
سەدوچواردەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی "ڕێکخراوی جیهانیی کار" (ILO) جارێکی تر لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سوئیس، پایتەختی دیپلۆماسیی جیهانی، لە ڕۆژانی ١ هەتا ١٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەڕێوە دەچێت. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک ساڵانی ڕابردوو، شوێنێکە کە تێیدا نوێنەرانی دەوڵەتەکان، خاوەنکاران و "نوێنەرانی کرێکاران" کۆدەبنەوە تا بە ڕواڵەت بۆ باشترکردنی دۆخی کار لە جیهاندا چارەسەرێک بدۆزنەوە. بەڵام لە پشت ئەم ڕواڵەتە فریوکارانە و پێکهاتە بەناو "سێقۆڵییەدا"، ڕاستییەکی تر شاردراوەتەوە: ئەم کۆنفرانسانە نەک هەر گرێیەک لە کێشە بێکۆتاییەکانی چینی کرێکار ناکەنەوە، بەڵکوو خۆیان بوونەتە ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە هێرشی سیستماتیکی سەرمایە لەدژی هێزی کار.
پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی جیهانیی کار لەسەر بنەمایەکی سەرەکی بە ناوی "سێ لایەنەگەرایی" داڕێژراوە، بنەمایەک کە بەپێی ئەو، نوێنەرانی کرێکاران شانبەشانی نوێنەرانی دەوڵەتەکان و خاوەنکاران دادەنیشن. ئەم پێکهاتەیە، هەر لە سەرەتاوە، نایەکسانییەکی یاسایی نیشان دەدات. لەم هاوکێشەیەدا، نوێنەرانی کرێکاران هەمیشە لە کەمینەی ڕەهادان و لە بەرامبەر بەرەی یەکگرتووی دەوڵەتەکان (وەک پارێزەرانی نەزمی سەرمایەداری) و خاوەنکاران (وەک خاوەنانی سەرمایە)، هیچ هێزێکیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی ویست و داواکارییە ڕاستەقینەکانی خۆیان. تەنانەت ئەگەر وایدابنێین کە ئەو نوێنەرانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، نوێنەری ڕاستەقینە و هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکارانیش بن (کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وا نییە)، ئەم پێکهاتە لەپێشدا دیاریکراوە، هەر چەشنە هەوڵێک بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەبار دەبات. لە باشترین دۆخدا، ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیارنامە بێکاریگەر و پەیماننامەگەلێک کە جێبەجێکردنیان لە کۆتاییدا دەسپێردرێت بە ئیرادەی هەمان ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە دژەکرێکارییەن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە چینی کرێکار لە سەرانسەری جیهان لەژێر توندترین گوشارەکاندایە. دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، لە دێموکراتیکترینیان واتە لە ڕۆژاواوە بگرە تا دیکتاتۆرییە دڕندەکانی ڕۆژهەڵات، لە پێشبڕکێیەکی بێوچاندا بۆ بەدەستهێنانی قازانجی هەرچی زیاتری سەرمایە، یاساکانی کار بە شێوەیەکی بەردەوام بە زیانی هێزی کار سەرلەنوێ دەنووسنەوە. خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانی و کۆمەڵایەتییەکان، کە خۆیان بەرهەمی چەندین دەیە خەباتی خوێناوی کرێکاران بوون، بە بیانووی "سیاسەتی ڕیازەت" واتە هەمان سیاسەتی سک هەڵگوشین لەناو دەبرێن. تەمەنی خانەنشینی بەرزدەبێتەوە، مووچەی خانەنشینی کەم دەبێتەوە و ئەمنییەتی پیشەیی بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو. گرێبەستە کاتیی و سپیئیمزاکان، کرێکارانیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کردووە و لەشکری یەدەگی بێکارانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر کردووە. هەژاری، نەخۆشییەکانی سەرچاوەگرتوو لێی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خۆکوژی، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەم سیستەمە چەوسێنەرەیە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرانی هەمان ئەو دەوڵەت و خاوەنکارانە دەستیان لەناو دەستی یەکتردایە، هیچی بۆ چینی کرێکار لێ سەوز نابێت.
ئەم کۆبوونەوانە، بۆ کرێکاران و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست، هیچ بایەخێکیان نییە. ڕێگەی ڕزگاریی چینی کرێکار نەک لە هۆڵە ڕازاوەکانی ژنێڤ و لۆبیکردن لەگەڵ بیرۆکراتە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو لە ناو دڵی ڕێکخراوی سەربەخۆ، مانگرتنی سەرانسەری و خەباتی شێلگیرانە و بەردەوام لەناو کارگە و سەر شەقامەکانەوە تێدەپەڕێت. تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆمان دەتوانین ئەم نەزمە ستەمکارانەیە تێکبشکێنین.
بەشێکە لە بابەتێکی
کۆمەڵە مێدیا نێتۆرک
