کاتێک باس لە ڕامانی وشە دەکەین لەنێو دوورگەی ونبووندا، باس لە پرۆسەیەکی فیزیکی یان جوگرافی ناکەین، بەڵکو باس لەو نامۆییە هزری و ئاکارییە دەکەین، کە نووسەری سەربەخۆ لەناو نیشتمانی خۆیدا تێی دەکەوێت. ئەم دوورگەیە، پانتاییەکی داخراوە کە تێیدا مێدیای لایەنگر و دەسەڵاتی ڕامیاری، دیوارێکی ئەستوور لە نێوان  وشەی ڕاستگۆ و گوێی جەماوەردا دروست دەکەن. لەم ژینگەیەدا، وشە چیتر ئامرازی گەیاندن نییە، بەڵکو دەبێتە قوربانییەکی بێدەنگ کە لەسەر سێدارەی بەرژەوەندییە تەسکەکان هەڵدەواسرێت.
ڕامان لەم دوورگەیەدا، جۆرێکە لە خەڵوەتی ناچاری. کاتێک نووسەر دەبینێت سەکۆکانی ڕاگەیاندن بوونەتە دیوەخانی پارتەکان و تەنها جێگەی ئەو دەنگانەی تێدا دەبێتەوە کە ئاوازی ستایش و پیاهەڵدان دەژەنن، ئیتر وشە پەنا دەباتە بەر ڕامان. ئەم ڕامانە پڕە لە پرسیارە قورسەکان؛ چۆن بوو پێنووسەکان کە بڕیار بوو مەشخەڵبن، بوونە داردەستی شاردنەوەی ڕاستییەکان....؟ 
چۆن بوو مێژوویەکی چەندین ساڵە لە تێکۆشان و نووسین، بە تەنها ئاماژەیەکی سێبەرەکان دەخرێتە ناو بازنەی بزربوون و فەرامۆشکردنەوە....؟
دیارنەمان  لێرەدا، مەرگێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە . مێدیای لایەنگر تەنها دژایەتی نووسەر ناکات، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی دەدات. دەیانەوێت نووسەری خاوەن هەڵوێست بگەیەننە لێواری بێهیوایی،هەتا ئەو شوێنەی هەست بکات وشەکانی هیچ بەهایەکیان نییە و کەس نایانبیستێت. بەڵام کارەساتە گەورەکە لێرەدایە: کاتێک مێدیا دەبێتە دوورگەیەکی دابڕاو لە ئازاری خەڵک، خۆی لە ڕاستیدا تووشی لەناوچوون دەبێت. ئەو مێدیایەی وێنەی درۆینەی بارو دۆخ  دەڕازێنێتەوە، لە ناوەوە خەریکی خۆکوشتنی پیشەیی و ڕەفتارییە.
لەم دوورگەیەدا، نووسەر تەنها نییە، بەڵکو لەگەڵ برینە پاکەکانیدا دەژی. ئەو زامانەی کە لە ئەنجامی نە چەمانەوە و سازشنەکردن دروست بوون. کاتێک نووسەرانی ئێستا دەبنە پاشکۆی حیزب و هەڵوێست دەبێتە کاڵایەکی دەگمەن، ڕامانی وشە دەبێتە تاکە چەکی بەرگری. ئەم ڕامانە دەبێتە هێزێک بۆ ئەوەی نووسەر نەکەوێت، بۆ ئەوەی خۆی بەدەستی ئەو دۆخە ناهەموارەوە نەدات ، کە دەیەوێت بیکاتە پارچەیەک لە پاشکۆیەتی.
ئەو پێنووسەی لەناو برینی پاکیدا هەڵواسراوە، هەرچەندە لە ڕووی مادییەوە بێبەشە و مووچە و پشتگیریی نییە، بەڵام لە ڕووی ورەوە پاشایەکی بەشکۆیە لەدورگەی پیرۆزیدا . چونکە مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت: زۆربەی ئەو دەنگانەی ئەمڕۆ لە مێدیا لایەنگرەکاندا دەنگ دەدەنەوە، سبەی وەک کەفێکی سەر چڵپاو  دەتەقنەوە، بەڵام ئەو وشەیەی لە ناو ڕامان و ئازاری دوورگەیەکی ونبوودا لەدایک دەبێت، دەبێتە بەشێک لە ویژدانی زیندووی میللەت.
پێویستە ئەم دوورگەی پشتکوێخستنە تێکبشکێنرێت. وشە بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی. ناکرێت تەمەن و ئەزموون ببنە قوربانیی بڕیاری چەند کەسێک کە مێدیایان کردووەتە موڵکی تاکە کەسی. ڕامانی وشە، بانگەوازێکە بۆ هۆشیاربوونەوە، بۆ ئەوەی بڵێین: پێنووسێک کە بە پاکی مابێتەوە، هیچ سێدارەیەک ناتوانێت کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، چونکە ڕاستی لەناو کاکڵەی بزربوونیشدا هەر دەدرەوشێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا