
شیکاری د. محمد رفعت الإمام
کورداندنی: عومهر عهبدولكهریم (تینو)
بەشی یەکەم
دوای (١٣٦٤) ساڵ لە شەڕی (بەدر) لە نێوان موسڵمانان و بێباوهڕان و یهكهمین ناکۆکی نێوانیان لەسەر غەنیمەتەکانی شەڕ و دابەزینی سورەتی ئەنفال(اڵانفال)، سەدام حوسێنی ڕژێمی بەعسی نەتەوەپەرست و شۆڤینی ئەم دەستەواژەیەی(اڵانفال)ی وەک ناوی ئەو هەشت هەڵمەتەی کە بە توندی دژی گوندە کوردنشینەکان بهكاری هێنا و بهڕێوهی برد. ئامانج لێی ئهنجامدانی ژینۆسایدێکی سیستماتیک و ڕێکخراو بوو له دژی کورد، که له بهرانبهر ئاسیمیلاسیۆنی زۆره ملێ و عهرهبکردندا به ناسنامه و نهریتی خۆیانهوه مابوونهوه. ئەم شاڵاوهی بە (عەلی حەسەن ئەلمەجید) سکرتێری مەکتەبی باکووری حزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی و پارێزگاری سەربازی ناوچەکە سپارد.
بە درێژایی شاڵاوهكانی ئەنفال، ڕژێمی عێراق هێرشی زەمینی و بۆردومانی ئاسمانی و وێرانکردنی سیستماتیکی گوندەکان و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ و لە سێدارەدان و شەڕی کیمیایی بەکارهێناوه. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناوی لانیکەم (17) هەزار کوردی کۆکردۆتەوە کە بێسەروشوێن بوون.
بهڵگه و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر هەن کە پشتڕاستیان كردووهتهوه، شاڵاوهكانی ئەنفال بە هۆی دڕندەییانەوە “تاوانێ سەدە”ن. ههروهها ستراتیژێکی "وێرانکردنی گوندەکان"یان گرتەبەر، کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا كۆڵهكه و بڕبڕەی پشتی ژیانە. سەرەڕای بوونی هەزاران بەڵگە لەسەر ئەوەی ڕژێمی سەدام ژینۆسایدێکی تەواوەتی بە هەموو توخمە ماددی و ئەخلاقییەکانەوە لە دژی کورد ئەنجامداوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی شکستیان هێنا و هاوکارییان کرد لە ڕێگریکردن لێی و سزادانی تاوانبارانی تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣. ڕژێمی بەعس بانگەشەی ئەوەی دەکرد تاوانەکانی ئەنفال پیلانگێڕی ئێران و ڕۆژئاوابووه، له كاتێكدا، کە تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشی ناوخۆ بوون.
بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادگاییکردن بۆ ئەنجامدەرانی ژینۆساید لە جێبەجێکردنی مادەکانی 3 و 4ی ڕێککەوتننامەی قڕكردنی به كۆمهڵ، کە کۆماری عێراق لە ساڵی 1959 واژۆی لەسەر کردبوو، جێگهی سهرسوڕمان نییه، کە دادگای تایبهتمهندی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر (سەدام حوسێن (2006) و عەلی حەسەن ئەلمەجید و سوڵتان هاشم و حوسێن ڕەشید و چەندانی تر دەرکرد (2007) به هۆی ئەنجامدانی ژینۆساید دژی کورد، دیارترینیان هەڵەبجە و ئەنفال و دجێل.
لە یادی ٣٧ ساڵەی دەستپێکردنی قۆناغی هەشتەم و کۆتایی شاڵاوهكانی ئەنفال لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، پرسێکی زۆر ئاڵۆز سەبارەت بە پۆلێنکردنی یاسایی ئەم هەڵمەتانە و بارودۆخەکانیان و کاردانەوەکانیان سەرهەڵدەدات. لە کاتێکدا ئەدەبیاتی ئەنفال ئۆپەراسیۆنەکانی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و دەستدرێژی و تاوانی جەنگ پهسن کردووە، وردترین پهسنیان ژینۆسایدە کە بە تاوانی تاوانهكان دادەنرێت. هەرچەندە بێگومان ئەم هەڵمەتانە قڕکردنی فیزیکی و کولتوورییان لەخۆگرتبوو، بەڵام ژینۆسایدی فهرههنگی و ڕۆشنبیری مەترسیدارترینه.
ژینۆساید چییە؟
چوار دەیە پێش تاوانهكانی ئەنفال، شانشینی عێراق (1921-1958) لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری لە هەموو قۆناغەکانی داڕشتنی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی ژینۆساید (پەیماننامەی ژینۆسایدی ساڵی 1948) کرد. هەر لەو نێوەندەدا، نوێنەرانی عێراقی (عەبدولجەبار جورمێرد و م.ڕەشید) ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەسەندکردنی دەستەواژەی "ژینۆساید Genocide" بینی لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە " نكۆڵیكردن و ڕەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گروپە مرۆییەکان" پێناسەیان کرد. كۆمهڵهكه بڕیارنامەی 96 (1)ی لە 11ی کانونی یەکەمی ساڵی 1946 پەسەند کرد، بەمەش ژینۆسایدی خستە ژێر یاسا نێودەوڵەتییەکان و وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی چەسپاندی، بەو پێیەی پێچەوانەی ڕۆح و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لەلایەن ویژدانی مرۆڤایەتییەوە ئیدانە دەکرێت.
شاندی عێراقی بەشدارییان لە گفتوگۆ و وتووێژەکان لەسەر ڕەشنووسی ڕێككهوتنهکە کرد، کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و لیژنە یاساییەکەیەوە لە ماوەی دوو ساڵی ١٩٤٦-١٩٤٨ ئامادەکرابوو. لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بڕیاری ٢٦٠ (٣)، ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی ژینۆسایدی پەسەند کرد، جا لە کاتی ئاشتیدا ئەنجام بدرێت یان لە کاتی شەڕدا، بەپێی مادەی یەکەمی و مادەی دووەمیشی ژینۆسایدی بەم شێوەیە پێناسە کرد کە “هەریەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە کە بە مەبەست لەناوبردنی بە تەواوی یان بەشێکی كۆمهلێكی نهتهوهیی، نهژادی، ڕەگەزی یان ئایینی، بهمشێوهیه”:
* کوشتنی ئەندامانی گروپێک.
* گەیاندنی زیانێکی گەورەی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامانی گروپەکە.
ج- ملکەچکردنی بە ئەنقەستی گروپەکە بۆ بارودۆخی ژیان کە مەبەست لێی لەناوبردنی فیزیکییە بە تەواوی یان بەشێکی.
د- جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان بە ئامانجی ڕێگریکردن لە زاوزێ لەناو گروپەکەدا.
هـ. گواستنەوەی منداڵان بە زۆرەملێ لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر.
لە مادەی سێیەمی ڕێککەوتننامەکەدا سزای ئەم کردەوانەی خوارەوە دیاری کراوە:
1- ئەنجامدانی ژینۆساید وهكو خۆی، وەک لە مادەی دووەمدا پێناسە کراوە.
2. پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی
3. دەستپێکردن به كارهكانی
4. بەشداریکردن لە ئەنجامدانی
لە مادەی چوارەمدا جەختی لەسەر سزادانی تاوانبارانی ژینۆساید یان ئەو کردەوانە دەکردەوە کە لە مادەی سێیەمدا ئاماژەیان پێکراوە، جا دادوەر بن یان بەرپرسی گشتی، یان هاووڵاتی ئاسایی.
ڕێککەوتنەکە لە( 12ی 1ی 1951)دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و دوای هەشت ساڵ بە تایبەتی لە 12(ی 1ی 1959)دا کۆماری عێراق پەسەندی کرد و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەم شێوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان چەمکێکی یاسایی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بۆ تاوانی ژینۆساید پەرەپێدا، کە لەسەر بنەمای چوار پایەی سەرەکی دامەزرا:
1. کردەوەی تاوانکاری
2. بە ئەنقەست لەناوبردن بە تەواوی یان بەشێکی.
3. گروپی نەتەوەیی، نەتەوەیی، یان ڕەگەزی
4. به ئامانج گیراو
بەپێی ئەم چەمکە پایهكانی تاوانی ژینۆساید هەم ماددی و هەم ئاكاری و ئهخلاقین. توخمە ماددییەکە لە لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی ئەندامانی گروپی ئامانجدار بە ئەنجامدانی یەکێک یان زیاتر لەو پێنج کردارەی کە لە مادەی دووەمدا هاتووە، ئامادەیە. پێویست ناکات کردەوەکە بە تەواوی یان بەشێکی ئامانجەکەی بگات. بوونی مەبەستی تاوانکاری بە ئەنقەست لەلایەن تاوانبارانەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەسە و ئەمەش پایه ئاكارییهكهی تاوانی ژینۆساید پێکدەهێنێت.
چەمکی ژینۆساید کەوتۆتە بەر ڕەخنەی گرنگ و بەرچاو. سەرەتا مادەی دووەم چوار پۆلی تایبەتی گروپی دەستنیشان کرد کە دەبێ بپارێزرێن: نەتەوەیی، نهژادی، ڕەگەزی و ئایینی، بەبێ ئەوەی ئەم زاراوانە دیاری و پێناسە بکرێن. ڕوونە کردەوەیەکی تاوانکاری تهنها لە حاڵەتێکدا وەک ژینۆساید پۆلێن دەکرێت، کە بە تایبەتی یەکێک لەم چوار گروپە بکاتە ئامانج. مەترسی خهڵاندن و پێناسەکردنی گروپە ئامانجدارەکان، چ لە ڕووی زانستی و چ لە ڕووی یاساییەوە لێرەدایە. جگە لەوەش ڕەخنەیەکی توند لە دژی ئەو گروپانە گیراوە، کە بەپێی ڕێكهوتننامهكه پارێزراون، ئەویش سنوورداربوونی پانتایی و تایبەتمەندییان، بە دەرکردنی گروپە سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. شیاوی باسە، وەدەرنانی گرووپە سیاسی و کولتوورییەکان یەکێکە لە کەموکوڕییە هەرە بەرچاوەکانی ڕێككهوتننامهی ژینۆساید و چهمكهكهی.
مەبەستی تایبەت کە بە ئیرادەی قڕکردنی گروپی ئامانجدار نوێنەرایەتی دەکرێت، جگە لە مەبەستی گشتی، مەرجێکی سەرەکی و جەوهەرییە بۆ تاوانی ژینۆساید. بەڵام سەلماندنی ئەم مەبەستە یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئاڵنگارییهكانی چەمکی ژینۆساید. بێگومان سەلماندنی مەبەستی تاوانکاری تایبەت لە زۆربەی سیستەمه یاساییهكاندا قورسترە لە سەلماندنی مەبەستی گشتی، کە دەتوانرێت لە ڕێگەی بهڵگههێنانهوهوه بسهڵمێنرێت. دیاریکردنی ژینۆسایدی به مهبهست لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی تاکەکەسی بۆ دادوەرەکان جێهێڵراوە. ئەگەر سەلماندنی مەبەست لە دادگاکاندا قورس بێت، بێ شك لە بواری توێژینەوەی ئەکادیمیدا هێندەی تر قورس دەبێت.
ئهشێ کردەوەی ژینۆساید بەسەر سێ جۆردا دابهش بكرێت. یەکەمیان قڕکردنی جهستهیی (فیزیکی)ە، وەک لە بڕگەی (ب) و (ج)ی مادەی دووەمدا هاتووە کە لە سەرەوە باسمان کرد. دووەمیان قڕکردنی بایۆلۆژییە، وەک لە بڕگەی (ب)دا هاتووە. سێیەمیان قڕکردنی فهرههنگی (شارستانی)یە، بەپێی بڕگەی (هـ)ی مادەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە.
لە ڕاستیدا ئەمانە تاکە ئامراز نین، کە گروپێکی به ئامانجگیراو لەناو ببرێت. هەروەها دەتوانرێت ئەم ئامانجە لە ڕێگەی دیپۆرتکردنەوە، ئاوارەبوونی ڕیشەیی، دەستبەسەرکردن، دەربەدەری زۆرەملێ، یان زەوتکردنی نەتەوەیی لە ڕێگەی تیرۆری ڕێکخراو، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی نامرۆڤانە و ڕێوشوێنی دیکە بە مەبەستی تیرۆرکردنی قوربانییەکان بە زیانگەیاندنی جەستەیی بەدیبهێنرێت. هەروەها باس لەوە کرا کە سنووردارکردنی کردەوەی ژینۆساید تەنها بۆ پێنج پۆل ڕێگری دەکات لە ئەگەری زیادکردنی جۆرەکانی تری ژینۆساید لە داهاتوودا.
ڕەخنەیەکی گەورە کە لە کۆنفرانسی ژینۆساید گیراوە ئەوەیە، ڕۆڵی دەوڵەتان و حکومەت و دەسەڵاتداران لە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆسایددا چاوپۆشی لێدەکات. به پێی ئهم ڕهخنهیه، ژینۆساید به بێ پلان و سیاسهتی دهوڵهتیی به ئامانجی قڕکردنی كۆمهڵێكی به ئامانجگیراو ناکرێ.
تەنها حکومەتێکی نیشتمانی خاوەنی دەسەڵاتی پێویستییە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە و تەنها کاتێک هێزەکانی وڵاتێکی تر داگیر دەکەن دەتوانێت هەوڵی قڕکردنی تەواوی ڕەگەزێک بدات کە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەژین. بۆیە نە تاک و نە گروپی تاک ناتوانن ژینۆساید بکەن. ئەزموونی مێژوویی ئەوە نیشان دەدات، کە خودی سروشتی ژینۆساید گریمانە دەکات کە لەلایەن دەوڵەت و دامەزراوەکانی و لایەنگرانییەوە ئەنجام بدرێت. پاشان پرسیارێک دێتە ئاراوه: کێ تاوانبارانی ژینۆساید دادگایی دەکات ئەگەر فەرمانڕەواکانی دەوڵەتێک ئەنجامدەر بن؟ ئایا دادگاکانی دەتوانن بە شێوەیەکی جددی و کاریگەر دادپەروەر بن؟
بەڵام ڕێککەوتننامەی ژینۆساید هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەکی تاوانکاری بەرامبەر دەوڵەتەکان، حکومەتەکان، یان ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە ئەنجامدانی ژینۆسایددا ڕەتکردەوە، ئەمەش چەمکی بەرپرسیارێتی تاکەکەسی زهق و بهرزكردهوه. سەرەڕای ئەوەش ڕێككهوتننامهكه یەکێکە لە میکانیزمە سەرەتاییەکان بۆ چەمکی بەرپرسیارێتی تاوانکاری نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تاکەکان، بەمجۆره نوێنەرایەتی پەیماننامەیەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی بەرچاو دەکات لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بە ئامانجی پاراستنی ئەو گروپانەی لەلایەن گروپەکانی ترهوه تووشی قڕکردن دەبنهوه. ههر ئهوهندهش بهسه، كه ئەنجامدانی کردەوەی ژینۆساید و پیلانگێڕی، هاندانی ڕاستەوخۆ و گشتی، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی و هاوبەشیکردن تێیدا بە تاوان زانی.
هەرچەندە ڕێککەوتننامەی ژینۆساید نوێنەرایەتی یەکەم چوارچێوەی مافی مرۆڤ دەکات بۆ پێناسەکردنی تاوانێکی دیاریکراو و سزادانی ئەنجامدانی، بەڵام بە تایبەتی چەمکەکەی شایەنی ڕاڤهكردن و لێکدانەوەیەکی گهشهسهندووه، کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە یەک لە دوای یەکەکان بەبێ ئەوەی سازش لەسەر كرۆك یان جهوههر و ئامانجەکانی بکات. بەڕاستی سەرەڕای بەشداری عێراق لە داڕشتن و پەسەندکردنی ڕێككهوتننامهكهدا، دوای ئەوەی شاڵاوی ئەنفال گەیشتە لوتکە، جۆرەها دڕندەیی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدرا.
پرسیاری میحوهری ئەوەیە: بۆچی تاوانەکانی ئەنفال بە لوتکەی ژینۆسایدی عێراق لە دژی کورد لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت؟
