د. حیکمەت نامیق
جوێندان دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە. لەئێستادا باوە لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی لەناو سۆشیاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی تریش لەنێو پڵاتفۆڕمی تیکتۆکدا. جوێندان بەرهەمی کۆمەڵگاکانی بەر لەمۆدێرنەیە، جگە لەوەی لادەرێکی کۆمەڵایەتییە لەهەمانکاتدا دیاردەیەکی ناپەسەندو بێزراوی کۆمەڵایەتییە دژە لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤبووندا.
کورد بەدرێژایی مێژوو میللەتێکی چەوساوەو بووە لەهەموو ڕووەکانی ژیاندا هەرئەمەشە وای کردووە کارەکتەرێکی تێکشکاوی پڕ کەلێنی هەبێت. ڕەنگە هۆکاری زۆر هەبێت بۆ بەربڵاوی ئەم دیاردە ناپەسەندە ڕەنگە پەیوەندی بەپاڵنەری سیاسی و کاتی بەتاڵ و ویستی نوکتەو گاڵتەو گەپ و پەیداکردنی پارەوە هەبێت، بەڵام دواجار جوێندان کاریگەری نەرێنی دروستدەکات لەناو کۆمەڵگاو پەیوەندییەکاندا. کۆمەڵناسی پێماندەڵێت گەورەترین هۆکار پەیوەندی بە پێکهاتەو پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، یان ڕاستتر ئەو ژینگە خواروخێچەی کە لەسەری پەروەردەبووە. هەڵبەت کە دەڵێم ژینگە تەنیا کورت ناکرێتەوە لەسەر ڕەهەندە کۆمەڵایتییەکەی، بەڵکو سیاسی و نادادیی و نەبوونی یەکسانی و هەموو ئەو ڕەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی کەوا بوونی هەیە. هەرچەند شیکردنەوەی جیاواز هەیە بۆ جوێندان، بەڵام لەڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە جوێندان بە دیاردەیەکی لادەر دادەنرێت لادەرێک پێچەوانەی بەهاو پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕێزو سرووتەکانە. کاتێ مرۆڤ جوێنی کردە وەڵامگۆی بیرکردنەوەی ئەوا لەمرۆڤ دەخرێ و دەبێتە بوونەوەرێکی پاسیڤ وهیچ لەبارانەبوو. ڕۆژانە گەنجانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ناوبانگیەکی ساختە جوێن بەیەکتر دەدەن هەرچی قسەی نەشازە هەڵیدەڕێژن خەریکە نەوەیەکی جوێندەر دروستدەبێت کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی  جووڵە و خواست و کولتووری گەنجانە سەب کولتوور بەمانی لادان و کاری خراپەو جوێندان و سوکایەتی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە داهێنانی جیاوازەوە هەیە خاوەن ناسنامەو بەهای خۆیانن ئەم بەهاو نۆرمانە کاریان بڵاوکردنەوەی جوێن و سوکایەتی نییە، بەڵکو جووڵەو گۆڕانکاریییە. پرسیار ئەوەیە ئەو تووڕەبوونەی کە وا لەکەسێک دەکات بەجوێندان دەری بڕێ نەخۆشە لەڕووی دەروونی وکەسێتییەوە، یان ئەوەتا کەسێکی ئاساییە تەنیا خۆنواندنە بۆ ئەوەی ناوبانگی فەیک بەدەست بێنێت؟ زۆرن ئەو گەنجانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردۆتە سەکۆیەک بۆ ڕشتنی دووبەرەکی سیاسی و و ڕق و کینەی ناوچەگەریی و دروستکردنی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و هتد...  تەنانەت ئەم نەوە جوێندەرە دەستناپارێزن لە مردووەکانیش، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کەوا خاوەن بەهرەو داهێنەرو ناوبانگی هاوسەنگن. 
هەموو ئەمانە پێماندەڵێن نەوەیەک دروستبووە باوەڕی بەهیچ بەهایەکی مرۆڤانە نییە نەوەیەک نییە وەک سەب کولتوور بێت و جووڵەو ئەکتیڤ بێت بەمانای گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کەسایەتی و ئەزموونکردنی مەعریفەو خوێندنەوەو ناسنامەو هتد.. بەڵکو نەوەیەکە لەسەربنەمای جوێندان گۆشکراوە کە ئەمەش ئەو پەڕی شکستی ڕۆڵی باوان و دامەزراوەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵگا  نیشاندەدات لەبارەی زۆربوون وچڕبوونی ئەم دیاردەیە. نەوەی گەنجان ئەرکیان جوێندان و لادانی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئەرکیان گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بونیاتی و سیاسییە.زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانی دنیا لەئەستۆی نەوەی گەنجانە. 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا