
لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
مامۆستاو هونەرمەندو نووسەر زاهیر محەمەد کۆیی
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ مامۆستاو هونەرمەندو پەرلەمانتاری خانەنشین زاهیر محەمەد کۆیی ، تەمەنێکی زۆری لە بوارەکانی پەروەردەو هونەرو نووسین و کوردایەتی بردۆتەسەر.
ــ لە ساڵی۱۹۳۹ لە شاری کۆیە لەدایک بووە.
ــ لە ساڵی۱۹٥٦ قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە قوتابخانەی ئولای کۆیە تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی۱۹٥۹ قۆناغی ناوەندی هەر لە کۆیە تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی۱۹٦۲ بەشی مۆسیقای ڕۆژئاوایی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی(۱۹٦۲-۱۹٦۳) لە شاری کوت لە باشووری عیراق بە مامۆستا دامەزراوە، لە قوتابخانەی عەبدولکەریم قاسم دەستبەکاربووە. بەڵام لە هەمان ڕۆژی دەستبەکاربوونی تەنسیبکراوە بۆ چالاکی قوتابخانەکان بۆ گوتنەوەی وانەی هونەر بە تایبەتی سروودو مۆسیقا لە گشت قوتابخانەکانی شاری کوت. ئێورانیش ڕاهێنانی مۆسیقای بە کۆمەڵێک قوتابی لەسەر ئامێرە جۆربەجۆرەکانی مۆسیقا ئەنجامداوە.
ــ لە ناوەڕاستی شەستەکان گەڕێنراوەتەوە بۆ شاری کۆیە و دوا قوتابخانەی لە کۆیە (زانستی کوڕان)بوو. دواتر گوازراوەتەوە بۆ ناوشاری هەولێر و لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری۱۹۹۱ و هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان، مامۆستا زاهیر بۆتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لێژنەی پەروەردەی پەرلەمان بوو.
٭ کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و هونەری و ڕۆشنبیری:
ــ مامۆستا زاهیر لە سەرەتادا هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی بووە، لە ساڵی۱۹٦۱ یەکەم نووسینی لە ڕۆژنامەی ئازادی بڵاوکردۆتەوە.
ــ دواتر مامۆستا بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆتە ئەندام ناوچەی پارتی لە کۆیە.
ــ مامۆستا ئەندامی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو لە ساڵی۱۹۹۲ لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ــ لە ناوەڕاستی شەستەکاندا لە کۆیە لەگەل دەستەیەک هونەرمەند تیپی مۆسیقای (باواجی)یان دامەزراندووە.
ــ زیاتر لە ۱٥۰ ئاوازی جۆراوجۆری داناوە کە هەندێکیان تۆمارو بڵاوکراونەتەوە و زۆربەشیان لە دووتوێی پەراودا نووسراونەتەوە.
٭ بەرهەمە چاپکراوەکانی:
ــ ڕەنگاوڕەنگ،سروودو مۆسیقا،بە یارمەتی نەقابەی مامۆستایان چاپکراوە،۱۹۷۰.
ــ ڕاستییەک دەربارەی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە،چاپی یەکەم ،هەولێر۱۹۷٥ .
ــ هونەری ڕەوانبێژی،لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری،هەولێر۲۰۰٦ .
ــ ئاشنا ئەو شاعیرەی خۆی و شیعرەکانی تیرۆر کران ،نووسین و کۆکردنەوە ،هەولێر۲۰۰۷ .
ــ کۆمەڵێک بابەتی بە پێز پێویستە هەموو ڕۆشنبیران بیزانن،وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، و. ڕۆشنبیری،۲۰۰۸ .
ــ بنەماکانی فێربوونی مۆسیقا ، وەرگێڕان،لە بڵاوکراوەکانی دەزگای وەرگێڕان، هەولێر ۲۰۰۹ .
٭ مامۆستا زاهیر دووجار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، یەکەمین هاوژینی لە ساڵی۱۹٦٤ كۆچی دوایی کردووە.دووەمجار لە ساڵی۱۹٦۸ ژنی هێناوەتەوە ،سێ کوڕیان هەیە هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژیان بۆ دەخوازین.
هیوای بەرهەمی زیاتر و تەمەن درێژی بۆ مامۆستای هونەرمەند دەخوازین.
سەرچاوە:
ــ عەبدولرەحمان مەعروف،ئینسایکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر،بەرگی دووەم،ل۹٥۹.
ــ ئەرشیفی تایبەتی خۆم.