
ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دانوستانەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
بەپێی ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستوویەتیەوە، قاڵیباف و عێراقچی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە کە "گفتوگۆکان بە پلەی یەکەم تیشک دەخەنە سەر دۆسیەی گەرووی هورمز و یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی بەرز، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئەگەریدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، عەبدولناسر هەمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە چوارچێوەی شاندە ئێرانییەکەدا لە دەوحە ئامادەیە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی لایەنە داراییەکانی پەیوەست بە دانوستانەکان.
