​ شۆڕش ئەمین...


​چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی دکتۆر دیاردا تێدەپەڕێت...
چل ڕۆژی بێدەنگ، کە تێیدا غیابی مرۆڤێک دەژمێرین کە ژیانی خۆی کردبووە پردێک بۆ پەڕینەوەی نەخۆشە بێدەرامەتەکان و مەرهەمێک بۆ برینی بریندار و هەژارەکان.
​دکتۆر دیار تەنها ناوی پزیشکێک یان کادێرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو سیمبولی ئەو مرۆڤە پاکە بوو کە لەم سەردەمەدا دەگمەنە. ئەو لەو جۆرە تێکۆشەرانە بوو کە لێنین وەسفی کردووە :
​(پێویستە مرۆڤ هێندە پاک بێت، کە لە کاتی خزمەتکردنی گەلەکەیدا، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی شک نەبات).
​لە جیهانی هاوچەرخی ئێستاماندا، کە نەخۆشیی خۆدەرخستن و پۆپۆلیزم  باڵی بەسەر سیاسەتدا کێشاوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لە نێوان کادێری ڕاستەقینە و کادێری مارکێتین و ​کادێری سۆشیال میدیا، ئەوانەی کە بچووکترین چالاکی و چاکەی ڕۆژانەیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەفرۆشنەوە. زووم و هاوێنەی کامێراکان دەکەنە کەرەستەی ڕیکلام و موزایەدەی سیاسی و شەخسی، تا پێگەی کاتیی خۆیانی پێ گەورە بکەن.
​بەڵام دکتۆر دیار ڕێگایەکی تری هەڵبژارد بوو، ڕێگای دڵسۆزیی بە بێدەنگی. ئەو باوەڕی بەو وتەیەی کارڵ مارکس هەبوو کە دەڵێت: مۆمیاییکردنی ناوەکان بۆ ئەوانە پێویستە کە لە ناوەڕۆکدا خاڵین، بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە لەگەڵ کارەکانیدا دەژی نەک لە گەڵ دروشمەکانیدا.
 خزمەتەکانی ئەو وەک بارانی بەهار  بە بێدەنگی دەباری و زەوییان سەوز دەکرد. بۆیە کاتێک کۆچی دوایی کرد، دڵسۆزی و پاکی و قەبارەی هاوکارییەکانی بۆ خەڵکی دەرکەوتن و پەخش بوون.

​د.دیار نموونەی مرۆڤی لەخۆبوردوو بوو. پێی نابوو بەسەر حەزە زاتی و شەخسییەکانی خۆیدا و تەنها لە پێناو مرۆڤدا تێدەکۆشا. ئەو لە لووتکەی زانست و پلەی سەربازی و پێگەی کۆمەڵایەتیدا بوو، بەڵام هێندە سادە و متواضع بوو، هەمووان وەک کەسێکی ئاسایی نێو خۆیان دەیانبینی.
​ئەم ڕەفتارەی دکتۆر دیار، مرۆڤ بەبیر وتە بەناوبانگەکەی گیڤارا دەهێنێتەوە کە دەڵێت:
​(دەبێت شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بە قووڵی لە گەلەکەیەوە نزیک بێت، هێندە سادە بێت کە نەتوانرێت لە خەڵکی ئاسایی جیا بکرێتەوە).
​دکتۆر دیار هەرگیز منەتی بەسەر کەسدا نەدەکرد و بڕوانامە و پێگەکەی نەکردبووە شانازی، چونکە بڕوای وابوو گەورەیی مرۆڤ لە سادەییەکەیدایە.
​​دکتۆر دیار پێش ئەوەی بچێتە ژێر گڵ، چوبووە نێو دڵ و دەروونی هەموو ئەوانەی کە دەیانناسی. ئەو لە نێو دڵی نەخۆشە هەژارەکاندا و لە نێو ماڵە کەم دەرامەتەکاندا و لە نێو ویژدانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا شوێن پێی خۆی کردبوەوە. 
ئەو سەلماندی کە مێژووی ڕاستەقینە لە فەیسبووک و شاشەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو لە ویژدانی هەژار و گیرفان بەتاڵەکاندا هەڵدەگیرێت. وەک چۆن ڕۆزا لوکسەمبۆرگ دەڵێت:
​(ئەوانەی بۆ مێژوو دەژین، لە بێدەنگیدا گەورەترین زریان دروست دەکەن).
​لە چلەی ماتەمینییەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی دادەنەوێنم. دکتۆر دیار جەستەی کۆچی کردووە، بەڵام ڕێبازە مرۆییەکەی، سادەییەکەی، و ناوی پاکی وەک قوتابخانەیەک بۆ کادێری ڕاستەقینەی ناو گەل بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
​ڕۆحت شاد و یادت هەمیشە بەخێر، ئەی نموونەی بەرزی مرۆڤ.

 

May be an image of street

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا