
نووسینی/ زیرەک کەمال
ئەو ڕۆژەی بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەکەمان دەست بەکاربوو، بەر لەوەی بگاتە لای ئێمە، وەک نەریتێکی لە مێژینەی فەرمانگەکەمان، هەموومان دەست لەسەر سینگ بە ڕیز لە پێشوازیدا وەستاین. ئەگەرچی هیچ کامێک لە ئێمە بەوانەشەوە کە زیاتر لە بیست ساڵە لەو فەرمانگەیەن، ناوی ئەو بەڕێوەبەرەمان لە هیچ شوێنێک نەبیستبوو، هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نەدەزانی، بەڵام منیش و زۆربەی هاوڕێ فەرمانبەرەکانم هەرکە چاومان پێیکەوت، زوو زانیمان کە نە بە سەروفیساڵی و نە بە شێوازی ڕۆیشتنی ئەو پیاوە لە بەڕێوەبەر و کەسێکی بە ئەزموون و لێهاتوو ناچێت. دواتر زانیمان بەر لەوەی بێتە لای ئێمە، پێشتر لە هیچ شوێنێک فەرمانبەر نەبووە و بگرە مێژووی فەرمانبەری لەگەڵ هاتنی بۆ لای ئێمە دەست پێ کردبوو، بەڵام (زرپۆ) کە فەرمانبەرێکی کۆنی فەرمانگەکەمانە و بەوەستای ماستاوان بۆ بەرپرسان بەناوبانگە، یەکسەر ڕووی لە بەڕێوەبەری نوێ کرد و پێی گوت: نەک هەر ئێمە بەڵکوو گەڵا و گوڵ و دارودرەختەکانی حەوشەی فەرمانگەکەشمان بە هاتنت خۆشحاڵن. (قیتۆ)ش فەرمانبەرێکی کۆنە و جگە لە ماستاوکردن هیچی تر نازانێت، ڕووی لە کامێرەمان کرد و گوتی: تکایە وێنەی جەنابی بەڕێوەبەر مەگرن نەبادا بەهۆی ئەو هەموو کەشخەیی و ڕوخسارە جوانەی کە هەیەتی حەسود و چاوپیسەکان بەچاوی ببەن، لە کاتێکدا بە زەڕەبین لە ڕووخساری بەڕێوەبەری نوێ بگەڕابای بچووکترین ئادگاری جوانیت نە دەدۆزیەوە، (فرتۆ)ش فەرمانبەرە لای ئێمە و بەردەوام بە بەڵێ بەڵێ و پشی پشی بۆ بەرپرسان بەناوبانگە، ڕووی لە کاکی بەڕێوەبەر کرد و پێی گوت: گەورەم هیوادارم شایانی ئەوەبم کە خزمەتکاری تۆبم. ڕۆژێکیان بەرپرسی نووسینگەی دەزگا مامەڵەیەکی هاوڵاتیەک دەباتە لای بەڕێوەبەر و پێی دەڵێت: قوربان (هامش)ی خۆتی لەسەر بنووسە. کاکی بەڕێوەبەریش چونکە هیچ ئەزموون و شارەزاییەکی لە بەڕێوەبردنی کارووباری فەرمانگە و ئیدارە نەبوو، یەکسەر لەسەر ڕووپەڕی مامەڵەکە بە گەورەیی دەنووسێت (هامش)، دوای ماوەیەک زانیمان ئەو بەڕێوەبەرەی لەگەڵ یەکەم ساتی گەیشتنی بە فەرمانگەمان ئەو هەموو ماستاوەی بۆ کرا، ناوی (جەمۆ)یە و خۆیشی لە ڕێگای ماستاوکردن بۆ سەرووی خۆی، ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئێستا کە ئەو چەند دێڕەم نووسی، ڕۆژنامەنووسە ئەڵمانیەکەم بیرکەوتەوە کە ماوەیەک لە وڵاتی ئێمە بووە و لە نامەیەکدا کە بۆهاوسەرەکەی نووسیوە، گوتویەتی: لێرە قەساب نان دەکات و نانەواش گۆشت دەفرۆشێت. ئەو باسەم بۆ ناسکە گێڕایەوە، ئەویش گوتی، ئەوە هەر چ نییە، خەجەی کۆنە جیرانمان، ئەو ژنەی لەتازیان بە پارە بەسەر مردیانی هەڵدەگوت، بەو بەوپارەیە هوڵێکی بۆ ئاهەنگ وژن گوستنەوە کردۆتەوە!
