
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کاپتن تیم هاوکینز لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز هۆکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆیان بۆ سەر باشوری ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هێرشەکەمان بۆ سەر چەند بەلەمێک بووە لە باشوری ئێران".
سێ شەممە، ٢٦ ئایار ٢٠٢٦، کاپتن هاوکینز، هۆکاری هێرشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "هێرشەکان شوێنی هاویشتنی مووشەک و چەند بەلەمێکی ئێرانییمان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی چاندنی مینیان دەدا، جەختی دەکەینەوە لەگەڵ پاراستن و دانبەخۆداگرتن لە ماوەی ئاگربەست، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان".
هەر لەبارەی هێرشەکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کرد، بە میدیا ئەمریکیەکەی وتووە "بەلەمی ئێرانی لە کاتی چاندنی مین لە گەرووی هورمز بینراون، هێزەکانمان وەڵامی بنکەیەکی مووشەکییان داوەتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای کردبووە ئامانج. لە ئەنجامدا، سوپای ئەمریکا هەردوو بەلەمەکەی سوپای پاسدارانی لەناوبردووە و هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی مووشەکی لە بەندەر عەباس".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردەوە، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەندەر عەباس و سیریک و جاسک بیستران.
لەو بارەیەوە ئاژانسی دانشجوی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاویکردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەند پارچە دەریاییەکیان لە باشووری دوورگەی لارک کردووەتە ئامانج و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار کەس کوژراون".
دوورگەی لارک کەوتووەتە نزیک گەرووی هورمز. لە هەفتەکانی رابردوودا واشنتن و تاران یەکتریان بە هەڕەشەکردن لە گەشتی دەریایی و چاندنی مین لەو گەرووە ستراتیژییە تۆمەتبار کردووە.
