
بەشی یەکەم
عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە لە ڕووی دەرامەتی سروشتی و مرۆییەوە. ئەگەر هۆکارە نێودەوڵەتیەکان و دواکەوتوویی سیستەمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و حکومڕانی نەبوایە، دەبوو عێراق و هاوڵاتیانی لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانی جیهان بوونایە. بەڵام با تەماشای ئەو خاڵانەی خوارەوە بکەین و عێراق بەراورد بکەین بە هەر یەک لە ئیسرائیل و فەرەنسا وەک دوو وڵاتی پێشکەوتوو بۆمان دەردەکەوێت عێراق لە کوێی بنەماکانی گەشەپێدانی مرۆییە .
یەکەم: ئاستی گەشەپێدانی مرۆیی
لە عێراق 0.72ە، لە کاتێکدا لە فەرەنسا 0.93 و لە ئیسرائیل 0.92ە. ئەو ژمارەیە هەرچەندە لە یەک نزیکتر بێت باشترە، کەواتە عێراق زۆر لە دوای ئیسرائیل و فەرەنسایە.
دووەم: داهاتی تاکە کەس
لە عێراق لە ساڵی 2025 تەنها 5500 ـ 6000 دۆلار بووە، بەڵام لە ئیسرائیل نزیکەی 56000 دۆلار و لە فەرەنسا 49500 دۆلار بووە.
سێیەم: داهاتی گشتی و خەرجی سەربازی
داهاتی گشتی عێراق نزیکەی 263 تریلیۆن دینار بووە، کە لەو بڕە 18% خەرجی سەربازی و پێداویستییە سەربازییەکان دەبێت. لە کاتێکدا لە ئیسرائیل، کە داهاتی گشتی 607 ملیار دۆلارە و ناکۆکی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەوروبەری هەیە، 12% بودجەکەی بۆ مەبەستە سەربازییەکان تەرخان کراوە.
چوارەم: خەرجی زانستی و تەکنەلۆجیا
لە عێراق تەنها 0.3% بودجەکەی بۆ توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجیا تەرخان کراوە، لە کاتێکدا لە فەرەنسا زیاتر لە 3.2% بودجەکەی، کە زیاترە لە 1.2 تریلیۆن دۆلار، بۆ ئەم بوارە خەرج دەکرێت. لە ئیسرائیل خەرجی توێژینەوەی زانستی دەگاتە 5.5%ی کۆی بودجەی گشتی، واتە زیاتر لە پەنجا ئەوەندەی ئەوەی عێراق خەرج دەکات بۆ توێژینەوەی زانستی، چونکە بودجەی گشتییەکەی زیاترە لە 607 ملیار دۆلار.
پێنجەم: خەرجی تەندروستی
عێراق تەنها 5%ی بودجەی گشتی بۆ تەندروستی تەرخان دەکات، لە کاتێکدا لە فەرەنسا 12% و لە ئیسرائیل 10%ە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ناوەندی تەمەن کردووە. بۆ نموونە، ناوەندی تەمەن لە عێراق 72 ساڵە، لە فەرەنسا 83 ساڵ و لە ئیسرائیل 85 ساڵە.
هەموو ئەم ئاماژانە پێمان دەڵێن کە عێراق، سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی، هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی دایە.
لە بەشەکانی داهاتوودا ئاماژە بە هۆکار و چارەسەرەکانی لاوازییەکانی عێراق لە گەشەپێدانی مرۆیی دەکەین.
بمێنن بە خێر
پڕۆفیسۆر دکتۆر سیروان عارەب سیان
