
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە لە دەقە نوێیەکەدا، واشنتۆن بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕەزامەندی دەربڕیوە کە لە کاتی دانوستانەکاندا پرسی لادانی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران تاوتوێ بکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەم هەنگاوە، تاران هێشتا پێداگری لەسەر لادانی تەواوی ئەو سزایانە دەکاتەوە کە بەسەریدا سەپێنراون.
ئەم پێشهاتە و لێدوانە دژبەیکانەی نێوان واشنتۆن و تاران لە چوارچێوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و سزایە ئابوورییەکاندا دێت، کە لە دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨دا، وەک یەکێک لە سەرەکیترین خاڵەکانی ناكۆكی نێوان هەردوولا ماوەتەوە.
