
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر كەنداو و کەشتییە مەدەنییەکان پوچەڵکردوەتەوە و لە وەڵامیشدا هێرشیکردوەتە سەر دورگەی "قیشم"ی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردو وڵات لە ناوچەی کەنداو گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ڕوبەڕوی چەندین موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابون، و جەختی کردەوە کە هەمو هێرشەکان لە پێکانی ئامانجەکانیان شکستیان هێناوە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی هەوڵە هێرشبەرییەکانی تاران لە چەند کاتژمێری ڕابردودا، هێرشیانکردوەتە سەر دورگەی "قیشم"ی ئێران.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە کە ئێران موشەکی بالیستیی ئاراستەی چەند وڵاتێکی دراوسێ کردوە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ ئامانجێک بپێکێت. فەرماندەیی ناوەندی ڕونیکردەوە کە دو موشەکی ئێرانی ئاراستەی کوەیت کرابون، بەڵام پێش گەیشتن بە ئامانج کەوتونەتە خوارەوە یان لە کاتی فڕیندا تێکشکاون، بێ ئەوەی هیچ برینداربون یان زیانێکی ڕاگەیەندراویان لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بە بەحرەین، سێنتکۆم جەختیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە هاوکاری هێزەکانی بەحرەین سێ موشەکیان تێکشکاندوە کە ئاراستەی شانشینی بەحرەین کرابون.
هەروەها خستنەخوارەوەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ڕاگەیاند کە ئێران ئاراستەی دەریاوانانی مەدەنی کردبون، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە وەک پاراستنی هێڵەکانی دەریاوانی و کەسانی مەدەنی لە ناوچەکەدا وەسفی کرد.
دەسەڵاتدارانی ئێران تاكو ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێیان لەسەر بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نەداوە، ئەم پەرەسەندنانەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕو لە زیادبونە.
