
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی (ئەی بی سی نیوز)ی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ گەشبینی خۆی پیشانداوە کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز واژۆ بکرێت.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری تاران بە ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی ڕایگەیاندووە، هێشتا وەڵامی پێشنیازی کۆتاییان نەداوەتەوە و گفتوگۆکان لە تاران بەردەوامن، چونکە وڵاتەکەیان دەیەوێت دەستکەوتی بەرجەستە مسۆگەر بکات.
هاوکات، ئەحمەد جەعفەر ئەسەدی، لە فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی پێداگریی واشنتۆن لەسەر خۆبەدەستەوەدانی تاران، گەڕانەوە بۆ شەڕ وەک تاکە بژاردە دەبینرێت.
سەبارەت بە لوبنانیش، دوای ڕاگەیاندنی فەرمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، ترەمپ هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهاتنی هەمیشەیی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
