆ ٥٢ ساڵ  بەسەر بۆردوومانکردنی قەڵادزێ لە(٢٤/ ٤/ ١٩٧٤) و ھەروەھا ٤٤ ساڵیش بەسەر خوێناوی کردنی ڕاپەڕینی خەڵکی چاونەترسی قەڵادزێ لە(٢٤/ ٤/ ١٩٨٢)دا تێپەڕدەبیت. 
ئەم دوو یادە کە لەتۆماری مێژوویی دەڤەری پشدەردا بە"کارەسات و ڕاپەڕین" ناوی دەرکردووە و تاوانێکی گەورەی لەبیرنەکراوی دەستی ڕێژیمی پێشووی بەعسی عێراقن، بەپێی  یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتین. 
بە ھەموو پێوەرێک، بۆردوومانی قەڵادزێ بە چەکی قەدەغە ‌کراوی ناپاڵم لە ١٩٧٤دا، دەچێتە خانەی قڕکردن و جینۆسایدەوە، حکوومەتی ئێستای عێراقیش وەکوو میراتگری ڕژێمی پێشوو، پێویستە قەرەبووی زیان لێکەوتووانی ئەو کارەساتەی کردبایەوە، بەڵام  نە ئیدارەی حکوومەت لە دەڤەرەکەدا و نە حکوومەتیش لە ئاستی سەرووتردا، ھیچ  چەشنە ھەنگاوێکیان بەو ئاراستەیەدا نەناوە و تەنانەت ثێناچێت ھەر بیریشیان لێ كردبێتەوە!.
لە ئێستادا ئیدارەی حکوومەت لە دەڤەری پشدەر، جگه‌ له‌وه‌ی لەھەموو ڕوویەکەوە شکستی ھێناوە و نەیتوانیوە لانی کەمی داخوازییەکانی جەماوەری پەراوێزخراوی ئەو دەڤەرە جێبەجێ بکات، هاوكات له‌ ئاستی سه‌رووتریشدا حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسه‌ له‌و په‌راوێزخستنه‌دا!.
 ھەروەکوو دەزانرێت، دەڤەری پشدەر ناوچەیەکی سنووریی و جوگرافیایەکی بەرفراوانە، بەھۆی ئەو پەراوێزخستنەی کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە دەرحەقی پەیڕەو دەکرێت، بەداخەوە دیاردەیەکی بەرفراوانی بێکاری ناوچەکەی داپۆشیوە، كۆچی به‌ لێشاوی گه‌نجانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بۆ هه‌نده‌ران دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌، ئەمانەش بوونەتە فاکتەرێک بۆ بەرفراوانتر بوونی تۆڕەکانی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەو سنوورەدا!.
بێگوومان ئەوەش مەترسییەکی گەورە و ترسناکە!. ئیدارەی حکوومەت لەدەڤەرەکەدا و ھەروەھا حکوومەتیش لە ئاستێکی باڵاتردا، بەرپرسن لەبەردەم ئەم دۆخەدا كه‌ هه‌نووكه‌ ده‌ڤه‌ری پشده‌ر تێی كه‌وتووه‌!.
زۆر بەداخەوە، دەڤەری پشدەر ھێشتا سیمای کاولکاری ڕێژیمی پێشووی عێراقی بەسەرەوە ماوە، ھێشتا پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە و ئاوەدانکردەوە و پلانی درێژماوە و کورت ماوە ھەیە، بەڵام ئەو نییەت و پلان و بەرنامەیە لە کارنامەی حكوومه‌تی هه‌رێمدا نابینین!.
دەڤەری پشدەر، سەدان کەموکوڕیی لەبوارەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، تەندرووستیی، ڕێگاوبان، وەرزشی، ژینگەیی و گەشتوگوزاردا ھەیە کە ئیدارەی حکوومەت لەو دەڤەرەدا کەمترین ئاوڕ لەو بوارانە ناداتەوە. ئەوەش وای کردووە دەڤەری پشدەر كه‌مترین سیمای شارستانیی و ئاوەدانیی پێوە دیار نەبێت و کێشەیەکی گەورە بۆ خەڵکی ناوچە بخوڵقێت.
خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری ده‌ڤه‌ری پشده‌ر، چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ دوای به‌ نێوده‌وڵه‌تیی كردنی سنووری كێلێ، ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ گه‌شانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌ڵام سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ تا ئێستا هیچ خێرێكی بۆ خه‌ڵكی پشده‌ر نه‌بووه‌!. ته‌نانه‌ت كاره‌كه‌ ئه‌و ئاسته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بڵێن"سنووری نێوده‌وڵه‌تیی كێلێ، داهاته‌كه‌ی بۆ به‌رپرسانه‌ و ته‌پوتۆزی ڕێگاكانیش بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی"!. 
مه‌ڵبه‌ندی ڕاپه‌ڕینی حزبی شیوعی كوردستان، جیا له‌وه‌ی هاوسۆزیی بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری ده‌ڤه‌ری پشده‌ر شایسته‌ی ئه‌م پشتگوێ خستنه‌ نییه‌ و ده‌بێت ده‌ستی ئاوه‌دانیی و هاوكاریی و بووژانه‌وه‌ی بۆ درێژ بكرێت.
حزبی شیوعی کوردستان
مه‌ڵبه‌ندی ڕاپه‌ڕین
٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦

وتاری نووسەران