
ڕاپۆرت / ڕێگای کوردستان
ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ١٣ی ئایاری ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور، وەک یەکێک لە وێستگە هەرە درەوشاوە و ستراتیژییەکانی مێژووی خەباتی نەتەوەیی دژی ستەمکاریی ڕژێمی بەعس دێتە ئەژمار. ئەم ڕاپەڕینە نە کاردانەوەیەکی کاتی، بەڵکو تەقینەوەی توڕەیی جەماوەر بوو لە دژی سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و وێرانکردنی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان بە مەبەستی دروستکردنی "ناوچەی قەدەغەکراو".
بەپێی ئامارە مێژووییەکان، لەم ڕاپەڕینە شکۆدارەدا ٧٩ هاووڵاتی شەهید بوون، زیاتر لە ٢٠٠ی دیکە بریندار بوون، و پتر لە سێ هەزار هاووڵاتی سڤیلیش ئاوارە بوون. ساڵانە لەم یادەدا، گەلی کورد بە شانازییەوە ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی قوربانییانی ئەو وەرچەرخانە مێژووییە ساز دەکات.
بۆ بەرزڕاگرتنی ٣٩یەمین ساڵڕۆژی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە مێژووییەکەی شاری هەڵەبجە، زنجیرەیەک چالاکی و مەراسیمی فەرمی و حزبی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئیداری، حزبی، پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بەڕێوەچوو.
جۆشدانی خەڵک و ڕێزگرتن لە یادی ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی هەڵەبجە
لە چوارچێوەی بەرز ڕاگرتنی ٣٩ ساڵەی هەڵەبجەدا، مەڵبەندی هەڵەبجەی حزبی شیوعی کوردستان کۆڕێکی بەرفراوانی بۆ پێشمەرگە دێرینەکان و بەشداربووانی ئەو ڕاپەڕینە پڕ شکۆیە ڕێکخست.
هادی کوڵکنی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی هەڵەبجەی حزبی شیوعیی کوردستان، سەبارەت بە گرنگیی ئەم یادە ڕایگەیاند:
"ئێمە وەک مەڵبەندی هەڵەبجە، بە ئەرکی نیشتمانی و مێژوویی خۆمانی دەزانین کە لە ڕێگەی ئەم کۆڕە بەرفراوانەوە یادی ئەو ڕۆژە مەزنە و قارەمانێتیی بەشداربووانی جۆشدانەوەی ڕاپەڕینەکە بەرز ڕابگرین."
لە پەراوێزی کۆڕەکەدا، تیشکخرایە سەر گەنجانی گیان بەختکردوی شارەکە و بە تایبەت ڕێز لە پاڵەوانێتیی شەهیدی لاو (دڵزار) نرا؛ ئەو کادرە جەربەزەیەی حزبی شیوعی کە ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەری هەبوو لە هۆشیارکردنەوە و هاندانی جەماوەر بۆ سەرشەقام، کە دواتریش چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتی کردە شان و لەو پێناوەدا شەهید بوو.
هەر لە چوارچێوەی یادەکەدا، شاندێکی ئامادەبووان سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد و تاجەگوڵینەی ڕێز و ئەمەکدارییان لەسەر گۆڕی شەهید دڵزار و شەهید (مەریوان حەمەڕەشید) وەک یەکەم شەهیدی ئەو خۆپێشاندانە مێژووییە دانا.
لەلایەکی ترەوە و هەر بە بۆنەی ساڵڕۆژی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەوە، مەراسیمێکی پڕ شکۆ و ناوەندی لە هۆڵی (روانگە) بەڕێوەچوو. مەراسیمەکە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پارێزگاری هەڵەبجە و بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە ڕێکخرابوو، کە تێیدا چەندین وتار و چالاکی پێشکەش کران کە گوزارشتیان لە مێژووی پڕ لە قوربانی و خۆڕاگریی شاری هەڵەبجە دەکرد لە دژی ستەمکاری.
ڕاپەڕینی ١٣ / ٥ و
ئامادەکارییە نهێنییەکان
لە بەهاری ساڵی ١٩٨٧دا، کاتێک فشارەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر گوندنشینان گەیشتە ناو شاری هەڵەبجە، حزبی شیوعی عێراق لە ڕێگەی ڕێکخستنە نهێنییەکانییەوە ڕۆڵی سەرەکی و پێشەنگی گێڕا لە ڕێکخستنی جەماوەر و ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندان.
چنور مەحمود، وەک شایەتحاڵ و ئەندامێکی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەو کاتەی حزبی شیوعی، دەڵێت:
"حزبی شیوعی بزوێنەری ڕاستەقینەی ئەو ڕاپەڕینە بوو. چەند ڕۆژێک پێش ڕاپەڕینەکە، هاوڕێیانمان لە ژێرزەمینی ماڵێکدا دروشم و بانگەوازی ڕاپەڕینیان بە دەنگ تۆمار کرد. شەوی پێش خۆپێشاندانەکە، لە ڕێگەی بڵندگۆکانی مزگەوتی جامیعەوە جاڕی ڕاپەڕین درا و تێیدا هاتبوو: (جەماوەری شاری هەڵەبجەی تێکۆشەر و دەوروبەری، کرێکاران، جوتیاران، ئافرەتان، لاوان و قوتابیانی بەرهەڵستکار... ڕاپەڕینە ڕاپەڕین!). دەستبەجێ دوای بانگەوازەکە، هاوڕێیانمان لە چەندین شوێن و تەنانەت لەبەردەم مەرکەزی پۆلیسیش دەستیان بە تەقە کرد."
ژنان و گەنجان لە پێشەوەی بەرگریدا
بۆ بەیانییەکەی، بەپێی پلانێکی پێشوەختە، ئەندامانی ڕێکخستن لە ماڵی هاوڕێ (ئیبراهیم قادر) کۆبوونەوە. چنور مەحمود دەگێڕێتەوە کە بۆ سەرپەرشتیکردنی مەیدانیی خۆپێشاندانەکە دابەشی سەر چەند گروپێک بوون و خۆی جلی پیاوانەی پۆشیوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بجوڵێتەوە.
خۆپێشاندانە بەرفراوانەکە لە سەرووی مزگەوتی "کۆماری"یەوە دەستی پێکرد. جەماوەر بە هاواری دروشمەکانی وەک: "بژی هێزی پێشمەرگە، سەدام نزیکی مەرگە" و "تۆپ و تەیارە دەرمان ناکات لەم شارە" بەرەو بازاڕ بەڕێکەوتن. ژنان و گەنجانی شارەکە بێ سڵمینەوە لە پێشەوەی ڕیزەکان بوون.
هێزە ئەمنییەکانی بەعس بە فیشەک ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە. لەبەردەم دوکانی (مەحمود سافە)، هاووڵاتییەک بە ناوی (مەریوان) شەهید بوو، و گەنجێکی دیکە بە ناوی (فوئاد عەبدولڕەحمان) بریندار بوو.
چنور وتی دەبێ ئەوەش بڵێم ، دواتر و لە ساڵی ٢٠١٢ کە ھاتمەوە کوردستان، بەرێوەبەری ئەرشیفی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە پێی وتم ئەم بەڵگەنامەیەمان تازە بە دەست گەیشتووە کە ناوی ١٦ کەسی تێدایە کە بریاری زیندەبەچاڵکردنیان دراوە ، ئەوکات لەلایەن رژێمی بەعس لەو ١٦ کەسە تەنھا من وفریشتە رزگارمان بوو، ١٤ کەسەکەی تر زیندەبەچاڵکران یان بە ھۆکاریتر شەھید بوون .
دڕندەیی ڕژێم و بۆردومانی ئاسمانی
عوسمان عەلی، یەکێکی دیکە لە سەرپەرشتیارانی ڕاپەڕینەکە و ئەندامی ڕێکخستنە نهێنییەکانی حزبی شیوعی، جگە لەوەی قسەکانی چنور پشتڕاست دەکاتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بەنیازبوون لە ٢٦ /٤ خۆپیشانەدانەکە ئەنجامبدرێ بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتن و بە دەمەوە نەهاتنی لایەنەکانی ترەوە ڕاپەڕینەکە دواکەوت بۆ شەوی ١٢ لەسەر ١٣ و لەمەشدا هاوڕێ شەهید دڵزاری سەید تۆفیق بوە بزوێنەر و بڕیاردرا دەست پێبکەین. سەرەتا چوینە مزگەوتی جامعە و لەوێ بانگەوازەکەمان بڵاوکردەوە کە بەدەنگی هاوڕێ نەجمەدین حەمە سەعید تۆمار کرابوو.
هاوڕێ عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە دوای ئەو هەنگاوەمان کاردانەوەی ڕژێم زۆر دڕندانە بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژووی شارەکەدا، ڕژێمی بەعس فڕۆکەی جەنگی بۆ بۆردومانکردنی گەڕەکە ڕاپەڕیوەکان بەکارهێنا.
ئەم هێرشە دڕندانەیە بووە هۆی:
• شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل.
• دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی سەدان گەنجی شارەکە.
• ڕووخاندن و تەختکردنی بەشێکی زۆری خانوو و بازاڕەکانی هەڵەبجە وەک کاردانەوەیەکی تۆڵەسێنەرانە.
دەرەنجام و بایەخی مێژوویی
ڕاپەڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ چەند پەیامێکی ستراتیژی گەیاند:
• سەلماندی کە هیچ هێزێکی داپلۆسێنەر ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازیی گەل کپ بکات.
• زۆرێک لە مێژوونووسان لەو بڕوایەدان کە ئەم ڕاپەڕینە و خۆڕاگرییەی هەڵەبجە، کینە و ترسی لای ڕژێم دروستکرد، کە دواتر لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا بە چەکی کیمیایی هێرشی دڕندانە بکاتە سەر شارەکە.
• ئەم ڕاپەڕینە هێمایەکی باڵای هەماهەنگیی نێوان ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناو شار، جەماوەر و هێزی پێشمەرگە بوو.
ئەم مێژووە تەنها یادکردنەوەی برینێک نییە، بەڵکو وانەیەکی زیندووی خۆڕاگری و ناسنامەیەکی دانەبڕاوی نەتەوەییە کە پێویستە نەوە دوای نەوە وەک ڕەمزی شۆڕشگێڕی بگێڕدرێتەوە.
