
ڕێگای کوردستان
ئەمڕۆ هەینی، ٢٢٠ ئەندامی پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی فەرمییان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، تێیدا داوایان کردووە، دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەرخان بکرێت.
ئەم پەرلەمانتارانە کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەندامان پێکدەهێنن، ڕایانگەیاندووە، کە بەردەوامیی بۆشایی ئەم پۆستە دەبێتە هۆی پەککەوتنی مافە دەستوورییەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری سیاسی و متمانەی هاووڵاتیان دادەنێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە لایەنە سیاسییەکان بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانەوە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتیان دواخستووە، بۆ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و هێوربوونەوەی دۆخەکە.
بەپێی دەستووریش، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی کوتلەی گەورە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆی داواکاریەکەیان کردووە، جەختیان لە سەر کردووەتەوە، کە پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بخرێتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.
بەبۆچونی چاودێرانی سیاسی، ئەم هەنگاوە عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات و دوور نییه باجەکەی قورس بێت، چونکە تا ئێستا تاکە کاندیدی شیعەکان، نوری مالیکیە، لای خودی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەشی، مالیکی ڕەتکراوەتەوەو قبوڵکراو نیە.
چاودێران پێیان وایە، هەنگاوی لەو جۆرە و فەرامۆشکردنی هەڕەشەو هۆشداریەکانی ئەمریکا، سەرکێشیە بە گەلی عێراق دەکرێت.