
د. کامەران محەمەد
تێبینی: بەکارهێنانی وشەی (ناڕەسەن) لەم وتارەدا وەک زاراوەیەکی زانستی و فیکرییە و مەبەست لێی ئەو مۆدێلانەیە کە هەڵقوڵاوی مێژوو و کەلتوور و جوگرافیای (ڕەسەن)ی ئێمە نین، لێرەدا وشەکە تەنها ئامرازی شیکارییە بۆ جیاکردنەوە لە چەمکی (ڕەسەنایەتی) و بە هیچ جۆرێک وەک جنێو یان سوکایەتی بەکارنەهێنراوە.
ئەی ئەوانەی بە ڕیز وەستاون بۆ ئەوەی بلیتی بەهەشت لەو بوونەوەرانە بکڕن کە بەشێوە لە مرۆڤ دەچن، بەڵام لە جەنگەڵەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین. چۆن دەبێت خودایەک کە بەدیهێنەری کونە ڕەشەکان و گەلەستێرەکان بێت، کەچی جەلالەت و باڵاێتی خۆی لە فەتواکانی نەخۆشێکی دەروونیدا کورت بکاتەوە کە وتارەکەی بە باسی سزای ناو گۆڕ و دواڕۆژ دەست پێ دەکات و بە نیکاحی میسیار و سەرجێیی لەگەڵ (مردووان!) کۆتایی پێ دەهێنێت؟
ئەمە بێماناترین کۆمیدیای خوداییە! خودا، بەپێی تێگەیشتنی مەلای ناڕەسەن، پێویستی بە فیزیازان و فەیلەسوفان نییە، بەڵکو پێویستی بە سەگێکی پاسەوانە کە عابایەک لەخۆیەوە بپێچێت و زمانێکی هەبێت جنێوی لێ ببارێت و عەقڵێک کە تەنها بیر لە نیوەی خوارەوەی جەستە بکاتەوە. پێمان دەڵێن ئەوان سێبەری خودان، ئەگەر سێبەرەکە لێوانلێو بێت لەم هەموو گرێ و سادیزم و شەهوەتە ئاژەڵییە، با پیرۆزبایی دۆزەخ لە ئەهلەکەی بکەین و ئێمەش بەرەو عەدەم کۆچ بکەین!
ئای جەهل! بەدرێژایی مێژوو لە جوگرافیاکەی ئێمەدا ئەو تاکە کاڵایە بووە کە هەرگیز بازاڕی نەشکاوە. هەر بۆیە مەلای ناڕەسەن پێویستی بەوە نییە بەدوای حەقیقەتدا بگەڕێت، چونکە حەقیقەت مووچەی پێنادات، ئەو بە دوای پاشەڵی ستەمکارانەوەیە تا ئەوەی لێیان بەردەبێتەوە، هەڵیبگرێتەوە و بە دوای گیرفانی هەژارەکانەوەیە تا تاڵانی بکات. کاتێک دزە گەورەکانی دەسەڵات گەلێک برسی دەکەن و قوتی خەڵکی دەدزن، ئەم مەلایە ناچێتە ناو کۆشکی حاکم تا وشە ڕاستەکان بدرکێنێت، بەڵکو وەک لەشفرۆشێکی پیر کە خەریکی دوا سەمایەتی، دەچێتە سەر مینبەر و بە فرمێسکی خوازراوەوە بە قوربانییەکان دەڵێت: ئەی برسییەکان، ڕیخۆڵە بەتاڵەکانتان بلیتی چوونە ژوورەوەتانە بۆ بەهەشت! لەسەر ستەمکاری وەلی ئەمرەکەتان -فەرمانڕەواکەتان- ئارام بگرن، چونکە ڕاپەڕین دژی ئەو دەرچوونە لە فەرمان و کاری شەیتانە، نەوت و شکۆتان بۆ ئەو جێبهێڵن و ئێوە تەنها نزا بکەن!
چ شووشتنەوەیەکی مێشکە! ئایین لێرەدا دەبێتە دەرزی بێهۆشکەر کە ڕێگە بە جەلاد دەدات قوربانییەکەی پارەپارە بکات، بەبێ ئەوەی نوزەی لێوەبێت. ئەمە لەکاتێکدا مێژووی کوردەواری پڕە لە نموونەی درەوشاوەی مەلایەتی ڕەسەن، مەلای گەورەی کۆیە کە داکۆکیکاری خوێندنی کچان بوو و شێخ محەمەدی خاڵ کە مەعریفەی کردە ناسنامە و مەلا محەمەدی ڕەبیعی کە خوێنی خۆی کردە قوربانیی خاک. واتە مەلا ڕەسەنەکانمان میحرابەکانیان کردبووە مینبەری هۆشیاریی، بەڵام ئەم مەلا ناڕەسەنانەی ئێستا تەنها خانەی شێرپەنجەیین لە جەستەی کەلتووردا، بوونەوەر گەلێکن لەسەر خوێنی قوربانییەکان دەژین و ستایشی ستەمکاریی دەکەن.
وەرن با دوا گەڵای مێو لەسەر عەورەتی ئەم فیکرە دابماڵین. ئەم شێخە پیرۆزکراوە کە قژ و ڕیشی ڕەش کردووەتەوە، وەک ئەوەی سونەتی موەئەکەدە بێت، لە هاوارکردن دژی ڕۆحی سەردەم و ئازادی و زانکۆ و جوانناسی و خۆ ڕازاندنەوە و ڕێکپۆشی فێرخوازان و پسپۆڕییە زانستییەکان و ناونانی هەموو ئەمانەش بە هیچوپوچی، لە پشت پەردەوە دەبێتە گورگێکی برسی. هەر کە منداڵێک یان کچێکی هەژدە ساڵانی هەژار دەبینێت، یەکسەر غەریزە کەبتکراوەکانی دەجوڵێن و وەحی بۆ دادەبەزێت تا ناوی پێدۆفیلیا و لەشفرۆشیی پەردەپۆشکراو بۆ نیکاحی .... موبارەک بگۆڕێت!
ئەگەر ئێستا سیگمۆند فرۆید زیندوو بووایە، وازی لە زانستەکەی دەهێنا، چونکە مەلای ناڕەسەن پێش هەموو تیۆرییەکانی کەبتی سێکسی کەوتووە. ئەوان تەواوی دەسەڵاتی خودا و ئەستێرە و موعجیزەکانی لە گەردووندا نابینن، بەڵکو هەموو گەردوون لای ئەوان لە جەستەی ژن و عەورەتەکەیدا کورت بووەتەوە. ئەوان بەدیهێنەر ناپەرستن، بەڵکو نێرینەییە نەخۆشەکەی خۆیان دەپەرستن کە بە ئایەتە دابەزیوەکان دایانپۆشیوە. ژن لای ئەوان مرۆڤ نییە، بەڵکو ئامرازی بەکاربردن و کێڵگەی تاقیکردنەوەی شەهوەتی (پیرەمێردێکی هەرزە)یە! کە بەرەو گۆڕستان دەڕوات و هێشتا خەون بە حۆریی عەینەوە دەبینێت!
مەلای ناڕەسەن وا دەزانێت تەنها لەبەر ئەوەی چەند دەقێکی زەردی کۆنی لەبەر کردووە، مافی ئەوەی هەیە ببێتە دەرگاوانی بەهەشت و پێشەنگی مردووان. هەربۆیە بلیتی لێخۆشبوون دەبەخشێتەوە و کێی بوێت کافری دەکات، ئەوەش بەپێی ئەوەی سوڵتان چەندی پێ دەدات یان میزاجی بەیانیانی چۆنە. لێرەدا وتە مێژووییەکەی (کاک ئەحمەدی موفتی زادە) وەک زلەیەک ڕامان دەچڵەکێنێت، کاتێک گوتی: سەرم سوڕ دەمێنێت لەگەڵ بوونی ئەم هەموو مەلایەدا، چۆن هێشتا ئیسلام هەر ماوە! ئەمە گەورەترین دانپێدانانە بەوەی کە بەشێکی بەرچاوی مەلاکانی ئێستا نەک هەر پارێزەری ئایین نین، بەڵکو زۆرجار گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر جەوهەری ئایین و مرۆییبوون و کوردبوون. واتە مانەوەی هەر فیکرەیەک بە زیندوویی سەرەڕای بوونی ئەم دەڵاڵ و بازرگانانە، تاکە موعجیزەیەکە لەم ڕۆژهەڵاتە پڕ لە مەینەتییەدا. بۆیە ئەوان هەڕەشەی ڕاستەقینە و دوژمنی هەموو شتێکی مرۆیی و جوانن.
بۆیە دەبێت پەی بەو ڕاستییە ببەین کە مەلای ناڕەسەن هیچ هێزێکی جادوویی نییە، بەڵکو هێزەکەی لە ترس و جەهلی زۆرینەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بوونەوەرێکی کارتۆنییە، لەسەر پیرۆزکردنی کوێرانەی خەڵکی دەژی. کاتێکیش لەسەر مینبەر هاوار و هەڕەشەی ئاگری جەهەنەم دەکات، تەنها لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤەکان بیریان کردووەتەوە، هەتا نەچەمێننەوە، چونکە ئەو خوازیاری ئەوەیە بە ڕوویدا پێبکەنن هەتا دەگری!
دەبێت ئەو ڕاستییە بنەڕەتییە بزانین کە خودا پێویستی بە دەڵاڵ نییە بەرگری لێ بکات و پێویستی بە سادیست نییە بە ناوی ئەوەوە جەڵد لە بەندەکانی بدات. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم کەرنەڤاڵە قێزەونە بێت. وەک ڤۆڵتێر لە کۆتایی کاندیددا گوتی: با بەس بێت گوێگرتن لە خورافاتی ئەم دەجالانە، با بڕۆین باخچەکەی خۆمان بکێڵین و ئەمڕۆ ئەمەشی بۆ زیاد دەکەین: مەلا ناڕەسەنەکان لە ژووری نوستنەکانیاندا جێبهێڵن تا ژنەکانیان بژمێرن و ئێوە بڕۆن نیشتمانێک بە کەرامەت و عەقڵ بونیاد بنێن، چونکە زەوی پێویستی بە گوڵەگەنم و تاقیگەیە، نەک بە فەتوای مەلای ناڕەسەن دەربارەی حەیز و زەیستانی و بازرگانیی وەهم!
